مێخەک، چارەسەری سروشتیی نەخۆشییەکان

مێخەک جگە لەوەی بە بۆن و بەرامە جیاوازەکەی ناسراوە، سوودی یەکجار زۆری هەیە لە چارەسەرکردنی هەندێک لە نەخۆشییەکاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

مێخەک گوڵی وشککراوی دارێکە، کە بۆ دەرمانی نەخۆش و تام خۆشکردنی خواردن و ڕازاندنەوە بەکاردەهێنرێت. یەکێکە لەو ڕووەکانەی پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندی تێدایە و بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵ، ڤیتامین، کانزا و بەها خۆراکییەکان لەخۆدەگرێت، بەرزی ئەم درەختە لە هەندێ ناوچەدا دەگاتە ١٢مەتر، لە جەزیرەی ملووک لە ئەندەنووسیا و باشووری فلیپین دەچێنرێت، ٣٠٠٠ ساڵیشە هاوڕێی مرۆڤە.

 

لە کۆنەوە مێخەک وەک دەرمانی کوردەواری بۆ نەخۆش بەکارهێنراوە، جگە لەوەی بە بۆن و بەرامەکەی ناسراوە، سوودی زۆری هەیە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکاندا.

 

سودەکانی مێخەک:

-ڤیتامین سی تێدایە کۆئەندامی بەرگری لەش بەهێز دەکات و لە شێرپەنجە دەمانپارێزێت.

-شەکری ناو خوێن هاوسەنگ دەکات.

-بۆ نەزۆکی ژنان لە نێوان دوو سوڕی مانگانەدا هەموو ڕۆژێک چوار گرام مێخەک بکاتە ئاوی گەرمەوە و بیخواتەوە، سودی لێوەردەگیرێت.

 

-ئارەزووی خواردن زیاد دەکات و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی نەخۆشییەکان و دژەمیکرۆبەکان لەش بەهێز دەکات.

-تا دادەبەزێنێت و یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی سووڕی خوێن، کە وادەکات مێشک چالاک ببێت، ڕێگە لە تووشبوون بە خەمۆکی دەگرێت.

-سکچوون و ئازاری سک چارەسەر دەکات، ڕێگری لە جەڵدە دەکات و دڵ و جگەر بەهێز دەکات.

- مەگنیز و کالیسیۆمی تێدایە یارمەتی تەندروستی و بەهێزکردنی ماسولکەکان دەدات لە ڕەق بوون.

-ڕێژەیەکی زۆر ڕیشاڵی تێدایە چارەسەری قەبزی دەکات.

-ماندوێتی و سترێس و ئازاری سەر کەمدەکاتەوە.

 

-چارەسەری ئازاری ددان و پووک دەکات، بە جۆرێک لەکاتی بوونی ئازار کەمێک مێخەکی هاڕاوی دەخەیتە سەر شوێنی ئازارەکە بۆ نەمانی ئازاری ددانەکە.

-دەتوانرێت سوود لە زەیتی مێخەک ببینرێت بۆ ئەو کەسانەی برینی گەدەیان هەیە.

-هاوکاری دەکات لە درێژکردنەوەی قژدا بەخێرایی بەو پێیەی دەوڵەمەندە بە کانزا و ڤیتامینەکان، ئەگەر لە شێوەی زەیت بەکاربهێنرێت، ئەوا دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی قژ، خۆراک دەداتە تاڵە مووەکان و جوانی و ڕەونەقی پێدەدات، هەروەها هاوکارە لە بەهێزکردنی ڕەگەکانی قژدا، دەبێتە هۆی ڕاگرتنی ڕووتانەوەی قژ.

 

گرنگی ئابووری مێخەک

مێخەک جگە لەوەی لە چەندین بواری جیاوازی وەک خواردن و جوانکاری بەکاردەهێنرێت، لە ڕووی ئابووریشەوە گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت و لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بایەخی زۆرە و نرخەکەی گرانە، لەو ڕووەکانەیە کە جەماوەرێکی زۆری هەیە، هەربۆیە لە ڕووی بازرگانییەوە گرنگی خۆی هەیە و لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا لە ئاستی دووەمدا دێت بۆ پڕفرۆشی لە دوای جۆرەکانی گوڵەباخەوە.

 

لە سەردەمی کۆنەوە مێخەک وەک جوانکاری بەکارهێنراوە

جیا لە سوودە تەندروستیەکانی مێخەک لەناو کوردەواریدا بۆ بابەتی جوانکاری بەکاردێت، لە دێر زەمانەوە ژنان بەتایبەت بەتەمەنەکان مێخەکیان بەکارهێناوە بۆ بۆنخۆشکردنی خۆیان و ماڵەکانیان، کاتێک کە مێخەکەکە پێدەگات و وشک دەکرێتەوە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەخرێتە نێو ئاو بۆ ئەوەی بەجوانی بخوسێت، پاشان بە مەبەستی دروستکردنی ملوانکە و دەستبەند و گوڵە یەخە، ژنانی دەست ڕەنگین بەچەند شێوازێک دەیهۆننەوە و ڕەنگێکی کوردەوانی و دێرین دەبەخێشتەوە بەرهەمەکە.