پزیشک پروشە شوان ڕێنمای خۆپاراستن لە سکچوون و ڕشانەوە دەدات

پروشە شوان ڕێگەکانی خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە دەخاتەڕوو، ڕێنمایی دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

پروشە شوان، پزیشكی گشتی و پسپۆڕی خۆراك و كێش، لەبارەی خۆپاراستن لە سکچوون و ڕشانەوەی وەرزی چەند ڕێنماییەک بڵاودەکاتەوە، ئاماژە بەوەش دەدات کە سکچوون و ڕشانەوە بڕێكی زۆر شلەمەنی و كانزا لە جەستە دەكاتە دەرەوە، بۆیە گرنگە قەرەبووی لە دەستدانی شلەمەنی و كانزاكان بكرێتەوە بۆ دووركەوتنەوە لە ووشكبوونەوەی جەستە.

 

ڕێنمایی كاتی تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە:

- ئەو خواردنانەی لە كاتی تووشبوون بە پەتای سكچوون و ڕشانەوە بەكاردەهێنرێت دەبێت ئاسان بێت بۆ هەرسكردن و سووك بێت لەسەر گەدە، لەگەڵ دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ڕۆنی ناتەندروست و بەهاراتی تیژ و زیادە.

- پێویستە ژەمەكان لە شێوەی شۆربای مریشك بێت، زیادكردنی زەیت یان شۆربای سەوزەواتی كوڵاو و نەعنا یان نیسك یان برنجی نەرمكراوی بێ ڕۆن بێت.

 

- ڕۆژانە نەخۆش پێویستی بە دوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە، بە پەرداخ یان هەندێك حاڵەت قوم قوم بخورێتەوە، پێویستە ئاگاداربن زۆر خواردنی شلەمەنی و ئاو بەسەریەكەوە و لەیەك كاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەكە هەست بە دڵ تێكهەڵاتن یان ڕشانەوەی زۆر بكات.

-  ئەوەی گرنگە لە كاتی سكچوون و ڕشانەوە ئەو خۆراكانەیە بەكاربهێنرێت كە بە پۆتاسیۆم دەوڵەمەندن، گرنگترینیان: ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر ، نیسك، و ماسی.

- یەكێك لەو گیراوە گرنگانەی بۆ ئەم پەتایە دەتوانرێت لە سەرەتای نەخۆشیەكە سوودی لێببینرێت پەرداخێك ئاوی شلەتێنە لەگەڵ نیو لیمۆی گوشراو و كەوچكێك هەنگوینی سروشتی، كەوچكێكی چا لەخوێ.

- ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە بە زووترین كات سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشكەكەیان بكەن، چونكە نەخۆشانی شەكرە زیاتر و زووتر لە كەسانی تر ووشكدەبنەوە لەحاڵەتی سكچوون و ڕشانەوە.

 

- كاتێك سكچوون و ڕشانەوە لە نەخۆشەكە زیاد دەكات و ئاوی لەش زۆر كەم دەبێتەوە و توشی ووشكبونەوە دەبێت، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە و پزیشك بكات بۆ چارەسەری كتوپڕی قەرەبووكردنەوەی لەدەستدانی شلە و خوێ و كانزاكان.

 

بە گشتی سكچوون و ڕشانەوە ئەگەری وشكبوونەوەی زۆرە لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا، بەڵام هەندێك كەس وەك منداڵ و كەسانی بەتەمەن و تووشبووانی نەخۆشیە درێژخایەنەكان و بەكار‌هێنەرانی هەندێك دەرمان و ئەو كەسانەی كاری قورس و كار لەبەر خۆردا دەكەن دەبێت زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن، پروشە شوان ئاگاداری دەدات بەوەی لەو حاڵەتانەدا بە زووترین كات سەردانی پزیشك بكەن لە كاتی زیادبوونی نیشانەكاندا.

 

ئەو پزیشكە ڕایدەگەیەنێت لە كاتی پەتای سكچوون و ڕشانەوە و كۆلێرا، پێویستە هاوڵاتیان ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پاكوخاوێنی بگرنەبەر:

-  لە حاڵەتەكانی كەمترین گومان لە پیسبوونی ئاو دەبێت پێش بەكارهێنانی بكوڵێنرێت بۆ مەبەستی خواردنەوە و چێشت لێنان.

- پێویستە هەموو خۆراكەكان داپۆشراو بن و سەوزە و میوەكان پێش خواردنیان زۆر بەباشی بشۆرێتەوە و پاكبكرێتەوە بە دانانی بۆ ماوەیەك لەناو خوێ یان سركە یان گیراوەی تایبەت.

- دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو خۆراكەی بەكاریدەهێنیت لە سەرچاوەیەكی پاك و بە ئاوی پاك بەرهەمهێنراوە.

- دووركەوتنەوە لە خواردنی ساردەمەنیەكان و ئەو شەربەتە دروستكراوانەی پاكوخاوێنی و ئاوی بەكارهاتوو و كەرەستەكانی جێی دڵنیایی نیە.

- دووركەوتنەوە لە هەموو سەوزە نەكوڵاوەكان یان مامەڵەكردن لەگەڵ خواردنە نەشۆردراوەكان.

- دەستشووشتنی باش بە تایبەتی پێش نان خواردن و دوای بەكار‌هێنانی توالێت و خۆبەدوورگرتن لە هەموو بەركەوتنەكان لەگەڵ كەسانی نەخۆش.