ئاگاداربوونی دایک و باوک ددانێکی تەندروست بە منداڵان دەبەخشێت

لە پێناو هەبوونی ددانی تەندروست بۆ منداڵان، پێویستە لە منداڵییەوە دایکان و باوکان ئاگاداربن، بیانبەن بۆ پشکنینی پزیشک بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کێشە لە ددانەکانیاندا، پزیشکێک دەڵێت: "منداڵ هەیە ددانی لە تەمەنێکی کەمەوە خراپ بووە".

شنیار بایز

 

سلێمانی- منداڵان بەهۆی ئاگادارنەبوونی خێزانەکانیان و ناهۆشیاری دەربارەی تەندروستیان، ڕووبەڕووی تەندروستییەکی خراپ دەبنەوە، ددانی منداڵان یەکێکە لەو ئەندامەی جەستە، بەردەوام ڕووبەڕووی ئازار و کلۆربوون دەبێتەوە، ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە. لەپێناو باشترکردنی دۆخی تەندروستی ددانی منداڵان گرنگە خێزانەکان هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ تەندروستی منداڵەکانیان بکەن و لە کاتی پێویستدا بیانبەن بۆ سەردانی پزیشکەکان.

 

بینایی جەلال، پزیشکی ڕاهێنراوی ددان، دەربارەی تەندروستی منداڵان ئاماژەی بەوەدا، پارێزگاریکردن لە ددانی منداڵان و پاک ڕاگرتنیان گرنگە لە سکی دایکییەوە دەستپێبکات و تا گەورەبوون بەردەوام بێت، ئەویش بە خواردنی ڤیتامینات و خواردنی باش لەلایەن دایکەکەوە، چونکە ئەمە وادەکات جەستەی منداڵەکە پتەو بێت و لە کاتی دروستبوونی ددانی شیریدا دانێکی گونجاو بەرهەم بێت.

 

بە پێی تەمەنی منداڵەکان پێویستە پارێزگاری لە ددانەکانیان بکرێت

پارێزگاریکردنی ددانی منداڵان بە پێی تەمەنەکانیان دەگۆڕدرێت، لە سەرەتاوە و لە تەمەنی نێوان چوار بۆ شەش مانگی کاتێک ددانێکی بچووک دروستدەبێت، کە تەنها شیری دایکی یاخود شیری قوتو پێدەخوات، بە پارچە لەفافێکی بچوک و لە ڕێگەی ئاوی شلەتێنەوە پێویستە ددانەکە پاکبکرێتەوە، چونکە مانەوەی شیر بەسەر ددانەکانەوە وادەکات جۆرە ترشییەک لە دەمی منداڵەکەدا دروستببێت و ببێتە هۆی دروستبوونی کلۆر.

 

لە پاش شەش مانگی بۆ سێ ساڵی ددانەکانی دیکەی منداڵەکە دێنە دەرەوە، تا ٢٠ ددان کە پێی دەوترێت ددانی شیری دەریەت، بۆ ئەم مەبەستەش دایکان پێویستە لە ڕێگەی فڵچە و پاکەرەوەی تایبەت بە منداڵان ددانی منداڵەکان خاوێن بکەنەوە، لە پاش خاوێنکردنەوەش بە ئاو پاکی بکەنەوە بۆ ئەوەی ماددەکە قووت نەدەن، هەروەها لە پاش ساڵێکیش بەردەوام بیانبەن بۆ سەردانی پزیشک.

 

"نابێت هەمان فڵچە بۆ چەند منداڵێک بەکاربهێنرێت"

ئەو پزیشکە باسی لەوەکرد، هەموو جۆرە فڵچەیەک بۆ پاککردنەوەی ددانی منداڵان بەکارنایەت، بەڵکو دەبێت فڵچەی تایبەت بە منداڵان بێت، دەبێت دوو بۆ سێ مانگ جارێک فڵچەکە بگۆڕدرێت، وتیشی: هەر کاتێک فڵچەکە بەکاربهێنرێت پێویستە لە پاش بەکارهێنانی بە ئاو پاکبکرێتەوە، لە شوێنێکدا دابنرێت کە وشک ببێتەوە، هەروەها فڵچەی منداڵێک لەگەڵ یەکێکی دیکە تێکەڵ نەکرێت، چونکە هۆکارە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی لە نێوان منداڵەکاندا".

 

ئاماژەی بەو کێشانەی ددان کرد کە بەردەوام منداڵان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەوانە کلۆربوونی ددانەکانیان، هەوکردنی پوک کە هۆکاری سەرەکی مانەوەی خۆراکە لەسەر ددانەکە و پاکنەکردنەوەیەتی، هۆکاری ئەم کلۆربوون و کێشانەی ددانی منداڵەکانی ڕوونکردەوە بریتین لە "نەبوونی پاکوخاوێنی بە هۆی تەنکی ددانەکانیان وادەکات دانەکە زوتر خراپ ببێت، خواردنی شیرینی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کلۆربوونی ددانەکان".

 

جیاوازی ددانی شیری و هەمیشەیی چییە؟

لە وەڵامدا پزیشک بینایی ڕونیکردەوە، جیاوازی لە نێوان ددانەکاندا هەیە، بە شێوەیەک ددانە شیرییەکان ژمارەیان بە بەراورد بە ددانە هەمیشەییەکان کەمترە، قەبارەیان بچوکترە، وە چینی پێکهاتەی ددانەکان ناسکترە لە ددانی هەمیشەیی، ئاماژەی بەوەدا ددانی شیری تا سەر نییە و دەکەوێت، بەڵام هەمیشەیی وەک ناوەکەی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە تا هەمیشە لەگەڵ مرۆڤەکەدا دەبێت.

 

باسی لەوەشکرد، شێوەی ددان لەگەڵ قەبارەکەی هەندێک کات دەگەڕێتەوە بۆ بۆماوەیی، بۆیە گرنگە دایکەکە لە کاتی دووگیانیدا ئاگاداری خۆی ببێت لەپێناو تەندروستییەکانی باشتر بۆ منداڵەکەی، بە گرنگی دەزانێت، منداڵان شەش مانگ جارێک ببرێن بۆ سەردانی پزیشکان لە پێناو دڵنیابوون لە تەندروستی ددانەکانیان.

 

"خێزان هەیە تا ئێستا هۆشیاری تەواوەتی دەربارەی تەندروستی منداڵەکانیان نییە"

دەربارەی هۆشیاریی خێزانەکان لە ئاگاداربوونی لە ددانی منداڵەکانیان پزیشکی ڕاهێنراو بینایی ئاماژەی بەوەکرد، خێزانەکان بوونەتە دوو بەشەوە هەندێکیان ئاگاداری ددانی منداڵەکانیانن، بەڵام بە پێچەوانەوە هەندێکی دیکەیان ئاگاداری تەندروستی ددانی منداڵەکانیان نین، بۆیە ددانیان زۆر خراپە و ڕووبەڕووی کلۆربوون بووەتەوە، دەڵێت: پاراستنی ددانی منداڵ کارێکی گرنگە چونکە هۆکارە بۆ هەبوونی دەروونێکی باش بۆ منداڵان، جووینی خواردنەکان بە شێوەیەکی گونجاو.

 

سەبارەت بە خواربوونی ددانی منداڵان ڕوونیکردەوە، کە زۆر هۆکار هەن بۆ خواربوونی ددانی منداڵان، لەوانە بوونی شەویلگەیەکی بچوک کە وادەکات تەواوی ددانەکان بە شێوازێکی ڕێک ڕیز نەبن، هەروەها زوو دەرهێنانی ددانەکان وادەکات خواربوون بە ددانەکانەوە دیاربێت، وتی: هەندێک دایک و باوک هەن بێ گوێدانە کات ددانی منداڵەکانیان دەردەکەن ئەمەش دەبێتە هۆی خواربوونی ددانی هەمیشەیی و دڕەنگهاتنی ددانە هەمیشەییەکە.

 

"باشترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی کلۆری ددانی منداڵان نەخواردنی شیرینییە"

لە کۆتاییدا بە پێویستی زانی ئاماژە بەوە بکات، باشترین کات بۆ خواردنی شیرینی بۆ منداڵەکان لە پاش نانخواردنە، بڕی شیرینییەکە و جۆرەکەشی گرنگە دیاریبکرێت، بە شێوەیەک ڕۆژانە تەنها یەک جۆر شیرینی بخوات، وتی: داواکارم لە دایکان و باوکان منداڵەکانیان بهێنن بۆ پشکنینی ددانەکانیان، منداڵەکانیان فێربکەن ددانەکانیان بشۆن بۆ ماوەی دوو دەقە و ڕۆژی دوو جار، گرنگە دایکان و باوکان لەکاتی شۆردنی ددانی منداڵەکانیان لەگەڵیاندا بن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە پاککردنەوەی، چونکە پێویستە بە شێوەی بازنەیی ددانەکان بشۆرێت، هەروەها ئەو خواردنانە کەم بکرێتەوە کە دەمێنێتەوە لەسەر ددانەکان وەک "شیرینی، جپس، و خواردنەوە گازییەکان".