خواردنەوەی ئاو پێست دەپارێزێت لە وشک بوون و چرچبوون
خواردنەوەی ئاو سوودیکی زۆری هەیە بۆ جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەک هەر مرۆڤێک پێویستە ڕۆژانە ٨ پەرداخ ئاو بخواتەوە، بەڵام زیادەڕەوی کردن لە خواردنەوەیدا زیان بە جەستە دەگەیەنێت.
ناوەندی هەواڵ
ئاو، ماددەیەکی کیمیاییە و شلە، بەڵام لەسەر زەوی زیاتر بە شێوەی ڕەقی سەهۆڵبەند و گازی هەیە، سەرچاوەی ژیانی هەموو ئەو زیندەوەرانەیە کە لەسەر زەوی دەژین، ئاو لە ٧٠.٩٪ی ڕووی زەوی دادەپۆشێت، ٦٠٪ی لەشی مرۆڤ لە ئاو پێكدێت.
ئاو زۆر ڕۆڵی گرنگی هەیە لە لەشی مرۆڤدا وەک، شێدارکردنی هەوا لە سییەکاندا بۆ ڕاگرتنی سەلامەتی سییەکان، یارمەتیدانی میتابۆلیزمی لەش، ڕێکخستنی پلەی گرمی لەش لە ئاستێکی جێگیردا، پاککردنەوەی لەش لە ماددە زیان بەخشەکان.
سوودەکانی ئاو خواردنەوە
پێویستە سوودەکانی ئاو بزانین تا بەردەوام بین لە خواردنەوەی ئاو، سوودەکانیش وەک، کەمکردنەوەی کێشی لەش، کە خواردنەوەی ئاو وا دەکات هەست بە تێری بکەیت، چارەسەری سەرئێشە دەکات، بۆیە لە کاتی هەبوونی ئازاری سەر پێش بەکارهێنانی دەرمان پێویستە ئاو بخۆینەوە، پێست شێدار دەکات و ڕێگری دەکات لە وشکبوونەوە و چرچبوونی پێست، دەبێتە هۆی چالاککردنی خانەکانی مێشک و ماسولکەکان.
خواردنەوەی ئاو بە ڕێژەیەکی پێویست بۆ ئەو کەسانەی وەرزش دەکەن یارمەتیان دەدات لە کەمکردنەوەی گرژبوون و ڕەقبوونی ماسولکەکان، هەروەها ئاو یارمەتیدەرە لە کرداری هەرسکردنی خۆراک و ڕێگری دەکات لە بەردی گولچیلە
زیانەکانی زۆر خواردنەوەی ئاو
ئاو خواردنەوە هەرچەندە سوودی زۆرە، بەڵام خواردنەوەی بە ڕادەیەکی زۆر زیانی هەیە وەک، ژەهراوی بوون بە ئاو، بە تایبەتی لە منداڵی ساوادا کە بە ڕێژەیەکی زۆر ئاو وەردەگرێت لەگەڵ شیردا، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی خانەکانی لەش و کەمبوونەوەی خەستی خوێن و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەهۆی زیادبوونی قەبارەی خوێنەوە، خواردنەوەی ئاو لە کاتی نان خواردندا وادەکات کە کرداری هەرس بە باشی ئەنجام نەردرێت و ترشیتی گەدە کەمدەکاتەوە، ڕەنگی لێو و دەست و قاچەکان دەگۆڕێت، دەبێتە هۆی دڵ تێکەڵهاتن.