ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی چەندین پەتا دەدات

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی و پەتا لەمساڵداو ئاماژە بەوەدەکات، وڵاتان پێویستییان بە ئامادەکاری هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

پسپۆڕانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایانگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، وڵاتانی جیهان لە بەردەم بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی و پەتای کوشندەدان، هەر بۆیە پێویستە ئامادەکاری پێشوەختە بکەن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەیان.

 

ئاماژە بەوەکراوە، یەکێک لەو پەتایانە کۆڤید-١٩ی گۆڕاوە، کە لە توانایدایە بە شێوەیەکی خێرا بە وڵاتانی جیهاندا بڵاو ببێتەوە، هەربۆیە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەوبارەیەوە و لە ئێستادا مەترسییەکانی لە ئاستێکی نزمدایە، بەڵام بەراورد بە کۆڤید-١٩، خێراتر بڵاو دەبێتەوە و کاریگەری زیاتر لەسەر تووشبووەکان بەجێ دەهێڵێت.

 

یەکێکی دیکە لە نەخۆشییەکان کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەوەداوە ئاوڵەی مەیموونە، کە نەخۆشیەكی دەگمەنی ڤایرۆسیی گواستراوەیە و لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و هەروەها لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە و ئەگەری گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە ١٠%یە.

 

بەپێی هۆشدارییەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تای خوێنبەربوون یەکێکی دیکەیە لە مەترسییەکانی ئەمساڵ، هەرچەندە ئەگەری بڵاوبوونەوەی لەو وڵاتانەدا زیاترە کە دەکەونە سەر هێڵی کەمەرەیی، بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ئێستادا مەترسی بڵاوبوونەوەی سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە، پێویستە سەرجەم وڵاتان ئامادەکاری پێشوەختە بکەن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی.

 

ئەوەشڕاگەیەندراوە حاڵەتەکانی تووشبوون بە سوورێژە کە یەکێکە لە نەخۆشییە گوازراوەکانی جیهان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ئەوروپا بە رێژەی زیاتر لەسەدا سێ هەزار زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەوە بدات و هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی کوتانی خەڵکی ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە لەدوای ساڵی ٢٠٢٠ەوە.