ڕەشکە سوودی بۆ تووشبووانی نەخۆشی گەشکە هەیە

ڕەشکە بۆ زۆربەی نەخۆشییەکان سوودێکی زۆری هەیە، بەڵام زیادەڕەوی لە بەکارهێنانیدا زیان بە جەستە دەگەیەنێت و نابێت لەگەڵ هەندێک دەرماندا بەکاربهێنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕەشکە، جۆرێکی ڕووەکە دەنکێکی ڕەشی بۆنخۆش و تیژە، بەرزی ئەم ڕووەکە دەگاتە ٣٠ سانتیمەتر و گوڵەکەی ڕەنگی شین و خۆڵەمێشیە، سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ئەم ڕووەکە وڵاتانی ئێران و هیندستان و پاکستانە.

 

ڕەشکە بە چەند جۆرێک دەخورێت وەک، بەیانیان بە کەوچکێکی چا یان بە ڕێژەیەکی کەم بە گەدەی بەتاڵ دەخورێت، لەگەڵ شیر و هەنگوین تێکەڵ دەکرێت، لە خواردنە هەویریەکاندا بۆ تام و ڕازاندنەوە بەکاردەهێنرێت، لە دروستکردنی دەرماندا بەکاردەهێنرێت، زەیتی ڕەشکە بۆ پێست و جوانکاری بەکاردەهێنرێت.

 

ڕەشکە کۆئەندامی بەرگری لەش بەهێز دەکات

ڕەشکە ماددەی خۆراکی زۆر گرنگی تێدایە وەک، چەوری، کالسیۆم، کاربۆهیدرات، ڕیشاڵ، مەگنسیۆم، سۆدیۆم، گرنگترین ماددەی ناو ڕەشکە سایمۆکوێنۆنە ماددەیەکی زۆر گرنگە و دژە شیرپەنجەیە و دژە ئۆکسێنێکی بەهێزە.

 

خواردنی ڕەشکە بە شێوەیەکی سنوردار چەندین سوودی گرنگی هەیە بۆ جەستە وەک، کۆئەندامی بەرگری لەش بەهێز دەکات، یارمەتی چالاککردنی خانەکانی لەش دەدات بەهۆی هەبوونی ڤیتامین E تیایدا، یارمەتی کۆنترۆڵکردنی شەکرە دەدات، سوودی زۆرە بۆ نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس، یارمەتی کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن و ڕێکخستنی چەوری و کۆلسترۆڵ دەدات، ڕیژەی هەناسەدان باشتر دەکات و بۆ نەخۆشی ڕەبۆ باشە، سودێکی باشی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی گەشکەیان هەیە.

 

زیانەکانی ڕەشکە

ڕەشکە هەرچەندە سوودی زۆرە، بەڵام زیادەڕەوی لە بەکارهێنانیدا زیان بە جەستە دەگەیەنێت وەک، کێشە دروست دەکات بۆ کۆئەندای هەرس و دەبێتە هۆی ڕشانەوە و قەبزی، ئەو کەسانەی کە هەستیاریان هەیە نابێت زەیتی ڕەشکە بەکاربهێنن، چونکە دەبێتە هۆی خوران و دروستبوونی لیر و پەڵە.

 

ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە، دەبێت پێش بەکارهێنانی دەرمانەکان ئاگاداری بەکارهێنانی ڕەشکە بن، ئەو کەسانەی کە نزمی پەستانی خوێنیان هەیە، نابێت ڕەشکە بەکاربهێنن، ژنی دووگیان نابێت زیادەڕەوی بکات لە بەکارهێنانیدا چونکە دەبیتە هۆی گرژبوونی منداڵدان.