هەوکردنی پەردەی مێشک و نیشانەکانی چین؟

هەوکردنی پەردەی مێشک لەناو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجەدا بڵاوبووەتەوەو هۆشداری دەدرێتە دایکان و باوکان.

 

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لەناو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجە بڵاوبووەتەوەو ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان داخڵی نەخۆشخانە کراون و چارەسەری پێویست وەردەگرن.

پزیشک پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵان لە سلێمانی پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک لە بارەی هۆکارەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک نوسیوویەتی، هۆکارەکانی لەوانەیه بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە، دەرمان، یان پاڕاسایت بێت، هەوکردنی پەردەی مێشک هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکە پەتکە ئەگەر چارەسەرەکەی دوابکەوێت زیانەکانی بۆ نەخۆشەکە زیاتر دەبێت.

 

سەبارەت بە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بۆ منداڵانی بچوکتر لە سێ مانگ بریتین لە:

- شیرخواردنی کەم دەبێتەوە.

- ڕشانەوە.

- بێزاری و ئیزعاجبوون .

- تای بەرز.

- گەشکە.

- لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت.

- جەستەی نەرم دەبێت واتە بێ هێز .

- شەکرەی خوێنی دادەبەزێت.

- ئەو بەشەی لە کەلـلە سەردا مەڵاشووی پێدەڵێن بەرەودەرەوە دەردەچێت.

 

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە منداڵی گەورەتر لە یەک ساڵ لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەم نیشانانە بێت:

- ڕشانەوە و دڵ تێکهەڵاتن.

- سەرئێشە.

- هەستیاریی بە ڕووناکی زیاد دەکات، واتە بە ڕووناکی بێزار دەبێت.

- تای بەرز.

-هۆشی منداڵەکە تێکدەچێت.

- بێ تاقەتی و بێزاربوون.

- لەوانەیە گەشکەی لێبدات.

- ملی ڕەق دەبێت.

 

ئەو پزیشکە ڕوونیکردووەتەوە، بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێندرێت، بەڵام زۆرجار دایک و باوکی منداڵەکە ڕێگە نادەن ئەو شیکارییە بکرێت کە زۆر ئاسانە و هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروست ناکات.

 

لە حاڵەتێکدا ئەگەر منداڵەکە چارەسەر وەرنەگرێت رووبەڕووی ئەم گرفتانە دەبێتەوە:

- لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی.

- کێشەی بینین و لە دەستدانی بینین.

- کێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بە تەواوی لەدەست بدات.

-گەشکەی بەردەوام.

- ئیفلیج بوون.

-زیرەکی و ئاستی توانای مێشکی کەم دەبێتەوە.

 

ئەو پزیشکە هۆشداریش دەداتە دایک و باوکان کە لە کاتی خۆیدا منداڵەکانیان ببەن و پشکنینیان بۆ بکەن تاوەکو ئەو نەخۆشییە کاریگەری خراپیان لەسەر جێنەهێڵێت