ئەگزیما، باوترین نەخۆشی پێست

بەکارهێنانی سابوون و شامپۆ هۆکاری سەرەکی تووشبوونە بە ئەگزیما، هەر ئەمەش وایکردووە بەشی زۆری هاوڵاتیان تووشی ئەگزیما ببن، نەک تەنها لە پێست وشکەکاندا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ئەگزیما یەکێکە لە نەخۆشییەکانی پێست کە پێستەکە تووشی وشکبوونەوە، سوربوونەوە و خوراندن دەکات، هەندێک کات ئەم خوراندنە زۆرە لەگەڵ نەخۆشی دیکەی پێستدا تێکدەچێت، تەنها پزیشک دەتوانێت جیای بکاتەوە.

 

ئێلاخ قادر، پزیشکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، ئاماژەی بەوەدا نەخۆشی ئەگزیما باوترین نەخۆشیی پێستە لە سەرانسەری جیهاندا، لە ٪٥-٢٠ منداڵان تووشی دەبن، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ بۆماوەیی یاخود زۆر بەکارهێنانی سابوون و شامپۆ، ئەگزیما یەکێکە لەو نەخۆشیانەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوێزرێتەوە، بەڵکو تەنها لە جەستەی کەسی تووشبوودا بڵاودەبێتەوە.

 

ئەو پزیشکە ڕوونیکردەوە کە بۆماوەیی کاریگەری لەسەر زۆر نەخۆشی هەیە لەوانەش نەخۆشی پێست، لە ناویشیاندا نەخۆشی ئەگزیما، هەرچەندە تەواو نەسەلمێندراوە تا چەند بۆماوەیی کاریگەری هەیە، بەڵام نیشانەکانی کاریگەربوونی دەرکەوتوون.

 

هۆکارەکانی تووشبوون بە ئەگزیما

زیاترین هۆکار بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ئەگزیما هۆکاری دەرەکییە، ئێلاخ قادر وەک پزیشکێک ئاماژەی بەوەدا، بەرکەوتنی پێست بە تیشکی خۆر، زۆر بەکارهێنانی سابوون و زاهی کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست، هۆکارن بۆ دروستبوونی بڵقی سەر پێست و ئەگزیما، وتیشی: بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە ئەگزیما دەتوانرێت هۆکارەکان کەمبکرێتەوە بە تایبەت لە وەرزی پایزدا، جگە لەوە چەورکردن بە کرێمی گونجاو ڕێگەیەکی ڕێگریکردنی وشکبوونەوەی پێستە، ڕێگەیەکی دیکە بەکارهێنانی دەستکێشە بەتایبەت دەستکێشی ناو پەڕۆ.

 

"ئەگزیما هەیە تا کۆتایی تەمەن درێژە دەکێشێت"

خوراندن یەکێکە لە نیشانە سەرەکییەکانی ئەگزیما، سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانیش هەر خوراندن و سووربوونەوەیە، کاتێک شوێنی تووشبوونەکە دەخورێندرێت قەتماغەیەک لەسەر پێستەکە دروست دەکات شێوەی تەبەقەیەکی ئەستوور دەنوێنێت، باشتر وایە نەخورێنرێت و کرێمی دژە خورینی بۆ بەکاربهێنرێت، چونکە هەندێک کات خوراندن دەبێتە پەڵە.

 

پزیشک ئێلاخ وتی: تەنها یەک جۆر لە ئەگزیما نییە بەڵکو چەند جۆرێکی هەیە، هەیە دەیگرێت و زوو چاک دەبێتەوە، جۆرێکی دیکە هەیە بێ بەکارهێنانی دەرمان چاک دەبێتەوە بەڵام دووبارە سەرهەڵدەداتەوە، هەندێکیان هەن ماوەی چەند ساڵێک یاخود تا کۆتایی تەمەن بەردەوام دەبێت و چاکنابێتەوە. هەروەها هۆکاری چاکنەبوونەوەکەی بۆ بەردەوامی هۆکارەکانی دروستبوونی نەخۆشییەکە گەڕاندەوە.

 

"تەنها پێستی وشک تووشی ئەگزیما نابێت"

ئەگزیما پەیوەندی بە ڕەنگی پێستەوە نییە، وە تەنهاش لە پێستی وشکدا دروست نابێت، لە پێستی چەوردا ناوچەکانی سەر، بن باڵ، بەینی ڕان و بنی مەمک دەگرێتەوە، لە پێستی وشکدا دەموچاو، مل و پشتەمل، پەلەکان و سەرقاچەکان دەگرێتەوە، باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری چەور کردنە یاخود بەکارهێنانی دەرمانەکانی ستیرۆیدە، کە پۆلێن دەکرێت بۆ چەند بەشێک بە پێی حاڵەتی ئەگزیماکە، دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکدا بەکاربهێندرێت.

 

لە کۆتایدا ئەو پزیشکە وتی: هەندێک کات ئەگزیما دەبێتە هۆی هەوکردنی بەکتریایی، هۆکاری ئەمەش نیشتنەوەی بەکتریایە لە شوێنی تووشبونەکەدا.