یەمەن بە دەست قەیرانی مرۆییەوە دەناڵێنێت، ژنان و منداڵان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە

ژنانی ئاوارە لە یەمەن ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی گەورە دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی زاوزێ، ئەمەش ژیانی زیاتر لە ٥ ملیۆن ژن دەخاتە مەترسییەوە.

یەمەن

 

یەمەن بە دەست قەیرانێکی مرۆیی خنکێنەر دەناڵێنێت و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژنان و منداڵان هەیە لە وڵاتەکەدا، دوای ئەوەی ژمارەی ئاوارەکان گەیشتە چوار ملیۆن کەس، ژنان و منداڵان ٨٠٪ی پێکدەهێنن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو ئازارانەیە کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

ژنانی ئاوارە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی زاوزێ لە یەمەن، کە بۆ چەند ساڵێکە سێبەری جەنگێک هەیە.

 

نزیکەی ٥ ملیۆن و ٥٠٠ ژن ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی زاوزێکردن، لە هەر ١٠ لەدایکبوون چواریان بەبێ یارمەتی مامانێکی شارەزا ڕوودەدات، یەک ملیۆن ژنی یەمەنی لەوانەیە لەمساڵدا تووشی ئاڵۆزی سکپڕی ببن، لە کاتێکدا ملیۆنێک ژنی دیکە لە مەترسی دووگیانی نەخوازراودان.

 

ئامارەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە ڕێژەی گیان لەدەستدانی دایکان لە یەمەن بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرزە، هەموو دوو کاتژمێر جارێک ژنێک لە کاتی دووگیانی یان منداڵبووندا گیان لەدەستدەدات، ئەم گیان لەدەستدانانە ڕەنگدانەوەی کێشەی ژنانە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکانی زاوزێی.

 

لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئەم ئازارانە، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە یەمەن لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا خزمەتگوزاری تەندروستی و پاراستنی زاوزێی بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن ژن دابین کردووە، بەهۆی نەبوونی شوێنی گشتی و شوێنی نیشتەجێبوونی پێویست، ١٩٣ هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ لەو کۆمەڵگەیەدا مەترسی گیان لەدەستدانیان لەسەرە بەهۆی بەدخۆراکی و نەخۆشی و هەڵامەت و نەبوونی خزمەتگوزاری چاودێری.

 

ڕوون و ئاشکرایە قەیرانی مرۆیی لە یەمەن بەردەوامە بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی وڵاتەکەوە، ئەمەش پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان و دابینکردنی پشتیوانی پێویست بۆ ژنان و منداڵانی یەمەنی، چونکە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین.