"دەبێت گرنگی بە سروشتی خۆیان بدەن نەک جوانییەکی ناسروشتی"

گەشین کەمال، بەشی زۆری هاوڵاتیان داوا دەکەن پێستیان وەک وێنەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا بێت، بەڵام ئەوەی پێویستە دەبێت گرنگی بە سروشتی خۆیان بدەن نەک جوانییەکی ناسروشتی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چارەسەرکردنی پەڵەی پێست بە لەیزەر یەکێکە لە چارەسەرییەکان کە پزیشکان بەکاریدەهێنن، بەڵام بەکارهێنانی ئەم لەیزەرانە ڕێکار و شێوازی تایبەتی خۆی هەیە، کە بۆ هەموو نەخۆشییەکی پێست یاخود هەموو حاڵەتێک نابێت، یان بۆ ئەو کەسانەی هەموو ئامانجیان جوانکردنی ڕووخساریانە.

 

هەندێک پێیانوایە پێست دەبێت بێ پەڵە بێت، یاخود ساف بێت وەک ئەوەی هیچ کات بەر خۆر و تەپوتۆز نەکەوتبێت، یاخود وابیر دەکەنەوە ئەو دەموچاوانەی لە سۆشیاڵ میدیاکاندا هەن دەموچاو و پێستی سروشتی خۆیانە، کە بەو شێوەیە نییە، تەنها لەپێناو ڕێکلامێکدا یاخود سەرنجڕاکێشانی دەوروبەرە بۆ بەکارهێنانی بەرهەمێک و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەیە بە جوانکاری و دوورکەوتنەوەیان لە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دەیان دەستکاری دەکرێت بە بەرنامەی ئەلکترۆنی تایبەت بە جوانکاری.

 

"لەیزەر یەکێکە لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی پێست"

پزیشک گەشین کەمال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری ڕوونکردنەوەی تەواو لەبارەی لەیزەر و کاتی بەکارهێنانی بۆ نوژنها دەکات، باسی لەوەکرد تەنها یەک جۆر لەیزەر نییە کە چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست و چاڵی زیپکە بکات، بەڵام ئەو لەیزەرەی بۆ چاڵی زیپکە بەکاردێت پێی دەوترێت "فراکشناڵ لەیزەر" کە کار لەسەر تەنکی و قوڵی پێستەکە دەکات، "پێویستە بۆ چارەسەرکردنی چاڵی زیپکە یاخود هەر نەخۆشییەکی دیکە جۆرە لەیزەرێک بەکاربهێندرێت کە سەلامەت بێت بۆ ئەوەی دوای لەیزەرەکە پەڵە لەسەر پێستی دەرنەکەوێت".

 

هەندێک لەیزەر هەن کە پێیان دەوترێت "گۆڵتۆنین" ئەمانە تایبەتن بە زیپکە لە کاتی هەڵئاوسان، واتە یەکەم چارەسەری پێستەکەیە دواتر فراکشناڵی بۆ ئەنجام دەدرێت، لەیزەر بۆ پەڵەی زیپکە پێویستە کاتێک بکرێت کە زیپکەکان چالاکیان کەم بووبێتەوە و لە ئاستەکانی کۆتایدا بێت، بەڵکو نابێت پیسی و هەڵئاوساوی تێدابێت، لەدوای ئەنجامدانی لەیزەر پێوستە کەسەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک نەچێتە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەش دژە خۆر بە بەردەوامی دو کاتژمێر جارێک بەکاربهێنێت.

 

"لەیزەر بۆ چەندین نەخۆشی بەکاردێت"

پزیشک گەشین ئاماژەی بەوەدا، لەیزەر تەنها بۆ پەڵەی دوای زیپکە بەکارنایەت، بەڵکو چەندین نەخۆشی دیکەش هەن وەک نەخۆشی گولی، یاخود بۆ چارەسەری ئەگزیما، بەڵەکی و سەدەفیە بەکاردەهێندرێت، وتی "کاتێک کەسێک ڕاستەوخۆ داوای لەیزەر دەکات بۆی ئەنجام نادەین، پێویستە سەرەتا پێستەکە ببیندرێت ئەگەر پێویستی بە چارەسەر بوو بۆی ئەنجام دەدەین، دواتر لەیزەری بۆ دەکەین، هەندێک هەن لە لەیزەرەکان پێست ساف دەکەن، بەڵام ئەمە بۆ هەموو کەس ڕاست نییە، بەڵکو دەبێت کەسەکە خودی پێستی خۆی پەڵە و زیپکەی کەمی لەسەر بێت".

 

پێویستی هەنگاوەکانی لەیزەر پشت دەبەستێت بە چاڵی پەڵە و زیپکەکە، هەندێک چاڵ و پەڵە هەن هەرگیز باش نابن چەند هەنگاو لەیزەریشیان بۆ ئەنجام بدرێت

 

"هاوڵاتیان داوا دەکەن پێستیان وەک کەسانی ناو سۆشیاڵ میدیا بێت"

دەربارەی ویستی خەڵکی بۆ سافکردنی پێستیان گەشین کەمال ڕوونیکردەوە، کە خەڵکی زۆر سەردانی دەکەن، وێنەی کەسانی دیار و سۆشیاڵ میدیای نیشان دەدەن کە بیانکات بەو، بەڵام ئەو دەڵێت "چاوەڕێ مەکەن هەرگیز پێستان ساف ببێت، یاخود وەک وێنەی ناو سۆشیاڵ میدیای لێبێت، چونکە ئەوانە دوورن لە ڕاستییەوە".

 

هەروەها وتی: هەندێک کەس هەن ئەوەندە بە دوای ئەوەوەن لە یەکێک بچن کاری کردووەتە سەر باری دەروونیان، بۆ ئەم حاڵەتەش پێویستە سەرەتا چارەسەری دەروونی وەربگرێت، بگاتە ئەو باوەڕیەی سروشتی خۆی جوانە، دواتر چارەسەری پێست، چونکە هەرچەندە کارەکەی بۆ ئەنجام بدرێت لە کۆتایدا بەدڵی نابێت و دودڵ دەبێت لێی، هەمیشە هەوڵمانداوە ئەو کارانەی دەیانکەین بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی بێت، نەک دەرچوون لە سروشتی کەسەکە".

 

"پێویستە مرۆڤ سروشتی خۆی لەلا جوان بێت"

پزیشک گەشین ئەوەی خستەڕوو کە گرنگە مرۆڤ خودی خۆی لەلا پەسەند بێت، خۆیان بەلاوە جوان بێت و سروشتی خۆیان بوێت، نەک جوانکاری لە ڕادە بەدەر، چونکە هێندەی جوانی ناخ گرنگە جوانی ناسروشتی گرنگ نییە.

 

"پێویستە خودی خۆیان بەدواداچوون بۆ پێستییەکانیان بکەن بۆ ئەوەی زیادەڕەوی نەکەن و ڕێنمای لە بارەی جوانکاری و پێست بزانن، ئەمە تەنها بۆ ژنان نییە، بەڵکو پیاوانیش لە ئێستادا سەردانی پزیشکان دەکەن بۆ باشترکردنی پێستیان و ویستیانە باشتر دەربکەون".