تووشبووانی شەکرە لە وەرزی زستاندا پێویستییان بە چەند خۆراکێکە

تووشبووانی شەکرە کە هەمیشە دەبێت ئاگاداری جۆری خواردنەکانیان بن، لە وەرزی زستاندا دەبێت زیاتر لە خەمی کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەیاندا بن و چەند خۆراکێک زۆر سودی بۆیان دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

تووشبووانی شەکرە پێویستیان بە سیستمی خۆراکی تایبەت و تەندروست هەیە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی شەکر بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا کە خواستی خواردن زیاتر دەبێت و چالاکی و وەرزشکردن کەمدەبێتەوە، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکرە.

 

باشترین ئەو خواردنانەی کە بۆ تووشبووانی شەکرە لە وەرزی زستاندا سودی هەیە، بریتین لە:

پڕتەقاڵ، سەرچاوەیەکی سەرەکی پۆتاسیۆم، ڕیشاڵ و ڤیتامین سی-یە، لە وەرزی زستاندا خواردنی بە ڕێژەیەکی گونجاو سوودێکی زۆری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی شەکر هەیە.

 

چای دارچینی، زۆر گرنگە بۆ تەندروستی و تایبەتمەندی دژەئۆکسان و هەوکردنی بەهێزی هەیە، بەرگری جەستە بەهێزدەکات، یارمەتی دابەزینی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ دەدات، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە و ڕۆڵێکی گرنگی لە دابەزینی ڕێژەی شەکری خوێندا هەیە.

 

سەزەواتەکان، سەوزەواتەکانی وەک کەلەرم، قەڕنابیت و بڕوکلی لەوەرزی زستاندا سوودێکی زۆریان بۆ دابەزینی ڕێژەی شەکری خوێن هەیە، چونکە دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵەکان، لەگەڵ ئەوەشدا سوودێکی زۆریان بۆ کرداری هەرس هەیە.

 

سێو، بەیەکێک لە باشترین میوەکان لەوەرزی زستاندا دادەنرێت سەرچاوەیەکی سەرەکی کاربۆهیدرات، دژەئۆکسان، ڕیشاڵ و ڤیتامینەکانە یارمەتی دابەزینی ڕێژەی شەکری خوێن دەدات و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لەجۆری دوو کەمدەکاتەوە.