منداڵان دەبێت ئاشنابکرێن بە خواردنە تەندروستەکان

دایکان و باوکان بە پێدانی ڕێنمای و ئاشناکردنیان بە خواردنە تەندروستەکان، پاڵپشتی منداڵەکانیان دەکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە خواردنە زیانبەخشەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

بڵاوبوونەوەی خواردنی نا تەندروست لە منداڵان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، وەک دایک و باوک، چاودێران و کۆمەڵگە بەگشتی زۆر گرنگە کە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئەم پەیوەندییە ناتەندروستە لەگەڵ خۆراکە پرۆسێس کراوەکاندا لەبەرچاو بگرن.

 

کۆنتڕۆڵکردنی ئالوودەبوون بە خواردنی نا تەندروست لە تەمەنێکی بچووکەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی منداڵان و باشبوونی دەروونی و گەشەکردنی گشتییان دەبێت، هەر بۆیە گەشەدان بە خووی خواردنی تەندروست یارمەتی سەلامەتی جەستەیی و دەروونیان لە داهاتوو دەدات.

 

چەند ئامۆژگاریەک لەلایەن پسپۆڕانەوە پێشنیارکراون کە یارمەتی منداڵان دەدات بۆ زاڵبوون بەسەر ئالوودەبوون.

 

 کاتێک منداڵان خووی خواردنی نا تەندروستیان هەیە، پێویستە لەسەر دایک و باوکان شەڕیان لەگەڵ نەکەن بەڵکو زیانەکانیان بۆ ڕوونبکەنەوە و تێیان بگەیەنن کە زیان لە ددانەکانیان دەدات، کێشیان زیاد دەکات، هەمیشە گەدەیان تێکدەچێت و وایان لێدەکات هەست بە بێهێزی و ماندوویەتی بکەن.

 

گۆڕینی خواردنە نا تەندروستەکان بۆ تەندروست هاوکاری دایکان و باوکان دەکات، بۆ نموونە کاتێک منداڵێک داوای خواردن یان خواردنەوەیەکی نا تەندروست دەکات دەبێت ڕێنمای بکرێن و لەجیاتی ئەوە ئاشنایان بکەن بە خواردنەوەیەکی جێگرەوەی تەندروست.

 

بەشداریکردنی منداڵان لە ئامادەکردنی خواردن ئاشنایان دەکات بە پێکهاتەی خواردنە تەندروستەکان، بۆ ئەمەش ئەرکە بچووکەکانی چێشتخانەیان پێبدەن، دەتوانرێت لە کاتی ئامادەکردنی نانی بەیانی داوا لە مناڵەکان بکەن کەرەستەی خواردنەکان دابنێن، ئەمەش منداڵەکان دڵخۆش دەکات و سەرنجیان بۆ خواردنی تەندروست ڕادەکێشێت.

 

ئەگەر منداڵێک توانای خوێندنەوە و نووسینی هەبێت، دەکرێت داوای لێبکرێت لیستی نانی بەیانی ئامادە بکات، ئەرکی دۆزینەوەی بژاردەی تەندروست و زیادکردنی بۆ هێڵکارییەکە پێبدرێت، هەروەها ئەگەر بۆ ماوەی تەواوی هەفتەکە پەیڕەوی کرد دواتر وەک هاندانێک خەڵات بکرێت، بەهۆیەوە منداڵان زیاتر بیر لە مانەوەی تەندروست دەکەنەوە.