هیوا دڵنیایی دەداتە تووشبووانی شێرپەنجە

کێشەی نەبوونی دەرمان و پێنەدانی مووچە بە کارمەندو پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە، بەهۆی هەڵوێستی هاوڵاتیانەوە بەرەو چارەسەر ڕۆیشتووەو، دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دڵنیایی دەدات کە بەردەوام دەبن و هیچ کات مەترسی داخستن لەسەر هیوا نابێت.

 

لاڤە کوردە

سلێمانی- مانگێک بەر لە ئێستا تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕببوون لە هاشتاگی پشتیوانی و لۆگۆی نەخۆشخانەی هیوا، خەڵک بێ هیوا ببوون و ترسیان لە داخستنی نەخۆشخانەکە هەبوو، تووشبووانی شێرپەنجە بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببوو، هەروەها پزیشکان و کارمەندەکانی نەخۆشخانەی هیوا بەهۆی ئەوەی ٦ مانگ بوو مووچەیان پێنەدرابوو، ترس هەبوو لەوەی لە کەرتی گشتییەوە بگوازرێنەوە بۆ کەرتی تایبەت.

 

 

لەبارەی ئەو کێشانەی هەبوون، دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە بۆ ئاژانسی ژنها وتی: " لە ئێستادا کێشەکان چارەسەر کراون و ئەو دوو جۆر ئایتمەی کە ماوەی ڕابردوو نەمابوو بەهۆیەوە ژیانی نەخۆشەکان لە مەترسیدا بوو، ئێستا بەردەستە و هیچ کێشەیەکی دەرمانمان نییە".

 

"دەمانەوێت ڕۆتین لەنەخۆشخانەی هیوا نەمێنێت"

د.یاد ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت ئەو ڕۆتینەی لەهەموو نەخۆشخانەیەک هەیە، لە نەخۆشخانەی هیوا نەمێنێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات خزمەتگوزاری پێشکەش بە تووشبووانی شێرپەنجە بکرێت، وتیشی: "دڵنیایی دەدەین بەردەوام لە هەوڵی چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک ئەبین کە ڕووبەڕووی نەخۆشخانەکە ببێتەوە، نەخۆشخانەی هیوا بەردەوام دەبێت و پێویست بە هیچ دڵەڕاوکێیەک ناکات".

 

سەبارەت بە پێنەدانی مووچەی پزیشک و کارمەندەکان کە ٦ مانگ بوو، بێ مووچە بەردەوام بوون لە خزمەتی نەخۆشەکان، د.یاد نەقشبەندی لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، هەرچەندە نەتوانراوە مووچەی هەر ٦ مانگەکەیان پێبدرێت بەڵام هی دوو مانگیان پێدراوەو لە هەوڵی چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکاندان.

 

نەخۆشخانەی هیوا لە ساڵی ٢٠٠٧ لە شاری سلێمانی کراوەتەوە و سەنتەرێکی تایبەتە بە چارەسەرکردنی هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە، ئەو نەخۆشخانەیە بەتەنها تووشبووی ناو باشووری کوردستان وەرناگرێت، بەڵکو لە تەواوی شارەکانی تری عێراقەوە نەخۆشانی شێرپەنجە سەردانی دەکەن.