"باڵقبوونی پێشوەختە کاریگەری لەسەر دەروونی ژنان دروست دەبێت"

ئامانج ڕەحیم زەنگەنە، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵ بوون، دەڵێت: بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئیسترۆجین و خواردنە خێراکان هۆکاری باڵقبوونی پێشوەختەی کچانە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- بەشێک لە منداڵانی کچ لە تەمەنێکی کەمدا نیشانەکانی باڵقبوونیان تیادا ڕوودەدات، ئەمانەش دەبێتە هۆکاری تێکچوونی باری دەروونی و جەستەی ئەو منداڵە، تەمەنی ئاسایی باڵقبوونی کچان بەپێی توێژینەوە زانستیەکان لە تەمەنی ٨ بۆ ١٥ ساڵیدا، کوڕان لە تەمەنی ١٠ ساڵی بەرەو سەرە، ئەگەر کچان پێش تەمەنی ٨ ساڵی و کوڕان پێش تەمەنی ١٠ ساڵیدا باڵقبوونیان ڕووبدات ئەوا لە شێوازی ئاسایی خۆی لایداوە و ناتەندروست دەبێت، هەروەها ئەگەر سوڕی مانگانەی کچان لە تەمەنێکی کەمدا ڕووبدات، دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشەی دەروونی و تەندروستی.

 

ئامانج ڕەحیم زەنگەنە، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان ومنداڵ بوون و نەزۆکی و چاندنی بلوری، ئاماژەی بە کاتەکانی باڵقبوونی گەنجان کرد کە بە پێی بەشێک لەو توێژینەوانەی کراون، تەمەنی باڵقبوونی کچان و کوڕان لە خوار تەمەنی ٨ ساڵییەوە گونجاو نی‌یە، دەشڵێت: کچان لە تەمەنی ٨ بۆ ١٥ ساڵیدا دەتوانن بکەونە سوڕی مانگانەوە، لەو تەمەنەی دیاریکراوە تێ بپەڕێت گونجاو نی‌یە و دەبێت دەست بەجێ پشکنینی بۆ ئەنجام بدرێت، زۆرجار کچان لە تەمەنی ٨ ساڵیدا دەکەونە سوڕی مانگانەوە، ئەمەش مەرج نییە کاریگەری لەسەر باڵای دروست بکات یان هۆڕمۆنی بەرز بێت و هێلکەی پێبێت، هەروەها لە دوای تەمەنی ١٥ ساڵیشەوە ئەگەر کچان نەکەوتنە سوڕی مانگانەوە پێویستە بە زووترین کات پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت، بزاندرێت هۆڕمۆنی مێشکی ناتوانێت بە باشی کاربکات یان کێشەی منداڵدانی هەیە.

 

"زۆرجار نەخۆشەکانمان لە تەمەنی ٥ ساڵیدا نیشانەکانی باڵقبوونیان تیادا ڕوودەدات"

پزیشک ئامانج ڕەحیم زەنگەنە، باس لەوە دەکات، بەشێک لەو کچانەی لە تەمەنێکی کەمدا نیشانەکانی باڵقبوونیان تیادا دەردەکەوێت بە شێوازێکی کاتی دەمێنێتەوە و دواتر جەستەی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، وتیشی: زۆرجار نەخۆشەکانمان لە تەمەنی ٥ ساڵیدا نیشانەکانی باڵقبوونیان تیادا ڕوودەدات، بەشێک لە کچان لە خوار تەمەنی ٦ ساڵیدا سنگیان دەئاوسێت یان موو لە شوێنەکانی جەستەیاندا زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ترسانی دایکان و سەردانمان دەکەن، بەڵام ئەم نیشانانە ئاسایین و پاش ماوەیەک شێوازیان دەگەڕێتەوە کاتی ئاسایی خۆی، بەڵام ئەگەر بکەونە سوڕی مانگانەوە لەگەڵ پزیشکی منداڵاندا هەوڵی دامرکاندنەوەی ئەو دۆخە دەدەین و لە ڕێگەی چارەسەرەوە هێلکەی کچەکە دادەمرکێنرێتەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: کاتێک کچان لە تەمەنی ٨ ساڵیدا خوێن دەبینن و پاشان نیشانەکانی باڵقبوونیان تیادا دەردەکەوێت، دواتر هەتا زیاتر لە ساڵێک ناکەوێتەوە سوڕی مانگانە، ئێمەی پزیشک لەو جۆرە زوو گەشەکردنە ناترسین، هەروەها ژنان لە تەمەنی ١٢ ساڵی بەدواوە پێویستە هەموو مانگێک لە ماوەی ٣٠ بۆ ٣٥ ڕۆژ جارێکدا بکەونە سوڕی مانگانەوە، ئەگەر هاتوو لەو کاتە زانستیەی بۆی داندراوە، دوابکەوێت، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

 

"خواردنە خێراکان وادەکات منداڵ زووتر لە تەمەنی خۆی باڵق ببێت "

پزیشک ئامانج ڕەحیم زەنگەنە، پێشوەختەی سوڕی مانگانەی منداڵان بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە، دەڵێت: ئەو منداڵانەی کێشیان زۆرە ئەو منداڵانەن لە تەمەنێکی کەمدا دەکەونە سوڕی مانگانەوە، هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئیسترۆجینە لە لەشی منداڵدا و دەردانی ئیسترۆجین وادەکات کێشی زیاد ببێت، هەروەها منداڵان بەڕێژەیەکی زۆر خواردنە خێراکان، جبس و خواردنی دەرەوە دەخۆن کە ڕێژەی ئیسترۆجین لە لەشیدا بەرز دەبێتەوە، بەڵام هەڵکەوتە و بونیادی منداڵەکە بۆ پێشکەوتن و دواکەوتنی سوڕی مانگانەکەش کاریگەری دەبێت.

 

پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵ بوون، ئاماژەی بەوەشدا، هەبوونی بۆماوەیی و هەڵکەوتەی جەستەیی منداڵ گۆڕانکاری لە کاتی سووڕی مناگانەی دەکات، وتی: بۆماوەیی نەتەوەیەک لەگەڵ نەتەوەیەکی دیکەدا لە پێشکەوتن و دواکەوتنی باڵقبوونی منداڵاندا جیاوازی دەبێت، هەڵکەوتەی بۆمایی منداڵێکی ئەمریکا لەگەڵ منداڵێکی چینیدا جیاوازی هەیە، منداڵێکی ئەفریقا لەگەڵ مداڵێکی کورد جیاوازی بۆماییان هەیە، بەڵام منداڵێک لە شاری هەولێر بێت لەگەڵ سلێمانی و کەرکوکدا ناتوانین جیاوازی بۆمایی بۆ بکەین.

 

"هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان کێشەی تەندروستی بۆ کچان دروست دەکات"

پزیشک ئامانج محەمەد زەنگەنە تیشکی خستەسەر هاوسەرگیری پێشوەختە، کە زیاتر لە شارەکانی عێراقدا ئەنجام دەدرێت و وتی: لە ناوچەکانی عێراق و خوارووی عێراق کچانی منداڵ لە خوار تەمەنی ٩ ساڵەوە هاوسەرگیری پێشوەختە ئەنجام دەدەن، لەکاتێکدا بە ئەگەری زۆرەوە ئەو منداڵە نەکەوتووەتە سوڕی مانگانەوە، واتە لەڕووی جەستەیەوە هێلکەدانیان ئاماددەی هاوسەرگیری نییە و ئەمەش کاریگەری لەسەر تەندروستی کچان دەبێت.

 

لە کۆتاییدا ئەو پزیشکە وتی: کچان و کوڕان لە هەر تەمەنێکدا بن پێویستە بەردەوام گرنگی بە پاک و خاوێنی جەستەیان بدەن، لە تەمەنێکی دیاریکراودا دایکان زانیاری سوڕی مانگانە بە کچەکانیان بدەن، هەروەها لە ڕێگەی خوێندنگەکانەوە زانیاری بە خوێندکاران بدرێت، لە کۆندا شەرم بوو کچ بکەوێتە سوڕی مانگانەوە، خۆشبەختانە لە ئێستادا دایکان و باوکان کچەکانیان دەهێنن بۆ پشکنین و زانیاری لە ئێمەی پزیشکەکان وەردەگرن، هەروەها پێویستە لە خوێندنگەکاندا لە قۆناغی ٦ی سەرەتاییەوە زانیاری بە منداڵان بدەن.