بە زانین و شارەزایی خۆیان سووتانی لاشەی مرۆڤ چارەسەر دەکەن

ژنانی چارەسەرکار لە قامیشلۆ ئاماژە بەوەدەکەن کە ژنان پێشەنگ و زانای کۆمەڵگەکەیانن و ڕەنگە ئێستا بارودۆخ و پڕۆسەکە گۆڕابێت، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کولتووری چارەسەرکردن بپارێزن.

ڤیان ئامەد

 

قامیشلۆ- سروشتی ژن داهێنەر بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە و ڕۆحی ژیانی هاوبەشی ژنان ڕێگەیان پێدەدات ببنە چارەسەرکار بۆ نەهامەتی و نەخۆشییەکانی کۆمەڵگەکەیان، گەڕان و بەرژەوەندیان بووە هۆی ئەوەی کە ژن وەک پزیشک و چاککەرەوەی ناو کۆمەڵگە ناوببرێت، لە مێژوودا ئەوانەی پەرەیان بە زانست داوە ژنانی چارەسەرکار بوون، بە دەستی خۆیان توانیان برین و نەخۆشی و لەدایک بوونی ژنان چارەسەر بکەن، ئەمڕۆ ئەو ژنانە بە تێگەیشتنێکی پیاو-دەوڵەت لە بواری پزیشکی و چارەسەری دوورخراونەتەوەو بواری تەندروستی گۆڕدراوە بۆ بوارێکی بازرگانی، ئەو تەندروستیەی کە ئەمڕۆ ڕۆح و لاشە جیادەکاتەوە و  بە ناوی شارەزاییەوە لاشەی دابەش کردووە، بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی سەیری تەندروستی کۆمەڵگە یان خەڵک دەکات، کولتووری چاکبوونەوە هێشتا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی لەکوردستان هەیەو ژنان بەدەستەکانی خۆیان زۆر نەخۆشی چارەسەر دەکەن.

 

٣٣ ساڵە لاشەی سووتاو بە دەرمانی سروشتی چارەسەر دەکرێت

شوکرییە گەورێی تەمەن ٦٣ ساڵ خەڵکی شاری قامیشلۆ ماوەی ٣٣ ساڵە سوتانی لەش بە دەرمانی سروشتیی چارەسەر دەکات و وتی: "لە ڕابردوودا، ئێمە لە ڕێگەی دەرمانی سروشتیەوە نەخۆشی و ئازارەکانی مرۆڤمان باشتر دەکرد، ئەم حەزەم بۆ چارەسەرکاری لە گەنجێتیدا دەستیپێکرد، لاشەی کچەکەم سووتا و بردمان بۆ دراوسێکانمان و دراوسێکانمان بە دەرمانی سروشتی چارەسەریان کرد،  ئەمە سەرنجی منی ڕاکێشا و هەروەها فێربووم چۆن سووتاویی بە دەرمانی سروشتی چاک بکەمەوە، ماوەی ٣٣ ساڵە دەرمانی سروشتیم بۆ ئەو کەسانەی سووتاون بەکارهێناوە، چارەسەرکردن لە دایکان و داپیرەکانمان بۆ ئێمە ماوەتەوەو تا ئێستا ئەو کولتوورە بەردەوامە، ئێستا من هەوڵ دەدەم ئەم کولتوورە بە نەوەکانی داهاتوو بگەیەنم، کاتێک ئەم کارە پیرۆزە بۆ کۆمەڵگەکەم دەکەم، پارە وەرناگرم، چونکە بواری تەندروستی بواری پارەپەیدا کردن نییە".

 

ماوەی ٤٠ ساڵە خەڵک چارەسەر دەکات

ئەڵماز عەزیزی تەمەن  ٧٠ ساڵ و خەڵکی شاری قامیشلۆ ماوەی ٤٠ ساڵە بە دەرمانی سروشتی چارەسەری ئەو برینانە دەکات کە سووتاون، وتی: " لە دایکمەوە فێری چارەسەرکردن بووم، دایکم بە دەرمانی سروشتی شوێنی ئەو برینی سووتاوییەکانی چارەسەر دەکرد و ئەمەش کاریگەری باشی هەبوو، هەوڵێکی زۆر دەدەم بۆ درێژەدان بە کلتورەکەمان، دایکم لە داپیرەم فێر بوو، منیش لە دایکمەوە فێر بووم، ئێستا منداڵەکانم فێر دەکەم و ئەم کولتوورە تا ئەمڕۆ وەک میراتێک هاتووەو زۆر پیرۆزە بۆ ئێمە، ئەوە ٤٠ ساڵە وەک چارەسەرکار برینە کۆنەکان چاک دەکەمەوە، ژنان پێشەنگ و زانای کۆمەڵگاکەیانن، ڕەنگە ئێستا بارودۆخ و پڕۆسەکە گۆڕابێت، بەڵام هەوڵمان پاراستنی ئەم کولتوورەیە".

 

"پێویستە دەرمانی سروشتی پەرەپێبدەین"

شەمسیخان گوڵۆ کە داپیرەی چارەسەرکار بوو باسی ئەو ڕۆژانەی کرد کە داپیرەی خەڵکی چارەسەر کردووەو وتی: "لە کۆمەڵگەدا زۆر ژن هەن کە بە شێوەیەکی سروشتی بوونەتە چارەسەرکار یەکێک لە ژنەکانیش داپیرەی من بوو داپیرەم لە هەموو نەخۆشییەکانی دەزانی و خەڵکێکی زۆر بە دەرمانی سروشتی باش بوون، داپیرەم ئەم کارەی بێبەرامبەر دەکردو خەڵک متمانەی زۆری پێ دەکرد، پزیشکەکان لە ئێستادا کار بۆ کۆمەڵگە ناکەن، بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان یان بەرژەوەندی دەزگاکان هەڵسوکەوت دەکەن، بۆیە بواری تەندروستی بووەتە بوارێکی بازرگانی و کاتێک نەخۆشەکان دەچنە لای پزیشک دەرمانی کیمیاییمان پێدەدەن".