هەوکردنی جگەر لە ئیدلب هەڕەشە لە ژیانی منداڵان دەکات

لە شاری ئیدلب بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زیاد دەکات، لەوانە هەوکردنی جگەر، کە هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی خەڵک و ئاوارەکان بەتایبەتی منداڵان بەهۆی نەبوونی ئاو و نەبوونی چاودێری تەندروستی جۆرایەتی.

لینا خەتیب

 

ئیدلب- نەخۆشی هەوکردنی جگەر لە ئیدلب بەهۆی پیسبوونی خۆراک و ئاو بڵاودەبێتەوە، هەروەها خراپی خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنی و نەبوونی ئاوی پاک و چڕی بەرزی دانیشتووان لە کامپەکاندا یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان.

 

بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هەوکردنی جگەر نەخۆشییەکە کە دەتوانێت ببێتە هۆی کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی و لەوانەیە کوشندە بێت، پێنج جۆری سەرەکی هەیە کە بە جۆرەکانی A، B، C، D و E ناودەبرێن، پشتڕاستی کردووەتەوە کە هەموو ئەم جۆرانە تووشی جگەر دەبن، بەڵام جیاوازن، لەوانە شێوازەکانی گواستنەوە، توندی، دابەشبوونی جوگرافی و ڕێگاکانی خۆپاراستن.

 

بەرائەت فیلونی، تەمەن ٣٣ ساڵ، کە لە شارۆچکەی حەیش لە باشووری ئیدلبەوە ئاوارە بووە بۆ کامپێک لە شاری حارم بریف لە باکووری ئیدلب، یەکێک لە کوڕەکانی تووشی هەوکردنی جگەر بووە، وتی: تێبینی زەردبوونەوەیەکی نائاساییم کرد لەسەر ڕوخساری کوڕە سێ ساڵانەکەم، جگە لە ئازاری سک و لەدەستدانی حەزی خواردن بەهۆی ڕشانەوە دەناڵێنێت، ترسی منی بەرزکردەوە و وای لێکردم بیبەم بۆ لای پزیشک و پێی وتم کە هەوکردنی جگەری جۆری Cی هەیە.

 

هۆکار پیسبوونی ئاو و ئاودێردییە بە ئاوی پیس

وتیشی: کاتێک لە کامپەکاندا دەژین، زۆر زەحمەتە دەرمان بەدەستبهێنین، دەبێت بچین بۆ ناوەندەکانی شارەکان بۆ وەرگرتنی ڕاوێژی پزیشکی، چونکە هیچ سەنتەرێک لە نزیکەوە نییە بۆ چاودێریکردنی نەخۆشەکانی هەوکردنی جگەر، وتی زیاتر لە ١٠ تووشبوو لە کامپەکەدا دەرکەوتوون، هۆکارەکەی بۆ پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و ئاودێری دانەوێڵەیە بە ئاوی پیس لە باخچەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک کامپەکە دەگەڕێتەوە.

 

فڕێدانی زبڵ لە نزیک کامپەکان هۆکارێکی دیکەی پیس بوونە

لەلای خۆیەوە، نور ئەقرەع تەمەن ٣٦ ساڵ، کە لە شاری سەراقیبەوە ئاوارە بووە بۆ کامپێکی شاری ئەرماناز لە باکووری ئیدلب، وتی: پێش ئەوەی سەردانی پزیشکێکی منداڵان بکەم پشتڕاستی بکاتەوە کچە ١٠ ساڵانەکەم هەوکردنی جگەری هەیە، هەستکردن بە ماندوێتی، لاوازی، بەرزی پلەی گەرمی زەردبوونی ڕووخسار ئەو نیشانانەن کە تێیدا دەرکەوت، پشت بە کڕینی ئاو لە خاوەنەکانی بیرەکانی ناوچەکە دەبەستین و نازانین چەند خاوێنە و ئایا خواردنەوەی سەلامەتە یان نا، هەروەها فڕێدانی زبڵ لە نزیک کامپەکە هەیە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی منداڵان نەخۆش بن.

 

مەنال عەواز، تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی شاری دانای باکووری ئیدلب، خەریک بوو منداڵە ١٠ ڕۆژەکەی بەهۆی هەوکردنی جگەرەوە لەدەست بدات، وتی: چەند ڕۆژێک دوای لەدایکبوونی منداڵەکەم، دەستیکرد بە لاواز بوون، پێست و چاوەکانی زەرد بوون، پێویستی بە وەرگرتنی چاودێری چڕ بوو بۆ چارەسەری گونجاو و بۆ چەند ڕۆژێک لەژێر چاودێری مایەوە.

 

"هەندێک لە جۆرەکان هەڕەشەن لەسەر ژیانی نەخۆشەکە"

بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکان و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی، غوفران ئەسفەر، پزیشکێکی منداڵان لە شاری ئیدلب وتی: دیاردەی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی جگەر لەناو منداڵاندا لەم ڕۆژانەدا لە ئیدلیب ڕوون بووەتەوە و مەترسییەکەی لەو ڕاستییەدایە کە ئەم نەخۆشییە زۆر گوازراوە و چەندین جۆری هەوکردنی جگەر هەیە، کە هەندێکیان هەڕەشە لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروست دەکەن.

 

لە کۆتاییدا ڕوونیکردەوە، هەوکردنی جگەر نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە کاریگەری لەسەر جگەر دەکات و دەبێتە هۆی نەخۆشییەکی سووک بۆ مەترسیدار و بە خواردنی خۆراک و ئاوی پیس یان بەرکەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو دەگوازرێتەوە، هەروەها هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە کامپەکاندا بەکارهێنانی دامەزراوە گشتییە هاوبەشەکانی وەک تەوالێت و تێکەڵکردنی منداڵان لە قوتابخانەکاندا ڕۆڵی هەیە لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە لەناو قوتابیاندا، لە کاتێکدا خواردنی سەوزە پیسبووەکان بە ئاوی پیس یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی نەخۆشییەکە.