شێوازی جوڵە و خووی ڕۆژانەی ھەڵە هۆکاری ئازاری شانەکانە

پزیشک هەڤین کەمال، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج، هۆکار و چەند ڕێنماییەک بۆ چارەسەرکردنی ئازاری قۆڵ و شانەکان دەخاتەڕوو، کە یەکێکە لە ھەرە بێزارکەرترین ئازارەکانی جەستە.

ناوەندی هەواڵ 

 

ئازاری قۆڵ و شانەکان یەکێکە لە ھەرە بێزارکەرترین ئازارەکانی جەستە، جا ئازاری شان، بازوو و قۆڵەکان، یان مەچەک و دەست و پەنجەکان بێت، ھۆکار زۆرە بۆ دروستبوونی ئەم ئازارانە، بە پێی ھۆکارەکەی نیشانەکانی دەگۆڕێت.

 

لەو بارەیەوە پزیشک هەڤین کەمال، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن هۆکار و چەند ڕێنماییەک دەخاتەڕوو.

 

ھۆکارەکانی ئازاری قۆڵ و شانەکان؛

١- شێوازی بەکارھێنانی ھەڵەو خووی ڕۆژانەی ھەڵە:

--- ھەڵگرتنی شتی قورس:

خراپ ھەڵگرتنی شتی قورس، ئەویش بە بەکارھێنانی تەنیا یەک قۆڵ. ڕێگای ھەڵگرتنی ھەڵە زۆر جار ئازار دروست دەکات لە ئێسکدا، لەبەرئەوە ھەڵگرتنی شتی قورس بە ھەردوو پەلی سەرەوە باشترە، جگە لەوەی دەبێت بە دەستەکان ھەڵبگیرێت نەک ھەڵبواسرێت بە قۆڵەوە.

 

--- شێوازی ھەڵە و جوڵەی ھەڵە لە کاتی کاردا:

زۆربەمان لە کاتی کاردا دەستەکانمان بەکاردێنین، لە کاتی کاری وەک ئیش کردن لەسەر کۆمپیوتەر یاخود نووسین لەسەر کاغەز، بەڵام دانانی تەندروستی قۆڵ و دەست زۆر گرنگە، بۆیە گرنگە ھەر ١٥ چرکە جارێک شێوازی دانانی قۆڵت بگۆڕیت و وەرزش بکەیت بە پەنجەکانی دەستت.

 

--- شێوازی ئۆتۆمبیل لێخوڕین:

لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەیەکی زۆر و لەگەڵ مانەوە لەسەر یەک شێوازی دانانی قۆڵ و دەستەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەرزکردنەوە و ڕاکێشانیان ئازار دروست دەبێت، بۆیە دەبێت زوو زوو دەست و باسک و بازووت بجوڵێنیت و وەرزشی پێ بکەیت.

 

--- شێوازی نووستنی ھەڵە:

ھەندێ کەس لەسەر قۆڵێکیان دەنوون، یاخود بەشێوەیەکی ناتەندروست دەینوشتێننەوە، لەوانەیە بەو شێوەیە ئاسوودەبن لە نووستنەکەیاندا، بەڵام ئەمە زیان دروست دەکات بۆ داھاتوو کە ئەو ماسولکانە ئازار دروست دەکەن.

 

٢- ئازار لە قۆڵەکان بەھۆی ھۆکاری نەخۆشیەوە:

بڕێکجار ئازاری شان و قۆڵ بەھۆی ھەبوونی نەخۆشیەکەوە دروست دەبێت کە باوترینیان ئەمانەن:

١- کارپاڵ تونیل سیندرۆم:

بەھۆی بوونی فشار لەسەر ئەو دەمارەی کە دەچێت بۆ دەستەکان و ناوی (median nerve)ە، سڕی و ئازار دروست دەبێت لە پەنجەکان دا، ھەروەھا ھەندێک جار دەچێت بۆ دەست و قۆڵەکان.

 

زۆربەی جار بەھۆی بەکارھێنانی زۆری دەستە تووشبووەکە لە کاتی کاردا و مستەکۆڵەی بەھێز یاخود بەکارھێنانی زۆری کۆمپیوتەر و مۆبایل دروست دەبێت، بۆیە پشوودان بە دەستەکان گرنگە و لەگەڵیدا وەرزشی تایبەت و ھەروەھا بە پێی ئەو ڕێنماییانەی پزیشکی پسپۆڕ دایدەنێن بۆ ئەوەی نەشتەرگەری پێویست نەبێت.

 

٢- نەخۆشییەکانی دڵ یاخود جەڵتەی دڵ:

ھەندێک جار شان و قۆڵ ئێشە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ ڕوودانی جەڵتەی دڵ، بە تایبەتی ئەگەر لەگەڵیدا ئازاری سەرسنگ ھەبوو، بۆیە پێویستە بە خێرایی ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت، لەگەڵیشیدا لەوانەیە ھەناسە توندی و ڕشانەوە و دڵ تێکەڵھاتن و سەرگێژخواردن، عارەق کردنەوە و ھەرس نەکردنی خواردن و لێدانی خێرای دڵی لەگەڵدا بێت.

 

٣- ھەوکردنی ماسولکەکانی قۆڵ و شان:

بەھۆی ھەڵگرتن و لابردنی شتومەکی قورس هەندێک جار ماسولکەکان ھیلاک و شەکەت دەبن، دەبنە ھۆی دروست بوونی کلس لە بەستەر و ژێی ماسولکەکان یاخود ھەوکردن لە ماسولکەکاندا، ناسینەوەی ئەم جۆرە ئاسانە چونکە بە دەست لێدان و جوڵانی ماسولکەکان ئازار دروست دەبێت، دەتوانرێت تەنیا بە بەکارھێنانی کرێم و جێڵی تایبەت و مەساج کردن بە زەیتی زەیتوون یاخود زەیتی نەعنا ئەمە چارەسەر بکرێت کە دژە ھەوکردنیان تیادایە و ھەوکردنەکە ناھێڵن، ھەروەھا پشودان و وەرزش کردن و دوور کەوتنەوە لە ھەڵگرتنی شتی قورس بەتەنیا یاخود بە یەک دەست.

 

٤- ئازار و ھەوکردن لە مل دا و کێشەی بڕبڕەکانی مل:

ھەندێک جار بوونی کێشەیەک لە مل دا دەبێتە ھۆی ئازار لە شان و قۆڵدا، سڕبوون و دەرزی ئاژەنین لە پەنجەکاندا، لەبەرئەوەی ئاو دەمارانەی لە بڕبڕەکانی ملەوە دەردەچن ھەمان دەمار دێن بۆ قۆڵ و دەستەکان، بوونی ھەر فشارێک لەسەر ئەم دەمارانە، ئایە بەھۆی ئینزلاقی دیسکەوە بێت یاخود داخورانی جومگەی فاسیت بێت لە ملدا، دەبنە ھۆی دروست بوونی ئازار، ھەندێک جار فشار لەسەر دڕکە پەتک ئازاری توند دروست دەکات لە قۆڵەکاندا.

 

شێوازی نووستنی ھەڵە و دانیشتنی بەردەوام بەشێوەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر و فشاری باری دەروونی، ئەمانە ھەمووی دەبنە ھۆی ھەوکردنی دەمارەکانی مل کە کاریگەری ھەیە لەسەر قۆڵ و پشتیش، بە گشتی ھەر فشار و ھەوکردنێک لە دەماری مل، شان و مەچەک یاخود ژێی ماسولکەکانی شان و دەستدا ئازار دروست دەکات لە ھەموو قۆڵەکەدا.

 

چۆن دەتوانم خۆم بپارێزم لە ئازاری قۆڵ و شان و دەست؟

١- ھیلاک نەکردنی بڕبڕەکانی مل و پشت و ماسولکەکانی شان و قۆڵ و دەست، ئەویش بەوەی بەشێوازی ھەڵە بەکاریان نەھێنین، بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر یەک شێواز نەمێنین لە کاتی کاردا، یاخود لە کاتی سەیرکردنی تیڤی یاخود خوێندنەوە یان ھەر چالاکیەکی دی، دەبێت ھەموو ١٥-٢٠ خولەک جارێک باری وەستانی لەشمان بگۆڕین.

 

٢- وەرزش کردن بۆ بەھێز کردنی ماسولکەکان و باشتر کردنی جووڵەی جومگەکان و دروست نەبوونی فشاری سەر ماسولکە، ئازار پێویستە، ئەمەش ھەندێک لەو وەرزشانەی دەتوانین بیکەین؛

--- جوڵانی ھەردوو قۆڵ بەلای ڕاست و لای چەپ و بەشێوەی بازنەیی و دووبارەکردنەوەیی بە شێوەیەکی ڕۆژانە کەی بوارت ھەبوو.

---- ھەردووک پەنجەی دەستەکانت دەئاڵێنیت لەگەڵ یەکدا و بەرەو دەرەوە دەیانبەیت بۆ ماوەی ١٥ چرکە، ئینجا دەوەستیت بۆ ١٥ چرکە و جارێکی تر ھەمان شت دووبارە دەکەیتەوە، وەها باشە لە ڕۆژێکدا چەندین جار دووبارە بکرێتەوە.

--- وەرزشی پاڕانەوە، ھەردوو دەستت بەشێوەی دانانی دەست بۆ پاڕانەوە دەخەیتە بەردەم سنگت بەشێوەیەکی ڕاست و فشار دەخەیتە سەریان بۆ ماوەی ٥ خولەک و دیسانەوە پشوویان پێ دەدەیت و ئەمە چەند جارێک دووبارە دەکەیتەوە.

 

٣- جۆری خۆراک:

خۆراکی گونجاو تەندروست کاریگەرییەکی باشیان ھەیە بۆ نەھێشتنی ئازاری شان و قۆڵ، بەتایبەتی ئەو خواردنانەی کە ڕێژەی کالسیۆم و ڤیتامین دی یان زۆرە وەک شیرەمەنیەکان، چەوریی و فاتە بەسوودەکان و ئەو خواردنانەی ئۆمێگا-٣یان تیادایە، وەکو چەرەزات و فستق و گوێز و بایەم و فستق عبید و گازۆ، ئەو سەوزانەی مادەی ئاسنیان زۆرە وەکو کەرەوز و سپێناخ و ئەوانەی دژە ھەوکردن و دژە ئۆکسان و ئازار شکێنیان تیادایە وەکو زەردەچەوە، زەنجەفیل، بیبەری توون.