ترس و دڵەڕاوکێ قژ هەڵدەوەرێنێت

گۆڕانی هۆرمۆن و ترس و دڵەراوکێ، دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ، بەڵام بە خواردن و دەرمان دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە هەڵوەرین.

ناوەندی هەواڵ

 

قژ، ئەو بەشەی جەستەیە کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بە تایبەتی لای ژنان، ڕۆژانە ٥٠-١٠٠ تاڵ لە قژ هەڵدەوەرێت و قژ تەنک نابێت، لەبەرئەوەی قژ لە گەشەکردندایە، بەڵام کاتێک لەو ڕێژەیە زیاتر بوو دەبێتە هۆی خەمۆکی.

 

هۆکارەکانی هەڵوەری قژ

چەند هۆکارێک وا دەکات کە قژ تووشی ڕووتانەوە ببێت، وەک هۆکاری خێزانی کە لە ژناندا قژ تەنک دەبێتەوە لە ناوەڕاست سەریاندا، گۆڕانی هۆرمۆن لە کاتی دووگیانی، منداڵبوون، سوڕی مانگانە و هەبوونی غودەی دەرەکی، دابەزینی کێش کە پرۆتین و کانزا و ڤیتامینەکان کەم دەبێتەوە، وەرگرتنی چارەسەرەکانی جومگە، شێرپەنجە، پەستانی خوين، دڵ و نەخۆشیە درێژخایەنەکان، دڵەڕاوکێ، هیلاکی، ترس، کەم خوێنی، دوای وەرگرتنی بەنج و نەشتەرگەری، توند بەستنی قژ و بەکارهێنانی ئامێرەکانی قژ خاوکردنەوە و لولکردن.

 

چارەسەری قژ هەڵوەرین

خواردنی گێزەر، سپیناغ، برۆکلی، بیبەری سەوز، گوێز، هێلکە، شۆفان، ماست، گوڵەبەڕۆژە، گۆشت، بەکارهێنانی سپرا و شامپۆی بەهێزکردنی قژ، بەکارهێنانی ڤیتامین بۆ بەهێزکردنی قژ، حەبی دژە ئەندرۆجین بۆ ئەو کەسانەی ڕێژەی ئەندرۆجینیان بەرزە و بەکارهێنانی پلازما.