لە هەندێک حاڵەتدا ئەگزیما دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی

ئەگزیما هەوکردنێکی درێژخایەنە و ماوە ماوە سەرهەڵدەداتەوە، وە هەندێک جار دەبيتە هۆی تەنگە نەفەسی و بوونی تا لە کەسی تووشبوودا.

ناوەندی هەواڵ

 

نەخۆشییەکانی پێست ئەو جۆرە نەخۆشیانەن کە ڕووبەڕووی پێست دەبێتەوە و زیان بە خانەکانی پێست دەگەیەنن وەکو ئەگزیما.

 

ئەگزیما، جۆرە هەستیارییەکە تووشی پێستی مرۆڤ دەبێت، دەبێتە هۆی سوربوونەوە و خوراندنی پێست، ئەگزیما هەوکردنێکی درێژخایەنە و ماوە ماوە سەرهەڵدەداتەوە، وە هەندێک جار دەبيتە هۆی تەنگە نەفەسی و بوونی تا لە کەسی تووشبوودا.

 

هۆکاری نەخۆشی ئەگزیما

پێستی تەندروست واتە ئەو پێستە شێدارییەکەی خۆی دەپارێزێت و بەرگری هەیە دژی ئەو بەکتریایانەی دەبنە هۆی هەوکردن و هەستیاری، ئەگزیما کار دەکاتە سەر چیینەکانی پێست و دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای پێستەکە و ناتوانێت خۆی بپارێزێت لە هۆکارە ژینگەییەکان.

 

ئەو کەسانەی لە خێزانەکایاندا توشبووی ئەگزیما و تەنگەنەفەسی و هەستیاری تێدایە، مەترسی توشبوون بە ئەگزیما تێیاندا زیاترە.

 

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دەگۆڕێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، بەڵام بە گشتی کەسی تووشبوو ئەم نیشانانەی هەیە؛

  • وشکبوونەوەی پێست.
  • خوراندنی پێست لە شەودا زیاتر دەبێت.
  • بوونی بڵقی بچووک کە لە کاتی خوارندندا توێخی لێدەبێتەوە .
  • پەڵەی سوور یان قاوەیی لە پێستی دەست، قاچ، مەچەک، ئەژنۆ، پاژنەی پێ، پێڵووی چاو، سەر سنگ، ئانیشکەکاندا دەردەکەوێت و لە منداڵی تازە لەدایکبووشدا لە ڕوخسار و بێخی سەردا دەردەکەوێت.
  • هەستیار بوون و هەڵئاوسانی پێست.
  • ئەستووربون و لێبوونەوەی پێست.

 

ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە ئەگزیما؛

تاوەکو ئێستا هیچ دەرمانێک نەدۆزراوەتەوە کە ڕاستەوخۆ چارەسەری ئەگزیما بکات، بەڵام بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمان و مەڵهەمانەی کە دژە هەوکردن و دژە هەستیارین، دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوە و تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکە بدەن.

 

خۆپاراستن زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، پابەندبوون بەم خاڵانەوە بە ڕێژەیەکی باش بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکەی کەم کردووەتەوە؛

  • شێدارکردنەوەی پێست ڕۆژانە.
  • هەڵبژاردنی کرێم و مەڵهەمی گونجاو.
  • دوورکەوتنەوە لەو شتانەی کە نەخۆشییەکە خراپتر دەکەن وەک ئارەق کردنەوە، پەستانی دەروونی، قەڵەوی و بەکارنەهێنانی ماددە پاکەرەوەکان.
  • نەخواردنی ئەو خواردنانەی دەبنە هۆی هەستیاری لە کەسەکەدا وەک توونی و ترشی و بەهارات.
  • کەمکردنەوەی کاتی گەرماو کردن و بەکارنەهێنانی ئاوی زۆر گەرم.
  • خۆ وشک کردنەوە دوای گەرماو کردن و هەر تەڕبوونێک.