لە کاتی خۆڵبارین دەبێت هاوڵاتیان ڕێکارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر

بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاوکراوەیەک سەبارەت بە مەترسییەکانی خۆڵبارین لەگەڵ ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ هاوڵاتیان بڵاودەکاتەوە تا بە دوور بن لە تووشبوونیان بە کێشەی تەندورستی.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە و کێشەی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان درووستکردووە، بەتایبەتی هەڵمژینی خۆڵ و تۆز بۆ ئەو کەسانەی کێشەی هەناسەتەنگییان هەیە.

 

ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکە باس لە کاریگەرییەکانی خۆڵبارین دەکات بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، لەگەڵ ئەو ڕێکار و خۆپارێزییانەی کە پێویستە هاوڵاتیان بیگرنەبەر لە دەرەوە و لە ماڵەوە بۆئەوەی بە دووربن لە زیانەکان.

 

خۆڵبارین لە چەندین ڕوەوە کاریگەری دەکاتە سەر تەندروستی هاوڵاتیان

١- دەبێتە ھۆی ھەستیاری و وا دەکات پێڵووی چاوەکان سورببنەوە و توشی خوران ببن.

٢- ھەستیاری لوت و بەتایبەت تر ناوپۆشی لوت سور دەبێتەوە تووشی ھەوکردن دەبێتەوە بەمەش گیرانی لوت دروست دەبێت و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.

 ٣- فشاری خوێن و خوێن بەربوون و ھەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست زۆر جار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و ئەوەش کاریگەری دروست دەکات لەسەر ئەو کەسانە.

٤- ئەو کەسانەی تەنگە نەفەسن و ڕەبۆیان ھەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە حاڵەت و نیشانەکانیان زیاد دەکات

٥- زۆر جار دەبێتەھۆی خورانی پێست و سوربوونەوە و نەخۆشی ئێکزیما.

٦- کاریگەری لەسەر کۆئەندامی ھەناسەدان و سییەکان دروست دەکات و بەمەش کەسەکە تووشی کۆکە و پژمین و ناڕەحەتی زۆر دەبێت چونکە ئەو دەنکۆڵانە ھەڵگری میکرۆب و بەکتریان.

 

 چەندین ڕێگای خۆپارێزی ھەیە کە پێویستە ھاوڵاتیان پابەندی چەند ڕێنمایی بن لە ماڵەوە

١- داخستنی دەرگا و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.

٢- لە کاتی چونە دەرەوە دەمامک ببەسترێت و ڕوو پۆشی خۆت و شوێنی مانەوە بکەی بەبەردەوامی.

. ٣- دەرگا و پەنجەرە دابخە ئەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت مەچۆ دەرەوە

٤- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بەتایبەت لەکاتی شۆفێری و چونە دەرەوە ھەوڵبدرێت ھەوای ناو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە

٥- خواردنی میوە و سەوزە بەبەردەوامی.

٦- تێکەڵ نەبوونی ھاوڵاتیان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە کە لە ئێستادا لەلایەن ھاوڵاتیانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات.

٧- لە کاتی بوونی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو ھاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە ۱۲۲ بکەن.