سیر وەک دەرمان بەکاردەهێنرێت و پەستانی خوێن دادەبەزێنێت

هەزاران ساڵە سیر وەک چارەسەریی بەکاردەهێنرێت و تا ئێستا لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان سوودی زیاتری ئەم جۆره خۆراکه تەندروسته ئاشکرا دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەک لە زانکۆی نۆتینگهام لە بەریتانیا ئەنجامدراوە ئاماژە بەوە دەکات، سیر کاردەکاتە سەر باشترکردنی پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵ و بەرگری لەش.

 

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، سوودەکانی سیر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەندین پێکهاتەی سروشتی سودبەخشی تێدایە بەتایبەتی "ئەلیسین"، جگە لەو پێکهاتە گۆگردەی لەلایەن خاکەوە هەڵدەمژرێت و شیدەبنەوە بۆ نزیکەی ٥٠ پێکهاتەی جیاواز کە لە ڕووی بایۆلۆژییەوە چالاکن لە خانەکانی مرۆڤدا.

 

هەروەها پێداچوونەوەیەک بە کۆمەڵێک توێژینەوە و تاقیکردنەوە، کە لە گۆڤاری پزیشکی تاقیکاری و چارەسەرییدا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەو نەخۆشانەی پەستانی خوێنیان بەرزە و لە نێوان ٦٠٠-٩٠٠ میلیگرام گیراوەی سیریان خواردووە بۆ ماوەی ٣ مانگ، تووشی کەمبوونەوەی پەستانی خوێن بوون و سیر وەک کاریگەری چەند دەرمانێک ناسراوە.

 

بەگوێرەی پێداچوونەوەکە، "ئەلیسین" هاندەری بەرهەمهێنانی "نیتریک ئۆکسید"ە، کە خوێنبەرەکان فراوان دەکات، هەروەها ڕێگری دەکات لە چالاکیی ئەنزیمەکە کە دەگۆڕێت بۆ ئەنجیۆتەنسین و خوێنبەرەکان تەسک دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن.

 

هەروەها توێژینەوەکانی تاقیگە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەلیسین و پێکهاتەکانی دیکەی ناو سیر تایبەتمەندی دژە ڤایرۆسیان هەیە و کارکردنی خانەکانی بەرگری باشتر دەکەن و ئەگەری تووشبوون بە هەڵامەت کەم دەکەنەوە.

 

کلێر تۆرنتن وود، وتەبێژی کۆمەڵەی خۆراکی بەریتانی ڕوونیکردەوە، "ئەلیسین" کاتێک دروست دەبێت کە سیر دەبڕدرێت یان ورد دەکرێت، کاتێک بەر گەرما دەکەوێت لە دروسبوون دەوەستێت، بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت دوای بڕین بۆ ماوەی دە خولەک بەجێی بهێڵرێت بۆ دڵنیابوون لە زۆرترین بەرهەمهێنانی ئەم ئاوێتەیە.