وەزارەتی تەندروستی هاوردەکردنی جۆرێکی کیندەری ڕاگرت
وەزارەتی تەندروستی هاوردەکردن و فرۆشتنی جۆرێکی نەستەلەی کیندەری ڕاگرت کە پیسبووی بەکتریای سالمۆنێلایە و زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی فەرمی، هاوردەکردن و فرۆشتنی جۆرێکی کیدەری ڕاگەیاند کە هەڵگری بەکتریای سالمۆنێلایە و زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پیسبوونی هەندێک لە بەرهەمەکانی نەستەلەی کیندەر لە جۆری Kinder Surprise MAX بە باج نەمبەری L004L03 وە L005L03-AD کە لەوڵاتی بەلجیکا بەرهەم هێنرابوو بە بەکتریای سالمۆنێلا کە ڕێکەوتی بەسەرچوونیان ١/١٠/٢٠٢٢، وە ئاماژە بە کۆنووسی لێژنەی پێکهێنراو لە وەزارەتی تەندروستی ژمارە (٢٣٠٩) لە ڕێکەوتی (١٠/٤/٢٠٢٢) و نوسراوی حکومەتی فیدراڵ ژمارە ٦٧٨ لە ١٠/٤/٢٠٢٢ بڕیارماندا بە:
١- لێکۆڵینەوەکردن لە سەرچاوەی ئەو بەرهەمە لە هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی کۆمپانیای هاوردەکار و دابەشکەر وە دیاریکردنی خالە سنووری یان فرۆکەخانەکان کە لێوەی هاوردە دەکرێت.
٢- کێشانەوەی هەموو بەرهەمەکانی کیندەر بەو باج نەمبەرانەی سەرەوە کە لەوڵاتی بەلجیکا بەرهەمهێنراوە.
٣- قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە بە باج نەمبەری ئاماژەپێکراو بۆ ناو هەرێمی کوردستان لە خاڵە سنوریەکان و فرۆکەخانەکان تا یەکلایکردنی ئەو بابەتە لەوڵاتە پەیوەندیدارەکان.
٤- وەرگرتنی نموونەی پشکنین لەو بابەتانە بەشێوەی هەڕەمەکی وە پشکنینکردنیان بۆ دڵنیابوون لە شیاوبوون و سەلامەتی ئەو بەرهەمانەی سەرەوە لەلایەن هاوڵاتیان.
٥- پێویستە کاردانەوەی بەپەلە ئەنجام بدرێت لەڕێگای تیمەکانی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستی بۆ جێبەجیکردنی ئەو بڕیارانەی سەرەوە.