كەمی ئۆمێگا-٣ لەسەر لاشەی مرۆڤ چەند نیشانەیەکی هەیە

کەمی ئۆمێگا-٣ کە زیاتر لەناو ژناندا دەردەکەوێت، چەند نیشانەیەکی هەیە و زۆرجار نەخۆشی دیکەی وەک دڵ بەدوای خۆیدا دەهێنیت.

ناوەندی هەواڵ

 

لاپەڕەی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە فەیسبوک لەو بارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، چەورییەکانی ئۆمێگا-٣ بۆ تەندروستی پێویستە، بەڵام هەندێك کەس بەتایبەت لەناو ژناندا دووچاری کەمبوونەوەی ئۆمێگا-٣ دەبنەوە، بەهۆی ئەمەشەوە هەست بەبێ خەوی و وشکبوونەوەی پێست دەکەن، ئەو کەسانەی ئۆمێگا-٣یان کەمە زۆر جار تووشی نەخۆشی دڵ و چەندین نەخۆشی دیکە دەبن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە کەمی ئۆمێگا-٣ جێی نیگەرانی نییە، چونکە ئەم کەمبوونەوەیە بە گۆڕانکاری سادە لە خۆراکدا دەکرێت چارەسەر بکرێت.

 

نیشانەکانی کەمی ئۆمێگا-٣ ئەمانەن:

-وشک بوونەوەی پێست، یەکێک لە پاڵنەرە گەورەکانی پێستی تەندروست بوونی ئۆمێگا-٣ کە بەشێوەیەکی سروشتی دروستکەری دیواری خانەکانێتی، هەرچەندێک کەمبوونەوەی ئۆمێگا-٣  زیاد بکات، ووشکی پێستەکە زۆرتر دەبێت، هەربۆیە ئۆمێگا-٣ یارمەتی ماددەی خۆراکی پێست دەدات و ڕەنگی جوان و درەوشاوە دەبەخشێتە پێست.

 

- کاریگەری لەسەر قژ، ئۆمێگا-٣ دەبێتە هۆی درەوشانەوەی قژو بە چەورییەکانی موو لە موخۆرکە و ووشک بوونەوە دەپارێزێت.

 

- نینۆکە شکاوەکان، نینۆکە نەرمەکان و ئەو نینۆکانەی درزیان تێ دەبێت یاخود دەشکێن، هۆکارەکەی کەمی چەوری ئۆمێگا-٣یە، ئەمەش بە خواردنی ماسی چەوریدار دەتوانیت لێی ڕزگار ببیت.

 

-کەم خەویی، لە زانکۆی ئۆکسفورد توێژینەوەیەکیان کردووە لەسەر ئەو کەسانەی کە بڕی پێویست چەوری ئۆمێگا-٣ لە لاشەیاندا هەیە، ئەوکەسانە خەوی قوڵ و ئارامیان هەیە، ئەمەش وادەکات بەیانیان مێشک و تاقەتێکی باشیان هەبێت، بە پێچەوانەوە کەمی ئەو چەورییە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تەرکیز "سەرنجدان".

 

-ماندوێتی، هەستکردن بە ماندوێتی دەکرێت هۆکاری تری هەبێت بەڵام گومانی تێدا نیە کەمبوونەوەی ئۆمێگا-٣ هۆکارێکی سەرەکیە بۆ ماندوێتی، لەبەرامبەردا سفرە و خوانتان دەوڵەمەند بکەن بە خواردنی ماسی چەوریدار.