شێرپەنجە، نەخۆشییەکی کۆنتڕۆڵ نەکراو
لە جیهاندا ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر توشبووی شێرپەنجە تۆمار دەکرێت، کە هۆکاری توشبووان بەڕێکردنی ژیانی ناتەندروستانەیە و چارەسەری ئەو نەخۆشییەش نەدۆزراوەتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە بزانرێت پێویست نەبوونی ماددەی کیمیاییە بۆ چارەسەر.
شنیار بایز
سلێمانی- لە سەرانسەری جیهاندا ساڵانە٢٠ ملیۆن كەس توشی شێرپەنجە دەبن، ٧-١٠ ملیۆن كەس بەوهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن، ڕێژەکەش لە بەرزبوونەوە دایە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا ١.٩ ملیۆن حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراوە، ٦٠٨ هەزار و ٥٠٧ حاڵەتیش گیانیان لەدەستداوە.
لە هەرێمی کوردستان، ٨ هەزار حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە لە ساڵی ٢٠٢١ تۆمارکراوە، زۆربەیان دانیشتووی شاری هەولێرن، بە شێوەیەکی گشتی زۆرترین جۆری شێرپەنجەش، شێرپەنجەی سییەکانە لە پیاوان و شێرپەنجەی مەمکە لە ژناندا.
پزیشک، هاژە عەبدوڵا، پسپۆڕی چارەسەکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و خوێن، دەستنیشانکردنی گرێ و جیاکردنەوەکانی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا ڕۆژانە لە جەستەی مرۆڤدا ژمارەیەک خانەی نوێ دروستدەبێت و ژمارەیەک لەناودەچن، هەندێک خانە لە کاتی لەناوچوندا پڕۆسەکە بە تەواوی جێبەجێ نابێت و کەڵەکە دەبن، تا گرێیەک دروستدەکەن و دەبنە گرێی شێرپەنجەیی.
"هەندێک هۆکار ڕێگرییان لێدەکرێت بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە"
هاژە عەبدوڵا باسی لە هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشێ شێرپەنجە کرد، کە هەندێکیان دەتوانرێت ڕێگرییان لێبکرێت، نمونە، کەسانی سەروو ٦٠ ساڵ ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجە زیاترە، ئەمەش ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت چونکە تا تەمەن زیاد بکات، ئەگەرەکان زیاد دەکەن، لە ژناندا ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە، لەکاتێکدا پیاوان ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی پڕۆستات زیاترە، هۆکاری بۆماوەیش یەکێکە لەو حاڵەتانەی ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.
لەبارەی ئەو حاڵەتانەی دەکرێت ڕێگرییان لێبکرێت، ئەو پزیشکە وتی: نەکێشانی جگەرە دەبێتە هۆی کەمتر توشبوون بە شێرپەنجەی سی و کۆئەندامی هەناسە، چونکە جگەرە هۆکارێکیشە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی لێو، زمان، قورگ، گورچیلە و بۆریی میز، خواردنەوە کحولییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی شێرپەنجە بە ڕێژەیەکی زۆر بە تایبەت سەر و مل، ئەنجامنەدانی وەرزش و زیادبوونی کێشی لەش و نەخواردنی میوە و سەوزە و خواردنی خواردنە چەور و قورسەکان هۆکارەکانی توشبوونی شێرپەنجەن.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا پیسبوونی ژینگە دەبێتە هۆی زیادبوونی شێرپەنجە، هەندێک پیسبوون لە دەسەڵاتی هاوڵاتیدا نییە وەک هەبوونی دوکەڵی کارگەکان بەڵام پیسکردنی ژینگە و هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لە دەسەڵاتی هاوڵاتیاندایە، هەروەها چوونە بەرخۆر و لێدانی هەتاو لە پێست بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشییەکانی پێست و شێرپەنجە، خورادنی دەرمانە هۆڕمۆنییەکانیش لەلایەن ژنانەوە ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.
هۆکار چییە نەخۆش شێرپەنجە هێندە زیادیکردووە؟
جگە لەو هۆکارانەی باسکران بۆ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، گۆڕینی سیستمی ژیان و کاریگەرییەکانی هۆکاری دیکەن بۆ شێرپەنجە، پزیشک هاژە دەڵێت: ئێستا هاوڵاتیان هۆشیارن و پشکنین دەکەن، بەڵام ناکرێت نکۆڵیش بکرێت کە هۆکارەکان بۆ توشبوونی شێرپەنجە زیادیان کردووە لە جیهاندا و ئامارەکان لە زیادبووندان"، بەپێی داتا جیهانییەکان لە ساڵی ٢٠٤٠ ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە ئاستێکی باڵادا دەبێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ گۆڕینی شێوازی ژیان و بەسەربردنی شێوازی ژیانێکی ناتەندروست.
"شێرپەنجە پێنج قۆناغی هەیە"
لە باسکردنی قۆناغەکانی شێرپەنجەدا ئەو پزیشکە ڕوونیکردەوە کە شێرپەنجە پێنج قۆناغی هەیە، قۆناغی سفر، ئەو قۆناغەیە کە شێرپەنجەکە دروستبووە، بەڵام نەزۆکە و ناتوانێت گەشە بکات بۆ خانەکانی دیکە، قۆناغی یەک کەمترین قۆناغی شێرپەنجەیە و لەگەڵ قۆناغی دوو بە قۆناغە سەرەتاییەکان دادەنرێت.
بەپێی قسەی ئەو پزیشکە باشترە نەخۆش لە قۆناغی سفر و سەرەتاییدا دەستنیشان بکرێت چونکە ئەگەری چارەسەرییان زیاترە، لە قۆناغی سفردا ئەگەر چاکبوونەوە ٪٩٠یە، بەڵام لە قۆناغی سێ ئەگەری چاکبوونەوە کەمترە و لە چواردا هەرچەندە قۆناغێکی قورسە، بەڵام مانای وانییە کۆتاییەکەی مردنە بەڵکو چارەسەری هەیە بە خایاندنی کاری زیاتر.
توشبووانی شێرپەنجە چی بخۆن؟
کێشەی سەرەکی توشبووانی شێرپەنجە "خۆراکە"، وا باوە لەناو خەڵکیدا خواردنی شەکر خراپە و نابێت کەسی توشبوو بە شێرپەنجە شەکر بخوات، پزیشک هاژە لەو بارەیەوە وتی "تا ئێستا زانست نەیسەلماندووە خواردنی شەکر خراپ بێت، بۆیە ناتوانین بە نەخۆشەکانمان بڵێین شەکر مەخۆن خراپە، بەڵام باشتر وایە ئەگەر ئەیخۆن کەمی بکەنەوە، گرنگیشە نەخۆشی شێرپەنجە کەمتر گۆشتی سور و چەوری بخوات بۆ ئەوەی قەڵەو نەبێت".
"چارەسەری شێرپەنجە پشت دەبەستێت بە کاتی دیاریکردنی نەخۆشییەکە"
پزیشک هاژە ئاماژەی بەوەدا زۆرینەی جۆری شێرپەنجەکان تا زووتر دەستنیشان بکرێن، زووتر چارەسەر دەکرێن، بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرچاوەکەیەوە دوورکەوتەوە و تەشەنەی کردبوو بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە ئەوا چارەسەری قورستر دەبێت، "مەرج نییە ئەو نەخۆشیانەی کە باون لە منداڵان و گەورە ئەگەری چاکبوونەوەیان قورس بێت، بە پێچەوانەوە هەندێک شێرپەنجە هەیە وەک لوکیمیا لە منداڵاندا زۆرترین توشبووی هەیە، بەڵام ئەگەری چاکبوونەوەی زۆرە"،
"مەرج نییە هەموو نەخۆشێکی شێرپەنجە چارەسەری کیمیایی وەربگرێت"
ئەو پزیشکە باس لەوەدەکات کە پێویستە بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە لیژنەیەکی پسپۆڕ لەسەر نەخۆشییەکانی گرێ و شیرپەنجە پێکبهێنرێت، دواتر بەپێی جۆری نەخۆشییەکە چارەسەرییەکان دیاریدەکرێن، نمونە، زۆر نەخۆش هەیە واباشترە سەرەتا چارەسەری وەک کیمیایی، تیشک، بەرگری یاخود هۆڕمۆن وەربگرێت کە کیمیایی نین، دواتر نەشتەرگەری بکات، چونکە لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر سەرەتا نەشتەرگەری بۆ بکرێت ئەگەری چارەسەری کەمترە وەک لەوای دواتر نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام بدرێت، "دەتوانین بڵێین مەرج نییە هەموو چارەسەرییەکی شێرپەنجە بە کیمیایی بکرێت، تا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا نەخۆشەکە دیاری بکرێت، پێویستی کەمتری بە کیمیایی دەبێت".
لە کۆتایدا پزیشک هاژە عەبدوڵا، داوا لە هاوڵاتیان دەکات پشکنین ئەنجامبدەن و ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن، خۆیان بپارێزن لە قەڵەوی بۆئەوەی کەمتر ڕووبەڕووی شێرپەنجە ببنەوە.