پزیشک دالیا باس لە نیشانە و چارەسەرەکانی هەوکردنی مێشکی منداڵ دەکات

ماوەی مانگێکە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی میشک لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی بڵاوبووەتەوە و دکتۆرێک داوا لە دایکان و باوکان دەکات هۆشیار بن و نەترسن، بەڵکو لە کاتی هەبوونی هەر نیشانەیەک سەردانی نەخۆشخانە بکەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- نەخۆشی هەوکردنی پەردەی میشکی منداڵان، کە نەخۆشییەکی گوازراوەی ڤایرۆسییە لەناو منداڵاندا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بڵاوبووەتەوە، بەپێی دواین ئامار کە پزیشک دالیا محەمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە هەڵەبجە خستەڕوو، تاوەکو ٢٤ی نیسان تووشبوون بە نەخۆشیەکە گەشتووەتە ٤٧ منداڵ.

 

پزیشک دالیا محەمەد دەربارەی نیشانەی نەخۆشییەکە وتی: نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە بە پێی تەمەنەکان دەگۆرێت و لە تەمەنی خوار یەک ساڵ، تای بەهێزی دەبێت و ئارەزووی شیرخواردن لاواز دەبێت، مەڵاشووی منداڵەکە بۆ دەرەوە دێت و گریانی زۆر و بێخەوی ڕوودەدات، لە منداڵی سەروو یەک ساڵ، تای بەهێز، ڕشانەوە، هەستیاری بەرامبەر ڕووناکی و سەرئێشە، بێ هێزی و کەم خواردن و گەشکە دیارترین نیشانەکانن.

 

بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان لە هەڵەبجە ڕێژەی تووشبوون ڕوو لە زیادبوونە

پزیشک دالیا محەمەد باس لەوەش دەکات، بەارورد بە ژمارەی دانیشتوان ژمارەی تووشبووان زۆرە و تاوەکو ئیستا ٤٧ منداڵ توش بوون، هەندێک لە نەخۆشەکان دوای چارەسەر گەڕاونەتەوە ماڵ و ٢٧ منداڵ لە نەخۆشخانە ماون، سەبارەت بە هۆکاری گواستەوەی نەخۆشیەکە، وتی: نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە و ڕێگەی خواردنی ناتەندروست و بەرکەوتن لەگەڵ تووشبووان هۆکاری زۆری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەیە، لە تەمەنی یەک ڕۆژەوە بۆ کۆتا تەمەن ئەگەری تووشبوونی هەیە.

 

لە کاتی بوونی نیشانەکان پێویست نەخۆشەکە ببرێتە نەخۆشخانە

دایکان و باوکان سەرچاوەی ئاگادار بوونن لە منداڵەکانیان و پسپۆرانی بواری منداڵانیش داوا لە دایکان و باوکان دەکەن، لە کاتی هەبوونی هەر نیشانەیەک سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن، بۆئەوەی نەخۆشیەکە دیاری بکرێت، پزیشک دالیا دەڵێت: دیاریکردنی نەخۆشیەیە لە ڕێگەی پشکنینی پشکت دەکرێت، دایکان ترسیان نەبێت لەوەی کە منداڵەکەیان لە قاچ دەکەوێت، ونکە لە ژێر چاودێری پزیشکدا دەبێت و ترسی نییە.

 

ئەم پزیشکە ئاماژە بەوەش دەدات، لە وڵاتی ئێمەدا دەرمان بە ئاسانی بەبێ ڕەچەتەی پزیشک لە دەرمانخانەکان دەستدەکەوێت، بەڵام پێویستە دایک و باوکان دەرمان نەدەنە منداڵەکان، چونکە مەترسی دروستدەکات.

 

دایکان و باوکان نەترسن و هۆشیار بن

لە ئەنجامی خێرا بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبووەتەوە، بۆیە دالیا محەمەد داوا لە دایکان و باوکان دەکات هۆشیار بن و نەهێڵن منداڵەکانیان تیکەڵ ببن و لە حاڵەتی هەبوونی نیشانەکان بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکەن و دوانەکەون، چونکە دواکەوتن دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینایی و بیستن، یان تووشبوون بە گەشکەی درێژخایەن.