ژنۆلۆژی؛ ئەگەر لە کۆمپانیا قازانجویستە تەندروستییەکان ڕزگار نەبین، هەبوونمان لە مەترسیدایە

بارزگانیکردن بە دەرمان و پێداویستی تەندروستی بەناوی خزمەتی کۆمەڵگەوە، نەیتوانیوە نەخۆشییەکانی ناو کۆمەڵگە کەمبکاتەوە، بەڵکو لەپێناو بەدەستهێنانی سەرمایەدا چارەسەری نەخۆشییەکانیش بەلاڕێدا دەبرێت و نادۆزرێتەوە،

سروە نێرگز

 

ناوەندی هەواڵ- لە هەموو وڵاتانی جیهان کەرتی تەندروستی ھەستیارترین کەرتە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ھاونیشتمانیانەوە ھەیە، گرنگیدان بە سیستمی تەندروستی، پێویستی بە شارەزایی و چاودێری تەندروستی هەیە، کەلوپەلی پێداویستی ئاسانکاری بەردەست و دابینکردنی بەردەوامی دەرمان و جۆری پێداویستییە ئاسانکارییەکان بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، وادەکات ژیانی هاوڵاتیان لە گەرەنتی سەلامەتیدا بێت، ژینگەی تەندروستیش کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاد بنرێت، هەروەها تاکێکی تەندروستیش لەدایک ببێت، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگە نەخۆش بێت، وادەکات تاکێکی نەخۆش لەدایک ببێت و ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژینگەوە هەیە.

 

کاتێک مرۆڤ ژیانێکی تەندروست بەڕێوەدەبات، جەستە بە تەندروست دەمێنێتەوە و مێشک چالاک و تازەیە، ژیانی تەندروست تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکات و هەروەها جەستە و مێشکی نوێ دەکاتەوە. هەبوونی تەندروستییەکی باش گرنگی سەرەکی هەیە بۆ بەختەوەریی مرۆڤ، لە کۆمەڵگەیەکدا چەندە مرۆڤ تەندروستتر بێت، ئەوا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

 

ئەگەر بێت و سەیری دام و دەزگا تەندروستییەکان بکەین، دەبینین کار بۆ سیستمی سەرمایەداری  دەکەن، بۆ بەرژەوەندی بازرگانی لە هەوڵی ئەوەدان ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵك ئاڵودەی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان بێت، ئەمەش وادەکات گەلێکی نەخۆش دروست ببێت، لەکاتێکدا ئەو دەرمانەی بۆ چارەسەری نەخۆشیەک بەکاریدەهێنین ڕەنگە ببێتە هۆی چارەسەری نەخۆشییەکە، بەڵام چەندین بارە بەکارهێنانەوەی دەبێتە دووبارە بەکارهێنانەوەی دەرمانی زیاتر ئەمەش دەبێتە هۆی ئالودە بوون بە دەرمان.

 

ژنۆلۆژی دەربارەی بازرگانانی دەرمان و تەندروستی

لە پەرتوکی ژنۆلۆژیدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەگەر ئەمرۆ نەتوانین تەندروستیمان لە دەستی کۆمپانیا گەلێک، کە بەپێی یاسای قازانجی زیاتری پاوانی سەرمایەداری ڕزگار بکەین، ئەوا هەبوونمان لە مەترسیدایە و لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە، ئەگەر نەتوانین خۆ لە نەخۆشییەکانی سیستم و چەمکە نەخۆشەکان ڕزگار بکەین، ئەوا سیستمی بەرگری خۆییمان شکستی هێناوە، بواری تەندروستی ئەمڕۆ بووەتە بوارێک کە کۆمەڵگە بە باشترین شێوە دەبێت پەرە بە سیستمی بەرگرییەکەی بدات. لەلایەکەوە سیستم ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشی بە ئاگاییەوە بڵاودەکاتەوە. دوایش دەرمانی ئەو نەخۆشییە بەرهەمدەهێنێت و تەندروستیمان دەکاتە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵاکانی، نەخۆش دەکەنە کڕیار، ئەوانەشی خزمەتی تەندروستی دەکەن دەبنە بازرگان.

 

پیشەسازی تەندروستی بازاڕێکی فراوانە کە پێکهاتووە لە کەرتەکانی وەک خزمەتگوزاری پزیشکی، کەرەستەی پزیشکی، بەرهەمهێنانی دەرمان، بیمەی پزیشکی، و زۆرانی تر، بوارە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی بە کۆمەڵ دڵنیایی لە کاریگەربوونی دیاریکردن و پەرستاری و چارەسەر و بەڕێوەبردنی نەخۆشی و بریندارەکان و باشبوونی گشتی خەڵک دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین کەرتە تەندروستییەکان بە تایبەت و حکومییەکانەوە بوونەتە جێگای بازرگانی دەوڵەت و خاوەن کۆمپانیا زلهێزەکان، کە ئەمەش ڕۆژ بە رۆژ مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی زیاتر دەکات.

 

بە پارەیەکی زۆر هەستی ئاسودەیی لای نەخۆش دروستدەکەن

چاودێری تەندروستی، بوون بە پیشەسازی خزمەتگوزاری، بە مانای ڕاستی گەشەسەندنی سیستمی سەرمایەداری لەسەر ئەوەی کە چۆن مرۆڤ لە ژینگەی خۆیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، وا لە نەخۆشەکان و خەمخۆرەکانیان دەکات کە هەست بە بایەخ و گوێگرتن و هاوسۆزی بکەن، ئەمەش بەرامبەر پارەیەکی زۆر، کە زۆربەی جار لە توانایی زۆرێک لە نەخۆشەکاندا نییە و لەهەمان کاتدا نەخۆشەکان وا هەست دەکەن کە زۆر بەباشی چاودێریان دەکرێت، بێئاگا لەوەی بوونەتە کەرەستەیەکی بازرگانی سیستمی دەسەڵاتداری.

 

زۆرێک لە توێژەران و پزیشکەکان سەرنجی خۆیان دەخەنە سەر توانای زیرەکی دەستکرد بۆ خێراکردنی پرۆسەی دەستنیشانکردن و یارمەتیدان لە بڕیاری پزیشکی و دابینکردنی چارەسەری زووتر، پسپۆڕانی پزیشکی دەتوانن پێشکەوتنەکان ببینن لە دەستێوەردانی زوو و دەرەنجامی نەخۆشەکان.

 

هەروەها ئەو نەخۆشیانەی کە لە ڕۆژگاری ئەمرۆشماندا بەرچاون و زیانێکی زۆریان بە مرۆڤایەتی گەیاندووە، گەر بێت و بە قوڵی لێکۆڵینەوە بکەین دەبینین کە ئەو نەخۆشیانە دەستکردن و لەگەڵ سەرهەڵدانیان چارەسەریشیان بۆی ئامادە کردووە، لە ڕێگەی ڤاکسین یان دەرمانی جیاجیاوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پشت بەستنی زیاتری هاوڵاتیان بە کەرتە تەندروستییەکان، زۆرێک لەو نەخۆشیە دەستکردانە کاردانەوەی لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت و دوای چارەسەر دەبینین مرۆڤ وەک و ئامرازێک بۆ ساغکردنەوەی دەرمان و نەخۆشی بەکاردەهێنرێت.

 

هەندێ جار هەموو نەخۆشێک هەمان وەڵام ناداتەوە بۆ دەرمانەکان، بۆیە شیکاری پێشبینیکار دەتوانێت ڕێگە لە کاریگەرییە ناپێویستەکانی چارەسەرەکانی نەخۆشیەکان بگرێت، کە لەوانەیە کار بۆ نەخۆشەکە نەکات و ببێتە هۆی مردنی نەخۆش، هەندێکجاریش کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی نەخۆش دەهێڵێتەوە.

 

لێرەدا ئەوەی کە ماوەتەوە بوترێت، ئایا ئێمە دەتوانین تەندروستی خۆمان لە ژێر سیستمی سەرمایەداری ڕزگار بکەین، کە بووینەتە بازاڕی ساغکردنەوە دەرمان؟