هەندێک میوە هەرسکردن ئاسان دەکەن

هەندێک میوە هەرسکردن ئاسان دەکەن و دەتوانن مرۆڤ لە قەبزی ڕزگار کەن، یەکێک لەوانەش مۆزە، بەڵام ئەگەر مۆزەکە پێنەگەشتوو بێت، دەکرێت زیان بگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

قەبزی یەکێکە لە کێشە باوەکانی هەرس، کە دەبێتە هۆی ئازار و ئاوسانی گەدە و هەستکردن بە ناڕەحەتی، کۆمەڵێک هۆکار هەن کە دەبنە هۆی قەبزی، ئەوانیش خۆراکی نادروست، کاتی ناڕێکی ژەمەکان، شێوازی ژیانی ناجێگیر، خەوی بێ ئارام و فشاری دەروونی.

 

دروستبوونی قەبزی دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر سیستمی بەرگری لەش و تەندروستی مرۆڤ تێکبدات، بۆیە زانایان پێشنیاری هەندێک میوە دەکەن، کە یارمەتیدەرن بۆ ڕزگاربوون لە قەبزی، ئەوانیش؛

 

مۆز، کە دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و لە مێژە وەک چارەسەرێکی سروشتی بۆ قەبزی بەکاردەهێنرێت، تەنها گرنگە دڵنیا بیت لەوەی مۆزەکە پێگەیشتووە، چونکە مۆزی نەپێگەیشتوو ڕێژەیەکی بەرزی نیشاستەی بەرگری لەخۆدەگرێت و کاریگەری پێچەوانەی دەبێت و بۆ ئەو کەسانەی سکچوونیان هەیە بەسوودە.

 

پرتەقاڵ، سەرچاوەی ڕیشاڵ و ڤیتامین سییە، ئەم میوە، کە بە مزرەمەنی ناسراوە، تا ڕادەیەکی دیاریکراو کاریگەری شلکەرەوەی هەیە، خواردنیان بە تەواوی (لەبری شەربەت) یارمەتی لەش دەدات ڕیشاڵی زیاتر بەدەست بهێنێت.

 

کیوی، بوونی ڕێژەیەکی زۆر ڕیشاڵ و ئاو، وای لێدەکات ببێتە گیراوەیەکی باش بۆ قەبزی، هەروەها هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن، ئەنزیمێکی ئەکتینیدین کە لە کیویدا هەیە، ڕەنگە بەشداربێت لە کاریگەرییەکەی لەم حاڵەتەدا.

 

هەرمێ، نەک تەنها ڕیشاڵ بەڵکو فرۆکتۆز و سۆربیتۆڵی تێدایە، کە سۆربیتۆڵ ناسراوە بە نەرمکردنی پیسایی و ئاسانکاری بۆ جوڵەی ڕیخۆڵە، ئەمەش لەش لە قەبزی ڕزگار دەکات.

 

میوەی پاپایا کە بە ڕەنگە پرتەقاڵییەکەی دەناسرێتەوە، میوەیەکی کەم کالۆرییە و دەوڵەمەندە بە ئاو و ڕیشاڵ، دەتوانێت جوڵەی ڕیخۆڵەکانت ڕێکبخات و یارمەتیت بدات بۆ پیساییکردن.