منداڵبوون لەنێوان نەشتەرگەری و سروشتیدا
بە پێێ ئامارەکانی لەدایک بوون لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی سلێمانی بە تەنها لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ دا هەزار و ١١٣ منداڵ لەدایك بوون و ٧٠٩ منداڵ بەشێوەی سروشتی و ٤٠٤ منداڵ لەڕێگەی نەشتەرگەری لەدایك بوون، بەڵام لەنەخۆشانە تایبەتەکانی شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٩دا لە کۆی هەزار و ٢٢٩ لە دایک بووندا ٨٩٣ منداڵ بە ڕێگەی نەشتەرگەری هاتوونە دنیاوە. ناوەندی هەواڵ
بە پێێ ئامارەکانی لەدایک بوون لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی سلێمانی بە تەنها لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ دا هەزار و ١١٣ منداڵ لەدایك بوون و ٧٠٩ منداڵ بەشێوەی سروشتی و ٤٠٤ منداڵ لەڕێگەی نەشتەرگەری لەدایك بوون، بەڵام لەنەخۆشانە تایبەتەکانی شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٩دا لە کۆی هەزار و ٢٢٩ لە دایک بووندا ٨٩٣ منداڵ بە ڕێگەی نەشتەرگەری هاتوونە دنیاوە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێێ ئامارەکارەکانی لە دایک بوون تا دێت ڕێژەی منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری ڕوو لە زیاد بوون دەکات، لە ساڵی ٢٠١٧ دا لە کۆی ٦ هەزار و ٤١٥ لە دایک بوون ٥ هەزار و ٦٨٣ منداڵ بە ڕێگەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا هاتوونەتە دنیاوە، لە ٢٠١٨دا لە کۆی ١٠ هەزار و ١٢٤ منداڵ ٨ هەزار و ٦٦٧ منداڵیان بە ڕێگەی نەشتەرگەری لە دایک بوون، بە تەنها لە ٦ مانگی ٢٠١٩ دا لە کۆی هەزار و ٢٢٩ منداڵ ٨٩٣ یان بە ڕێگەی نەشتەرگەری بوون.
لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاری لەساڵی ٢٠٢٠دا ١٤٨ هەزار منداڵ لەدایکبوون لە کاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ دا هەزارو ١١٣منداڵ لەدایك بوون کە ٥٧٢ یان كچ بوون و٥٤١ منداڵیان كوڕ بوون، ٧٠٩ منداڵ بەشێوەی سروشتی و ٤٠٤ منداڵ لەڕێگەی نەشتەرگەری لەدایك بوون.
پزیشکێک لەو بارەیە دەڵێت: "زۆرترین ڕێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری لە نەخۆشانە تایبەتەکانە و زۆری ئەم ڕێژەیە دەگەڕێتەوە بۆ خواستی خودی دایکان، هەندێک لە ژنانیش هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ خراپی مامەڵەی کارمەند و پزیشکانی تەندروستی لە نەخۆشخانە حکومیەکاندا و هەندێکی دیکەشیان پێیان وایە شیوازی ژیانی ئێستا هۆکاری زۆربوونی نەشتەرگەریە".
لە بەدواداچونەکانی نوژنها بۆ ئەم پرسەی دایکان سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبوونمان کرد بۆ خستنەڕووی هۆکارەکانی زۆربوونی ڕێژەی منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری و زیانەکانی، لەو بارەیەوە شلێر فایەق پزیشک و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون ئاماژەی بەوەکرد کە هاوسەرگیری کردن لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە ڕوو لە زیابوونە و پڕوپاگەندەکانی ناو سۆشیال میدیا و بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەی تایبەت هۆکارەکانی زیاد بوونی ڕێژەی منداڵبوونن بە ڕێگەی نەشتەرگەری، پێشی وایە لە هەر وڵاتێکدا ڕێژەی نەشتەرگەری زیاد بوو ئەوا کارەساتێکی تەندروستییە، بەتایبەت بۆمنداڵبوون کە پڕۆسەیەکی بەردەوامە.
ئەو ڕێکارانەی گیراونەتە بەر بۆ زیادبوونی لە دایکبوونی سروشتی
سەبارەت بەو ڕێکارانەی گیراونەتە بەر بۆ کەمکردنەوەی نەشتەرگەری منداڵبوون بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون دەڵێت:" لە ئێستادا گازی "ئۆنتۆنۆکس"مان هەیە بەکاری دەهێنین بۆ دایکان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری منداڵبوون و هێورکردنەوەیان"، ئاماژەی بەوەشدا لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە لەگەڵ نەخۆشخانە تایبەتەکان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو هاوسەرانەی بە خواستی خۆیان بڕیاری نەشتەرگەریان داوە.
دەشڵێت: " ئێمە ڕێگری ناکەین لە هەڵبژاردنەکانیان بەڵام زیانەکانی نەشتەرگەری و ئاکامەکانیان بۆ ڕوون دەکەینەوە، دڵنیای دەدەم لە ئێستادا هیچ پزیشک و کارمەندێک ناتوانێت مامەڵەی نەشیاو لە گەڵ نەخۆشەکان بکات".
جگە لە ترسی دایکان لە منداڵبوونی سروشتی زۆرجار هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ نەشیاوی مامەڵە کردنی پزیشک و کارمەندان لەگەڵیان لە نەخۆشخانە حوکمیەکان، د.شلێر فایەق ئەو دەنگۆیەی ڕەتکردەوە و ڕوونیکردەوە: "لە ئێستادا هاوڵاتیان کەسایەتیان گۆڕاوە هیچ شتێک قبوڵ ناکەن، بۆیە دڵنیای دەدەم پزیشکان و کارمەندانیش بە هیچ جۆرێک ناتوانن مامەڵەی نەشیاو بکەن."
زیانەکانی منداڵبوون بەڕێگەی نەشتەرگەری
مەینی خوێن و توشبوون بە جەڵتە، خوێن بەربوون، هەستیاری وەرگرتنی بێهۆشکاری، پێکەوە لکانی منداڵدان بە دیواری میزەڵدانەوە یاخود لەگەڵ ڕیخۆڵەکان کە دەبێتە هۆی بریندار بوونی ئۆرگانەکانی ناو سک، ئەو زیانانەی ئەگەری ڕوودانی هەیە لەکاتی نەشتەرگەریدا، لە ڕووی دەرونیشەوە زیانی دەبێت کاتێک لە یەکەم ساتی لەدایک بوونەوە منداڵ ودایکەکە لەیەک جیا دەکرێنەوە و ناتوانێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ شیربدات بە منداڵەکە، پاش نەشتەرگەری و دووبارە دووگیانبوونی دایکان ئەگەری هەیە وێڵاشی منداڵەکە لە سەرەتاوە دەرکەوێت، زۆرجاریش دەبێتە هۆی دەرهێنانی منداڵدانی ژنان.
ئەو هۆکارە سروشتیانەی بە ناچاری دایکان دەبەنە هۆڵەکانی نەشتەرگەریەوە
تێبین جیهان سەرۆکی بەشی پەرستاران لە نەخۆشخانەی منداڵبوون، ئاماژەی بە هەندێک لەو هۆکارانە دا کە بارودۆخی کتوپڕن و پێویستە نەشتەرگەری بکرێن و وتی: "ئەو دایکانەی منداڵەکانیان سوارە، ئەو منداڵەنەی خۆیان پیس دەکەن لە سکی دایکدا، ئەو دایکانەی دووگیانیەکەیان بە دووانە و سیانەیە، ئەو منداڵانەی لە سکی دایکیاندا لێدانی دڵیان تێک دەچێت، لەو بارودۆخانەن بە ناچاری پێویستە ببرێنە هۆڵەکانی نەشتەرگەریەوە."
مەرزیە فایەق ژنێکی تەمەن مامناوەندە کە چەند منداڵێکی بووە وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات هەموویان بە ڕێگەی سروشتی لە ماڵەوە لە دایک بوون تەنها یەکێکیان لە نەخۆشخانە لە دایک بووە، ئەم دایکە پێشی وایە ژنانی ئێستا کەم دەجوڵێن لەبەر ئەو هۆیەیە کە لە ئێستادا نەشتەرگەری زۆر بووە.
هەرێز محەمەد لە مانگەکانی کۆتایی دووگیانیدایە لە نەخۆشخانەی منداڵبوون پشکنینی مانگانەی دەکرد بەم شێوەیە بۆ ئاژانسەکەمان دوا: " من دەمەوێت بە سروشتی منداڵەکەم لە دایک ببێت، چونکە نەشتەرگەری زیانی لاوەکی زۆرە و لە دوایدا زیانەکانی لەسەر جەستەی دایکەکە دەردەکەوێت".