جومگەی شانی بەستوو چییە؟

پزیشک هەڤین کەمال شا دەربارەی جۆرە نەخۆشی و ئازارێک کە پێی دەوترێت جومگەی شانی بەستوو، ڕوونکردنەوە دەدات و ئاماژە بەوەدەکات کە چەندین نەخۆشی دیکە هەن کە ڕەنگە هۆکاری ئەم ئازارە بن.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک هەڤین کەمال شا، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازار شکاندن لە پەرەی فەیسبوکی خۆیەوە نووسیویەتی: جومگەی شانی بەستوو بریتییە لە بوونی ئازار و ڕەق بوونی جومگەی شان بەشێوەیەکی ھێواش و بەرە بەرە، بەشێوەیەک دەگاتە حاڵەتێک کەپێ دەوترێت بەستن "frozen" واتە جام بوونی جومگەکە بە لایەکدا.

 

دەبارەی هۆکارەکانی ئاماژەی بەوەکردووە، لە ڕاستیدا ھۆکارێکی دیاریکراو نییە کە ببێتە ھۆی ئەم دۆخە، بەڵام لەوانەیە ڕووبدات لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا :

 

١- لەکاتی باش نەجوڵانی جومگەکە لە دوای پێکان یاخود نەشتەرگەری لە جومگەکەدا.

٢- لەکاتی نەخۆشی شەکرە .

٣-نەخۆشیەکانی غوددە .

٤- نەخۆشیەکانی دڵ .

٥- نەخۆشی پارکینسوون.

٦-خراپ بەکارهێنانی جومگەکە و هەندێک نەخۆشی وەکو ڕۆماتیزمەکان .

٦- ھەندێ لەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشی ئایدز بەکار دەھێنرێت .

 

کێ تووشی دەبێت؟

١کەسانی سەروو تەمەن ٥٠ یاخود ٦٠ ساڵ، بەدەگمەن لە تەمەنی پێش ٤٠ ساڵیدا ڕوو دەدات.

٢- ژن زیاتر تووش دەبێت لە پیاو .

٣- ئەو کەسەی لایەکی تووش بێت، لاکەی تریشی لەوانەیە بە ڕێژەی ٣٠٪ تووش بێت.

 

شێوازی دەستنیشانکردن:

١- بە پشکنینی سەری نەخۆشەکە، ئەویش بە جوڵانی جومگەکە لەلایەن پزیشکەوە و ھەروەھا لەلایەن نەخۆشەکەشەوە بۆ زانینی ڕێژەی جوڵانی جومگەکە، ھەندێ جار جومگەکە قفڵ دەبێت .

٢- تیشکی ڕەش و سپی (x ray ) .

٣ - بەکارھێنانی سۆنەر و ئەشیعەی تەنووری (MRI).

٤- لێدانی دەرزی تایبەت بۆ جومگەکە بۆ باشکردنی جووڵەی جومگەکە و تێبینی کردنی چاکبوونی جومگەکە مانای ئەوەیە کە دەستنیشانکردنەکە تەواوە .

 

لە کۆتایی نووسینەکەیدا پزیشک هەڤین کەمال شا، دەربارەی چارەسەرەکان ئەم خاڵانەی خستووەتەڕوو:

١- وەرزش کردن بە جومگەکە بەشێوەیەکی گونجاو .

٢- چارەسەری سروشتی و فیزیایی.

٣- دەرمان، ئازار شکێنەکان (NSAID) بۆ کەمکردنەوەی ئازار و کەمکردنەوەی ھەوکردن لە جومگەکەدا .

٤- لێدانی دەرزی ستیرۆید بۆ ناو جومگەکە.

٥- ھایدرۆ دایەلتەیشین، ئەمیش بە پێدانی شوتێک موغەزی بۆ ناو جومگەکە لە ژێر سونەردا، کە یارمەتی باش بوونی جوڵەی جومگەکە دەدات .

٦- ئەنجامدانی پلازما بۆ جومگەکە یاخود پرۆلۆتیراپی  .

٧- بەکارھێنانی جەلسەی شۆک وەیڤ بۆ جومگەکە کە ڕۆشتنی خوێن بۆ جومگەکە زیاد دەکات و ھەروەھا کۆلاجینیش زیاد دەکات لە جومگەکە کە دەبێتە ھۆی باشتر جوڵاندنی جومگەکە .

٦- نەشتەرگەری، ئەمیش لە ھەندێک دۆخی دەگمەندا، کە ھەموو ڕێگاکانی تر سوودی نەبێت.