دۆخی تەندروستی لە سەرتاسەری ئەفغانستان خراپە

مەرزیە نەزەری یەکێک لە نەخۆشەکان دەڵێت: پێش هاتنی تاڵیبان بۆ پارێزگاکەمان ئەم نەخۆشخانەیە یەکێک بوو لەو نەخۆشخانەیانەی کە ئامێری نایاب و خزمەتگوزاری باشتری هەبوو، بەڵام ئێستا د بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و سەرۆکی پزیشکەکەی لەلایەن تاڵیبانەوە دەستنیشانکراون.

بەهاران لاهیب

 

بامیان- ماوەی ٢٠ ساڵە کەرتی تەندروستی یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ئەفغانستان، بەهەمان شێوەی کە لە سێکتەری تردا ملیارەها دۆلار دزرا، لە کەرتی تەندروستیدا بڕە پارەیەکی زۆر ڕژایە گیرفانی بەرپرسانی حکومەتی بوکەڵەی ئەمریکا و نوێنەرانی لە ئەفغانستان، پزیشکانی ئەم دوو وڵاتە بە شێوەیەکی بازرگانی مامەڵەیان لەگەڵ نەخۆشە ئەفغانییەکان دەکرد و بە وەرگرتنی پارەیەکی زۆر چارەسەریان دەکرد.

 

لە هەندێک پارێزگادا دامەزراوە خێرخوازیەکان و کەسانی خێرخوازی هاوکاری خەڵکیان دەکرد و لە کەرتی تەندروستی وەک سێکتەری دیکە خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرد، لە ماوەی دوو ساڵی حوکمڕانی تاڵیباندا، دۆخی هەموو سێکتەرەکان خراپە و کەرتی تەندروستیش دوور نییە لەو کێشەیە، ژمارەیەکی زۆر پزیشک وڵاتیان جێهێشتووە، بەشێکی زۆریان بە بیانووی جۆراوجۆر لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، خراپترین کوالێتی دەرمان هاوردەی ئەفغانستان دەکرێت و بە کورتی هەزار و یەک کێشە لە کەرتی تەندروستیدا هەیە، کە کاریگەری لەسەر خەڵکی ئەفغانستان کردووە.

 

لە پارێزگای بامیان سەردانی نەخۆشخانەی ناوەندیمان کرد، مەرزیە نەزەری، یەکێکە لەو نەخۆشانەی سەردانی پزیشکی کردووە و دەڵێت: پێش هاتنی تاڵیبان بۆ پارێزگاکەمان، ئەم نەخۆشخانەیە یەکێک بوو لەو نەخۆشخانەیانەی کە ئامێری نایاب و خزمەتگوزاری باشتری هەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و سەرۆکی پزیشکەکەی لەلایەن تاڵیبانەوە دەستنیشانکراون، تەنها دوو پزیشکی پسپۆڕی ژن هەیە، یەکێکیان لە بەشی منداڵبوون و ژنان، ئەوی دیکەیان لە بەشی منداڵان، ناچاربوون دەست لەکار بکێشنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ڕێگرییەکانی تاڵیبان یان خستنە سەر کاری خەڵکی تاڵیبان نەبنەوە.

 

مەرزیە دەشڵێت: چەند کاتژمێرێک چاوەڕێی یەک دوو پزیشک دەکەین کە لە نەخۆشخانەکەدا ماون تا هاوکاریمان بکەن، ئەو دوو پزیشکەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە دانراون هیچ لەبارەی پزیشکییەوە نازانن، هەندێکجار پێچکاری و فشار دەکەن، بۆ من جێگەی سەرنجە کە سەرۆکی نەخۆشخانەیەک لەبری چارەسەرکردنی نەخۆش ئەم جۆرە کارە ئەنجام بدات.