زەیتی زەیتوون یادەوەری بەهێز دەکات

توێژینەوەیەکی پزیشکی دەریدەخات کە خواردنی زەیتی زەیتوون، یادەوەری دەپارێزێت و ئەگەری مردن بە نەخۆشی بیرچوونەوە کەم دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەکی پزیشکی لەسەر ٩٠ هەزار کەس کرا و لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی لە شاری بۆستن خرایەڕوو، ەرکەوت کە ئەوانەی ئارەزووی زەیتی زەیتوون دەکەن، ئەگەری مردنیان کەمترە بەهۆی نەخۆشی بیرچوونەوە.

 

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ئەوانەی ڕۆژانە زیاتر لە نیو کەوچک زەیتی زەیتوونیان خواردووە، ئەگەری مردنیان بەهۆی نەخۆشی بیرچوونەوە بە ڕێژەی ٪٢٨ کەمتر بووە، کۆنی دیکمان، ڕاوێژکاری خۆراک لە نەخۆشخانەی سانت لویس لە لێدوانێکدا سەبارەت بە توێژینەوەکە دەڵێت: "ترشە چەوری ئۆمیگا ٣ ناسراوە بەوەی سوودی دژە هەوکردن دەبەخشێت، زەیتی زەیتوونیش سەرچاوەیەکی باشی ئەو ترشەیە".

 

کۆنی دیکمان دەشڵێت: ڕێجیمێکی دەوڵەمەند بە زەیتی زەیتوون دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک کەم بکاتەوە، ڕەنگە لە ڕێگەی یارمەتیدانی باشترکردنی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ و کارکردنی بۆرییەکانی خوێنەوە بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی بۆ دڵ باشە بۆ مێشکیش باشە، تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکانیش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە کەمدەکاتەوە.