"لە هەر ٨ ژنێک یەکێکیان تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکە"

لە ڕێگەی سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە و فرۆشتنی خواردنی خێراوە، نەخۆشی شێرپەنجە ڕووی لە زیادبوون کردووە و پزیشکێکیش دەڵێت: ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر تووشی شێرپەنجە دەبن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- شێرپەنجە ئەو نەخۆشییە کوشندەیەیە بەرۆکی هەموو جیهانی گرتووە و چەندین جۆری هەیە، دیارترینیان شێرپەنجەی مەمکە لە ژناندا، بەهۆی خۆراکی ناتەندروست و سیستمی ژیانی ناجێگیر و خراپی کوالێتی خواردن و ژینگەی نالەبار، نەخۆشی شێرپەنجە لە زیادبووندایە، بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا هەزار و ٥٠٨ حاڵەت تۆمار کراوە، کە دەکاتە ٨-٩ کەس لە ڕۆژێکدا و لەو ژمارەیە ٢٣٨ حاڵەتیان شێرپەنجەی مەمک بووە.

 

"شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە"

ڕۆژان عومەر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا، ئاماژەی بەوەکرد، لەشی مرۆڤ بەردەوام خانەی تێدا دابەش دەبێت و دروست دەبێت، لە بەرامبەردا بەشێک لە خانەکان لەناودەچن، بەڵام ئەگەر ئەم خانانە زیادیان کرد بێ ئەوەی لەناوبچن، کەڵەکە دەبن و گرێ دروست دەبێت، زۆر جار ئەم گرێیە لە ناوچەی مەمکدا یان کۆئەندامی هەرس دروست دەبێت و دەبێتە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە، باوترین نەخۆشی شێرپەنجەش شێرپەنجەی مەمکە لە هەموو جیهاندا، وا دانراوە لە هەر ٨ ژنێک یەکێکیان تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت، لە نەخۆشخانەی هیواش ٪٢٠-٢٥ی شێرپەنجەکان، شێرپەنجەی مەمکن، بۆیە بەداخەوە ژنان قوربانی یەکەمی دەستی نەخۆشی شێرپەنجەن.

 

"زۆرترین ڕێژەی تووشبوون بە شیرپەنجە بە هۆکاری پیسبوونی ژینگەیە"

ڕۆژان عومەر ڕوونی کردەوە، ساڵ بە ساڵ ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە ڕوو لە زیادبوونە، جگە لە شێرپەنجەی مەمک شێرپەنجەی منداڵدان، ڕەحم و هێلکەدان هەیە، لەبەرئەوەی ئەم ئەندامانە تایبەتە بە ژنان بۆیە تووشی دەبن، هۆکارەکان بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە زۆرن و یەکێک لەو هۆکارانەی کەمترین ڕێژەی بەردەکەوێت هۆکاری بۆماوەییە، زۆرترین ڕێژەش بەر هۆکاری پیسبوونی ژینگەیی دەکەوێت، هەروەها خواردنی خێرا ئێستا خواستێکی زۆری لەسەرە لەلایەن خەڵکەوە، خواردنی گۆشتی سوور کە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی کۆڵۆن، بەکارهێنانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە شەکری سپی، کێشانی جگەرە و خواردنەوە کهولییەکانیش هۆکاری شێرپەنجەن.

 

وتیشی: بە گشتی هۆکارەکانی تووشبوونی شێرپەنجە بەکارهێنانی حەبێکی زۆرە بە بێ چاودێری پزیشک، بەتایبەتی حەبی دژە سکپڕی، کە هۆکارێکی سەرەکی شێرپەنجەی مەمکە، هەندێک جار ئەو چارەسەری تیشکەی یان دەرزییە کیمیاییەی بۆ شێرپەنجە بەکاردێت، هەرئەوەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەیەکی تر.

 

"گرانی نرخی دەرمانی نەخۆشی شیرپەنجە گرفت بۆ نەخۆشەکان دروست دەکات"

ڕۆژان عومەر ئەوەشی خستەڕوو، سیستمی سەرمایەداری وای کردووە کۆمەڵێک براند دروست ببن و خەڵك سەرقاڵ ببێت و پەنا ببەنە بەر کڕینی خواردی خێرا، هەروەها وەرزش کردن کەم بووەتەوە، بۆیە هەر ئەو سیستمە خۆی هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، ئەو چارەسەریانەی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە بەکاردێت زۆربەیان بە کوالێتی باشن، بەڵام بەداخەوە لەوەشدا هەندێکجار ساختەکاری دەکرێت و زۆرجار دەرمانەکان کە دێنە کوردستانەوە بە باشی پشکنینیان بۆ ناکرێت، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی پزیشکین لە نەخۆشخانەی هیوا تا دڵنیا نەبینەوە لە باشی دەرمانەکان، بەکاری ناهێنین بۆ نەخۆش.

 

دەشڵێت: زۆر جار کێشەی نەمانی دەرمان ڕوودەدات لە نەخۆشخانە، چونکە ڕێژەی تووشبوون ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات، یان دەرمانێکی زۆر دێتە نەخۆشخانەوە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا نامێنێت، زۆر جاریش لەبەر گرانی نرخ بەشێک لە دەرمانەکان ناهێنرێن، هەندێک دەرمانی شێرپەنجە نرخەکەی ئەوەندە گرانە کە تووشبوو ناتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ چارەسەری، ئەمەش گرفت بۆ ئەو خێزانانە دروست دەکات کە تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە.

 

"دەبێت خێزانەکان پشتگیری لە تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە بکەن"

ڕۆژان عومەر جەختی کردەوە، ئەو چارەسەریانەی بۆ نەخۆشی شیرپەنجە بەکاردێت نەشتەرگەرییە بۆ زۆربەی جۆری گرێکان، بەکارهێنانی تیشک، چارەسەرە هۆرمۆنییەکان بە شێوەی حەب یان دەرزی ژێر پێست، هەروەها چارەسەری کیمیایی و چارەسەری بایۆلۆجییە، لە ئێستادا دەرزی زیادکردنی بەرگریش هەیە، ڕێژەی چاکبوونەوەش زیاترە لەو نەخۆشانەی لە قۆناغی ١ و ٢ و ٣ دان، بەڵام ئەو نەخۆشانەی لە قۆناغی کۆتایدان چاکبوونەوەیان کاتی زۆر دەخایەنێت.

 

ڕۆژان عومەر لە کۆتایدا وتی: بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت هۆکارەکان بە بیر بهێنینەوە و لەوەوە خۆمان بپارێزین و خواردنی تەندروست بخۆین و وەرزش بکەین، هەروەها  ژنان پشکنینی پێشوەختە ئەنجام بدەن و ئیرادەیەکی بەهێزیان هەبێت بەرامبەر ئەم نەخۆشییە، داوکاریشم ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم نەخۆشیەن خێزانەکانیان پشتگیریان بکەن.