وشکی ناودەم دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی کەڕوو

نەخۆشی کەڕوو هەرچەندە چارەسەر بکرێت ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دەبێت، بۆیە باشترین ڕێگە خۆپاراستنە لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی نەخۆشیەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

کەڕوو جۆرێک زیندەوەری مایکرۆسکۆپیە کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە دەمی کەسە ساغەکانیشدا هەیە، بەهۆی گۆڕانی باری ناودەم، ئەم زیندوەرانە زیاد دەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم نەخۆشی کەڕوو، ئەم نەخۆشیە لە تازە لەدایکبوو و بەساڵاچوودا زیاترە و لە کاتی دووگیانیدا زیاتر پەرەدەسێنێت.

 

هۆکارەکانی دروستبوونی نەخۆشی کەڕوو

چەند هۆکارێک هەن وا دەکات کە نەخۆشی کەڕوو دروست ببێت وەک، بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیندەیی بەهێز، بەکارهێنانی لە ڕادەبەری گیراوەی ناودەم شۆردن دژی میکرۆب، وشکی ناودەم، زۆر کێشانی جگەرە، تاقمی ددانی دەستکرد و ئەو کەرەستە و تەلانەی لە ڕاستکردنەوەی دداندا بەکاردەهینرێت، بەکارهێنانی ماددەی کوارەنتی، تیشکی لێکس کە بەکاردێت بۆ چارەسەر لە ناوچەی مل و سەر، نەخۆشیە لاوازکەرەکان وەک شەکرە، شێرپەنجەی خوێن، کەم خوێنی، لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری لەش.

 

جۆرەکانی نەخۆشی کەڕوو

لە ناو شانەکانی دەمدا چەند جۆرێک نەخۆشی کەڕوو هەیە، وەک بۆقژە کە بە شێوەی پەڵەی سپی لەناو دەمدا بڵاودەبێتەوە و ئازاریان نییە، لە منداڵی تازە لەدایکبوودا زیاتر دەردەکەوێت و دەتوانرێت بە ئاسانی ڕابماڵرێت.

 

نەخۆشی کەڕووی پوکانەوەی لە پڕ، ئەم نەخۆشیە بنکەکەی سپیە، بەڵام بە ئاسانی لاناچێت و زیاتر لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە تێکچوونی کۆئەندامی بەرگری و هەرسیان هەیە، توشبووانی ئەم نەخۆشیە هەست بە کزانەوە و سوتانەوە و بۆنی ناخۆشی ناودەم دەکەن، جگەرەکێشان وا دەکات ئە، نەخۆشیە زیاتر بێت.

 

نەخۆشی کەڕووی پوکانەوەی درێژخایەن، کە ئەم نەخۆشیە زیاتر لە شەویلگەی سەرەوەدا دەبینرێت، زیاتر لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە ددانی دەستکردیان هەیە، هۆکاری ئەم نەخۆشیە دەگڕێتەوە بۆ پاک ڕانەگرتنی ددانە دەستکردەکە و کەمی ڤیتامین B.

 

چارەسەری نەخۆشی کەڕوو

چارەسەری هەموو جۆرەکانی ئەم نەخۆشیە بریتیە لە بەکارهێنانی دەرمانی دژە کەڕوو وەک فلوکۆنازول، کلۆتریمازۆل، نیستاتین، کە بەشێوەی جیاواز هەیە وەک مەڵهەم، قەترە، کرێم، حەب، بەکاردەهێنرێت لە ژێر ڕێنمایی پزیشکدا یان پزیشکی ددان، دوای بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە لە دوای یەک هەفتە کەڕووەکە نامێنێت، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دەبێت.