بارودۆخی ئەفغانستان کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی ژنان کردووە

خراپی بارودۆخی ژیان لە ئەفغانستان کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی هەیە و زۆربەی ئەو کەسانەی ڕوو لە ناوەندەکانی چارەسەری دەروونی دەکەن، کچان و ژنانی گەنجن کە مافی خوێندنیان لێ زەوت کراوە و هەژار بوون.

بەهاران لاهیب

 

کابول - خراپی بارودۆخی ژیان لە ئەفغانستان، چ لەژێر کۆنترۆڵی تاڵیبان و چ پێشتر، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی خەڵک کردووە، بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستی ساڵی ٢٠١٧، لە هەر دوو هاوڵاتی ئەفغانی یەکێکیان ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی دەبێتەوە، ٧٥٠ سەنتەری چارەسەری دەروونی لە ١٦ شاردا هەیە، ئەمەش لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی کێشەی دەروونی دەبنەوە، دەوترێت ژمارەی سەنتەرەکان کەمە.

 

"ژمارەی تووشبووان زیادی کرد، بەڵام ژمارەی سەنتەرەکانی چارەسەری دەروونی سنووردار مایەوە"

س.و. سەرۆکی سەنتەری چارەسەری دەروونی، کە لە پێش ئیدارەی تاڵیبانەوە لە کابول کاردەکات، ئاماژەی بەوەکرد، زۆر نەخۆش هەن کە بەدوای پاڵپشتی دەروونیدا دەگەڕێن، زۆربەی نەخۆشەکانیش ژنن، وتیشی: ژمارەی تووشبووان زیادی کردووە، بەڵام سەنتەرەکانی چارەسەری دەروونی سنووردار مانەوە، چونکە زۆربەی ئەو سەنتەرانە بەهۆی هەڕەشەی ئەمنی و کێشەی داراییەوە داخران، ئەم سەنتەرانە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە بەردەوامن لە خزمەتەکانیان، زۆربەی نەخۆشەکان ژنانی گەنج و ژنن، ئەو گەنجانەی لە قوتابخانە و زانکۆ بێبەشن، ئەو کچانەی لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن و منداڵیان هەیە، شەو و ڕۆژ لەگەڵ هەژاریدا خەبات دەکەن، دۆخی ئەفغانستانیش ڕووبەڕووی نەخۆشی دەروونیان دەکاتەوە.

 

"دوای دانیشتنەکان هەستم بە باشتربوون کرد"

لەیلا فروغ، کە بەهۆی کێشەی دەروونییەوە پاڵپشتی لە سەنتەری چارەسەری دەروونی وەرگرتووە، دەڵێت: مافی خوێندنم لێسەندراوەتەوە و شەو و ڕۆژ سەرقاڵی کاری ماڵەوەم، ئەو نادادپەروەرییانەی کە تووشی بووم، نەخۆشی خستم، هاوڕێیەکم هانی دام بێمە ئەم سەنتەرانە و دوای چەند مانگێک لە دانیشتنەکان، بارودۆخم باشتر بوو.