چەند جۆر لە ئازارمان هەیە؟

پزیشک هەڤین کەمال باس لە جۆرەکانی ئازار دەکات، دەیانکات بە سێ بەشەوە و هۆکاری دروستبوونی ئازاریش دەخاتەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

هه‌ڤین که‌مال، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن و ئه‌ندامی پڕۆڤیشناڵی ئه‌کادیمیایی ئه‌مریکی بۆ ئازار شکاندن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەسەر جۆرەکانی ئازار زانیاری بڵاودەکاتەوە، کە جۆرەکانی ئازاری هەستی، دەماری و سایکۆجنیکن.

 

هەڤین کەمال بەمشێوەیە باس لە ئازار دەکات؛

١- ئازاری ھەستی (nociceptive pain ): باوترین جۆری ئازارە، بەھۆی تەحفیزبوون و وروژاندنی وەرگری ئازار (nociceptor) ەوە دروست دەبێت، کە ئەمانەش ھەستە ئەندامی(receptor) وەرگری ئازارن لە لەشدا لە کاتی برینداری و نەخۆشی و ھەوکردنی خانەکان.

 

لە ھەموو جەستەدا ئەم ریسیپتەرانە یاخود وەرگرانە ھەن، لەپێست و لە ھەناویشدا، ھەر کاتێک لەش تووشی پێکان، برینداری، ھەوکردن، نەخۆشی ...ھتد دەبێت، ئەم وەرگرانە چالاک دەبن و سیگناڵی ئازار دەگەیەنن بە دڕکە پەتک لە ڕێگەی دەمارەکانەوە، لە دڕکە پەتکیشەوە بۆ مێشک، ئەم ئازارە لەوانەیە لە پڕ بێت و لەوانەشە بەردەوام بێت، ھەروەھا لەوانەیە ڕووکەش و لە پێست و ماسولکەدا بێت، یاخود لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەش و ھەناو بێت.

 

- ئازاری ھەناوی: بەھۆی برینداری و تێکشکاندنی ئەندامەکانی ناوەوە دروست دەبێت، لەوانەیە ھەست بە ئازار بکرێت لە ناوچەی سنگ، قەد، سک و حەوز، زۆر زەحمەتە بتوانیت لەم جۆرە ئازارەدا شوێنی ئازارەکە دیاری دەکرێت، ئازاری ھەناوی زۆر جار بەشێوەی فشار، توندی، گوشران و پێچ دەبێت، ھەروەھا ھەندێک نیشانەی تری لەگەڵدایە وەکو ڕشانەوە، دڵ تێکھەڵھاتن، تا، لێدانی خێرایی دڵ و بەرزی فشاری خوێن .

نموونە بۆ ئازاری ھەناوی وەکو: ئازاری بەردی زراو، ڕیخۆڵە کوێرە، گرژی و تەھەیوجی قۆڵۆن..ھتد .

 

---ئازاری ڕووکەشی (سۆماتیک): ئازارە لەبەشی ڕووکەشی لەش، بەھۆی وروژاندنی وەرگرەکانی (receptors)، ئازار دروست دەبێت لە خانەو شانە ڕووکەشەکاندا نەک خانە ھەناوییەکان . زۆر بەئاسانی دەتوانیت شوێنی ئازارەکە دەستنیشانبکرێت . ئەم جۆرە ئازارە وەک ژانێک یاخود برینێک ھەستی پێدەکرێت و لەوانەیە قووڵ یان ڕووکەش بێت . نموونە بۆئەم جۆرە ئازارە : ئازاری شکاوی، ئازاری ماسولکە، ئێسکەنەرمە، شێرپەنجەی پێست، سوتاوی ، ئازاری جومگە، ھەوکردن.. ھتد .

 

٢- ئازاری دەمار (neuropathic pain): بەھۆی تێکشکاندن یاخود پەککەوتنی کۆئەندامی دەمار ڕوودەدات، بەھۆی فشار یاخود برینداربوونی دەمارەخانەکان دەبنە ھۆی لەکارکەوتنی سیگناڵی دەمارەکان و تێکچوونیان، ئازارەکە بە جۆرێکە کە نازانیت لە کوێوە دێت و ھیچ پێکانێک و برینداریەکیش نییە، ھەروەھا ھەندێک جار ھەستکردن بە ئازار زیاد دەکات، بۆ ئەو شتانەی کە ئازار بەخشیش نین، وەکو: ھەوای سارد، جل و پۆشاک کە بەر جەستە دەکەوێت، ئەم ئازارە زیاتر بەم شێوانە وەسف دەکرێن: سوتانەوە، بەستن ، سڕی، دەرزی ئاژەنین، تیژ، تەزووی کارەبا ، جێگای چەقۆ و گولە .

 

نموونە بۆ ئەم جۆرە ئازارە وەک: نەخۆشی شەکرە، ئازاری بەردەوامی دوای ڕووداوێک، ئازاری دەماری پێنجەمی دەموچاو، ھەوکردنی بەردەوامی دەمارەکان، گیرانی دەماری دەست، ئینزلاقی بڕبڕەی مل و پشت، ئازاری شێرپەنجەیی لە ستەیجەکانی کۆتادا و لە کاتی بەکارھێنانی تیشک و چارەسەری کیمیاوی ...ھتد.

 

٣- ئازاری سایکۆجنیک (psyochogenic): ئەم تێرمە زۆر جار لە وەسفکردنی جۆرە ئازارێک بەکاردێت، کە بە ھۆی تێکچوون و شڵەژانی باری دەروونییەوە، نەخۆش ھەست بە گرژبوون و ئازار دەکات، بۆیە دەبینین نەخۆشەکە جگە لە ھەستکردن بە ئازار، خەمۆکی، بێتاقەتی، سترێس..ھتد، کە ئەمانە کاریگەریان دەبێت لەسەر ئازارەکە و زیادی دەکەن، زانینی ئەوەی کە تۆ چ جۆرە ئازارێکت ھەیە و بەپێی ئەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ نەخۆشەکە و بۆ پزیشکی چارەسەرکاریش، لەبەرئەوەی بە تەواوی چارەسەرکردن و مامەڵەکردنی جیاوازە بۆ ھەر جۆرێک لە ئازارەکان.