لە کاتی مەلەدا دەبێت هاوسەنگی گەدە ڕاگیراو بێت
پزیشکان ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە لە کاتی برسێتی مەلە کردن گونجاو نییە، بە تایبەت بۆ منداڵان.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/04/20240413-unnamed-jpg03a6f0-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
پسپۆڕانی پزیشکی وەرزشی ئەڵمانی ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای لێکۆڵینەوەیەک لەسەر مەلە کردن، کە ئایا بە گەدەی بەتاڵ یان پڕ بکرێت، بۆیان دەرکەوتووە، وا تەندروستترە نە بە برسێتی و نە بە گەدەی پڕەوە مەلە بکرێت، چونکە پڕ بوونی گەدە بارێکی نەخوازراوە بۆ مەلە کردن، لە کاتی مەلە کردندا بەشێوەیەکی خۆنەویستانە ئاو قوت دەدرێت، ئەوەش هانی ڕشانەوە و تێکچوونی پرۆسەی هەرس دەدات.
هەروەها لە کاتی گەدە پڕیدا خوێن ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت بەرەو گەدە، بە مەش بڕێکی خوێنی ڕۆشتوو بۆ مێشک و بەشەکانی دیکەی لەش کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی هەستکردن بە گرژ بوون و کەمی توانا و ئارەزووی مەلە کردن.
کاتێک مەلە دەکرێت ئاو فشارێکی بەهێز دەخاتە سەر دیواری ماسولکەکان، لەو کاتەی کە بڕێکی زۆر خواردن خوراوە، زووتر هەس بە فشاری سەر گەدە دەکرێت و جەستە قورس دەبێت و توانای جوڵە لە ئاودا کەم دەبێتەوە، ئەمەش زیان بە جەستە دەگەیەنێت و لە بری ئەوەی سود لە مەلە کردن ببینرێت، دەبێتە هۆی هیلاکبوونی ماسولکەکانی جەستە.
پسۆڕانی پزیشکی ئامۆژگاری دەکەن، هەروەها بە برسێتی زۆر و گەدەی بەتاڵیشەوە کاتی گونجاو نییە بۆ مەلە کردن، بەتایبەت بۆ منداڵان، چونکە کاتی برسیتی زۆر ئاستی شەکر دادەبەزێت و ئەگەری بوورانەوە و نقوم بوون زیاد دەکات، بۆیە پێویستە لە کاتی مەلەدا هاوسەنگی جەستە و گەدە ڕاگیراو بێت.