ھۆکارەکانی ئازاری مل چییە لە کاتی ھەستان لە خەو؟
بەدڵنییایەوە ھەستان لە خەو لەگەڵ ئازاری شان و ملدا زۆر بێزارکەرە و ئەو ڕێگایە نییە کە تۆ بتەوێت ڕۆژەکەتی پێ دەستپێبکەیت، بەئاسانی مەزاجت تێکدەدات و وادەکات بە سادەترین جووڵە، وەکو سوڕانی سەر و مل ئازارت بۆ دروستبێت.
ناوەندی هەواڵ
دەربارەی ھۆکارەکانی ئازاری مل چییە لە کاتی ھەستان لە خەو د. ههڤین کهمال، پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج و ئهندامی پڕۆڤیشناڵی ئهکادیمیایی ئهمریکی بۆ ئازار شکاندن، ئاماژەی بەوەکرد کە لەوانەیە زۆر بیر لە شێوازی جەستە نەکرێتەوە لەکاتی خەوتندا، یاخود ئەو سەرین (بالیفە)ی بەکاریدەھێندرێت، بەڵام ئەم دووانە دوو ھۆکاری گرنگن بۆ دروستبوونی مل ئێشە و دەبنە ھۆی پشت ئێشە و ئازاری جۆراوجۆری تریش، توێژینەوەکان دەڵێن تێکچوون و کێشەی خەو بە ڕێژەی ٥٪ سەرچاوەی ئازاری بەردەوامن، زۆربەی ئەم ھۆکارانە دەتوانن کۆنتڕۆڵ بکرێن، ھەربۆیە گۆڕینی ھەندێک خووی خەوتن یاریدەدەرە بۆ کۆنتڕۆڵی ئازاری شان و مل .
ھۆکارەکای ئازاری مل
- شێوازی خەوتن: خەوتن لەسەر دەم ھۆکارێکی گرنگە بۆ ئازاری مل، ملت لەوانەیە بەیەک لادا بکەوێت بۆ چەند کاتژمێرێک، کە کاریگەری ھەیە لەسەر ماسولکەکانی مل و گرژبوونیان، ھەروەھا کاریگەری خراپیشی ھەیە لەسەر ماسولکەکانی پشت.
-بالیف یاخود سەرین: ھەڵبژاردنی بالیفی تەندروست کە بۆ شان و ملی تۆ گونجاو بێت زۆر گرنگە، ئەو بالیفەی ھاوسەنگیەکی باش بۆ شان و ملت دروست نەکات، ئەگەری دروستکردنی فشاری ھەیە لەسەر ماسولکەکانی ملت و دروستکردنی مل ئێشە.
-جووڵەی لە پڕ: وەک ھەستانە سەرپێی لە پڕ یاخود لەکاتی خەودا جوڵاندنی لە پڕی قۆڵەکان، ئەگەری دروستبوونی مل ئێشە زیاد دەکەن.
-پێکانی پێشووتر: وەک ڕوودانی وێپلاش (فشار بۆ سەر ماسولکەی مل لەکاتی ڕووداوێکدا)، یاخود پێکانە وەرزشییەکان، لەدوای چەند ڕۆژێک لە پێکانەکە لەوانەیە ھەست بە ئازار بکرێت.
-ھەندێک ھۆکاری تر: وەک شێوازی ھەڵەی وەستان لە ڕۆژدا، کارکردن بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر کۆمپیوتەر و بەکارھێنانی زۆری مۆبایل، داخورانی جومگەکانی مل، خزانی دیسکی مل، ھەندێک حاڵەتی نەخۆشی وەکو ڕۆماتیزم و فایبرۆمایەڵجیا .
چۆن لە ئازاری مل ئێشە خۆت ڕزگاردەکەیت؟
-ئەگەر لەسەر دەم (لەسەر سک) دەخەویت، ھەوڵ بدە لەسەر لا بخەویت و بالیفێک بخەیتە نێوان ئەژنۆکانت (بە شێوەی منداڵ لەسکی دایکیدا)، دڵنیابەرەوە لەوەی کە بالیفەکە لەژێر سەرتدا بەرزتر نیە وەک لەژێر ملت، ھەوڵبدە بالیفی پەڕ بەکاربێنیت کە بە ئاسانی شێوەی سەر و ملت وەردەگرێت، بەڵام لەبەرئەوەی بالیفی پەڕ زوو تێکدەچێت، باشترە ساڵی جارێک بگۆڕێت و بالیفێکێ نوێ بەکاربھێنرێت، بالیفێکیش بەکارمەھێنە کە زۆر ڕەق بێت یان زۆر نەرم، بەڵکو با مامناوەند بێت.
- ئەگەر دۆشەکەکەت لەناوەڕاستدا چاڵ بوو، ھەوڵبدە بە زووترین کات بیگۆڕیت، دۆشەکێک بەکاربھێنە کە نە ڕەق بێت نە زۆر نەرم، کەبتوانێت پاڵپشتی ماسولکەکانی پشت و ملت بکات.
-ھەوڵبدە بە ڕۆژ شێوازی وەستان و دانیشتنت تەندروست و ڕاست بێت.
-کاتێک مۆبایل بەکاردێنیت ھەوڵبدە لە ئاستی چاوتدا ڕایگریت، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەیت لە نوشتانەوەی ملت، مۆبایلەکەشت لەنێوان شان و گوێتدا ھەڵمەگرە لە کاتی قسەکردن.
-وەرزش بکە بەشێوەیەکی ڕۆژانە و ڕێک، وەرزشی ڕۆژانە یارمەتی بەھێزکردنی ماسولکەکان دەدات، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت.
-ئەگەر ئازارت بۆ پەیدا بوو، دەتوانیت پاکی سارد بەکاربێنیت، ئەگەر زیاد لە چەند ڕۆژێکی خایاند بیکە بە پاکی گەرم بۆ ماوەی بیست خولەک لەسەر شوێنی ئازارەکە.
-دەتوانیت ھەندێک وەرزشی سادە ئەنجامبدەیت وەک ڕۆشتن بەپێ، یۆگا، وەرزش لەناو ئاودا...ھتد، ئەمانە یارمەتی ھاتوچۆی خوێن دەدەن لە ناوچەکەدا، ئازار و گرژی کەمدەکەنەوە، ھیچ کاتێک لە جووڵە مەوەستە، وەستان لەجووڵە گرژی و ئازار زیاد دەکات.
-بەکارھێنانی ئازارشکێن و ماسولکە خاوکەرەوەکان .
د. هەڤین کەمال ئاماژەی بەوەشکرد کە مرۆڤ (١⁄٣)ی ژیانی لە خەودا بەسەردەبات، بۆیە زۆر گرنگە جێگای خەوتن لەبار و تەندروست بێت.