چۆن خۆمان لە زیادبوونی ئازاری ماسولکە و جومگە لە کاتی سەرمادا بپارێزین؟

پزیشک هەڤین کەمال، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج، باس لەو ڕێگایانە دەکات کە خۆپارێزین لە ئازاری ماسولکە و جومگەکان لە کاتی سەرمادا.

ناوەندی هەواڵ

 

هه‌ڤین که‌مال شا محەمەد، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری، باس لەو ڕێگایانە دەکات کە دەتوانرێت بگیرێتەبەر لە کاتی سەرما و زستاندا، تا ئازاری ماسولکە و جومگەکان دروست نەبێت، ئەوانیش؛

 

١- پێویستە جلوبەرگی زیاتر لەبەر بکەیت و خۆت گەرم داپۆشیت، بە تایبەتی ئەو شوێنانەی کە ئازاریان تیادایە ، بۆ نموونە، ئەگەر سەرئێشەت لەگەڵ بوو باشترە لە وەرزی زستاندا کڵاو یان لەچک بەکار بێنیت، ئەو جومگانەی ئازاریان تیادایە بە باندج بیبەستە.

 

٢- لە کاتی سەرما و بەفری زۆردا، کاتێکی زۆر لە دەرەوە مەمێنەرەوە، ھەوڵبدە لە ڕۆژی ساردا زیاتر لە ژوورەوە کاتەکانت بەسەرببەیت ئەگەر گونجاو بوو.

 

٣- بەیانیان پێش ھەستان لە خەو بە ٢ کاتژمێر، ژوورەکەت زیاتر گەرمکە، ھەروەھا پێش چوونە ناو ئۆتۆمبێلەوە ناو ئۆتۆمبێلەکەت گەرم بکە بە نیو کاتژمێر، بۆ ئەوەی ئازار لە سەرەتایی ڕۆژەکەوە دەست پێنەکات.

 

٤- ھەوڵبدە ھەمیشە لە جووڵەدا بیت، لەناو جێگاکەدا مەمێنەرەوە بۆ ماوەیەکی زۆر، بۆ ئەوەی جومگەکانت ڕەق و سست نەبن، ھەروەھا وەرزشیش بە ڕێکی و ڕۆژانە کاریگەریەکی زۆری ھەیە لەسەر چەورکردنی جومگەکان بە شلەی نێوان جومگەکان و کەمکردنەوەی ئازار.

 

٥- ئەو خۆراکانە بخۆ کە دژە ھەوکردن و دژە ئازاریان تیادایە وەکو، زەنجەفیل، بیبەری توونی سوور، زەردەچەوە، نەعنا، زەیتی زەیتون، برۆکۆلی، سیر، پیاز، شیلک، بێرییەکان (گۆڵدن بێری، بلوبێری، گێلاس، توتڕک)، شیرەمەنیەکان کە ڕێژەی ڤیتامین دی و کالسێومیان زۆرە ، ھەروەھا چەرەزات کە ڕێژەی ئۆمێگا سێیان زۆرە .

 

٦- دوورکەوەرەوە لە خواردنی فاست فود و موعەلەب کە ماددەی حافزەی تیادایە و نایترایتی تیادایە بەڕێژەیەکی زۆر.

٧- خۆت دووربگرە لە ووشکبوونەوە، ئەویش بە خواردنەوەی بڕی تەواوی ئاو لە ڕۆژەکەدا ، بە لایەنی کەمەوە دەبێت لەڕۆژێکدا ١٢ پەرداخ ئاو بخۆیت،  وشکبوونەوە کاریگەریەکی زۆری ھەیە لەسەر دروستبوونی ئازار.

 

٨- دوورکەوە لە خواردنەوەی چا، یاخود قاوە بە ڕێژەیەکی زۆر، لە ڕۆژێکدا تەنیا ٣ کوپ قاوە و ٥ پیاڵە چا دەتوانیت بخۆیت لەبەر ئەو کافایینەی کە لەناویدا ھەیە و بە ڕێژەیەکی زۆر ئازار دروست دەکات، باشترە بیکەیت بەو خواردنەوە گەرمانەی دژە ھەوکردنیان تیادایە وەکو چای سەوز، چای گوڵە بەیبوون، چای دارچینی.

 

٩- دەتوانیت لەکاتی بوونی ئازار ڤیتامین دی و کالسیۆم بە شێوەی حەب و سەپلیمێنت بەکاربێنیت، چونکە لە وەرزی زستاندا خۆر کەمە و ئاساییە مرۆڤ تووشی کەمی ڤیتامین دی ببێت.

١٠- ئاگاداری کێشت بە و مەھێڵە بە ھیچ شێوەیەک کێشت زیاد بکات.

 

لە کاتی دروستبوونی ئازار بەھۆی سەرماوە چیبکەم باشە؟

١- پێویستە پێش ھەموو شتێک خۆت گەرم بکەیتەوە، دەتوانیت حەمامێکی گەرم بکەیت یاخود شاوەرێکی گەرم، یان ئەگەر ساونا بەردەست بێت، ھەر نەبوو دەتوانیت پاکی گەرم یان جەوەنەی گەرم بەکاربێنیت.

٢- دەتوانیت مەساج بکەیت بۆ شوێنی ئازارەکە، بە شێوەیەکی بازنەی.

 

٣- دەتوانیت ئەو کرێمانە بەکاربێنیت کە گەرمکەرەوەن، بۆ نموونە کرێمی بیبەری توونی سوور، کە ماددەی کاپسەسینی تیادایە، یاخود زەیتی زەنجەفیل، جێلی گوڵە ئەرنێکا ، ئەمانە ھەمووی ئازار کەم دەکەنەوە.

 

٤- دەتوانیت دەرمانی ئازارشکێن و ماسولکە خاوکەرەوە بەکاربێنیت.

٥- لە کاتی ئازاری زۆردا، کە بە ئازار شکێن کۆنتڕۆڵ نابێت، دەتوانیت دەرزی ئاژەنین و ئامێری شۆک وەیڤ یان تێنس بەکاربھێنرێت بۆ خاوکردنەوەی خاڵی ئازار لە لەشدا .