هۆشداری لەبارەی زیادبوونی ڕێژەی قەڵەوی لەناو منداڵاندا دەدرێت

قەڵەوی لە منداڵدا دەبێتە هۆی لاوازی لە گەشە و توشبوونی چەندین نەخۆشی وەک شەکرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ... هتد، لەو بارەیەوە هۆشداری دەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێركاری، هۆشداری لەبارەی قەڵەوی منداڵانەوە دەدات و دەڵێت: ژمارەی ئەو منداڵانەی کە قەڵەون و کێشیان زۆرە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە .

 

ئەو پزیشکە هۆکارەکانی زۆربوونی قەڵەوی لەناو منداڵاندا بەمشێوەیە باس دەکات:

۱- شێوازی خواردن و ژیان کردنی ڕۆژانە؛ زۆربەی خواردنی ڕۆژانەی منداڵ ئەوانەیە کە پڕن لە چەوری، هەروەها زۆر سەیرکردنی تەلەفزیۆن و زۆر بەکارهێنانی ئایپاد و ئامێری یاری ڤیدیۆیی.

۲- کەمی وەرزش و چالاکی ڕۆژانە؛ پێویستە منداڵ ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە کاتژمێرێک وەرزش بەشێوەیەکی چالاک بیکات.

۳- بۆماوەیی ؛ ئەگەر منداڵ یەکێک لە دایک و باوکی قەڵەو بن، ئەوا ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی لە منداڵدا ٥۰٪ دەبێت، ئەگەر هەردووکیان قەڵەو بن ئەوە ئەگەری تووشبونەکە بەرز دەبێتەوە بۆ ۸۰٪، بە تایبەتی هەموو ئەندامانی ئەو خێزانە هەمان خووی خواردنیان دەبێت.

٤- هەندێکجار هەندێک نەخۆشی بە تایبەت تێکچوونی هۆڕمۆنی لەش قەڵەوی دروست دەکات.

 

هەروەها ئەو کێشە تەندروستیانەی لە کاتی بوونی قەڵەویدا ڕووبەڕووی منداڵ دەبێتەوە بەمشێوەیە ڕیز دەکات:

۱- شەکرەی جۆری دووەم.

۲-بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

۳- بەرزبوونەوەی چەوری خوێن.

٤- ئازاری ئێسقان و کێشەی جومگە.

٥-هەناسە تووندی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە وەرزشی زۆر بە گرانی بۆ بکرێت.

٦- خەوی تێک ئەچێت.

۷- دەبێتە هۆی زوو پێگەیشتنی ئەو منداڵە، بەتەمەن تر دەرئەکەوێت لە چاو تەمەنی خۆی.

۸- نەخۆشی جگەر و زراو.

۹- هەست بەکەم کردنی ئەو منداڵە بە تایبەت کە منداڵی تر گاڵتەی پێ ئەکەن.

۱۰- تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبێت.

 

۱۱-هەندێک جار خووی ناتەندروستی بۆ دروست دەبێت، وەکو خۆڕشاندنەوە، لەبەرئەوەی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی زۆر خواردنی بکات بۆیە دواتر خۆی ئەڕشێنێتەوە.

 

دەربارەی چۆن ڕێگری لە قەڵەوبوونی منداڵەکان بگیرێت، هەندێک وتە و کردار هەیە پێویستە بەکار نەهێنرێت، وەکو:

۱-هیچ کاتێک پاداشتی منداڵەکەت مەکە بەرامبەر شتێکی باش بە پێشکەشکردنی خواردنێکی چەور و شیرینی.

۲- هیچ کاتێک فشار لە منداڵەکەت مەکە بۆ خواردن، پێی بڵێ کەی برسیت بوو ئەوکات نان بخۆ.

۳- هیچ کات هەوڵ مەدە بەتەواوی هیچ جۆرە خواردنێکی لێ قەدەغە بکەیت، چونکە هەرکاتێک چاوی تۆی لەسەر نەما ئەوە بە بڕێکی زۆر ئەیخوات.

 

هەروەها بۆ ڕێگەگرتن لە قەڵەوی پێویستە

۱- خۆمان بە دووربگرین لە زۆر خواردن بە تایبەت چەوری و شیرینی بۆ ئەوەی منداڵەکەشت سەیرت بکات.

۲- منداڵ لە تەمەنی ٦ مانگی یەکەمیدا تەنها شیری دایکی پێبدرێت و دواتریش خواردنی بۆ زیاد بکرێت، بە مەرجێک شیری دایک بەلایەنی کەمەوە تا تەمەنی ساڵ و نیوێک بەردەوام بێت.

۳-پێویستە منداڵ هان بدەین بۆ وەرزش و جوڵەی بەردەوام، دایک و باوکانیش پێویستە وەرزش بکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان چاو لەوان بکەن.

٤-دەبێ منداڵ بە شێوەیەکی تەندروست و کاتی دیاری کراو سەیری تەلەفزیۆن و ئایپاد و یارییە ڤیدۆییەکان کات.