ئێران کۆنتڕۆڵی پێویستی بۆ تەندروستی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نییە

بوونی مادەی ژەهری مەترسیدار لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێراندا، کاریگەری لە بواری تەندروستی خۆراکدا کردووە و متمانە بەو بەرهەمانە نەماوە.

ڕۆژین قادری

 

ورمێ- ئێران لە بواری سەلامەتی خۆراکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی جددی بووەتەوە، لەوانە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، کە بەهۆی بەرزی ئاستی ژەهر-ماددەی کیمیایی و کانزاکانەوە مەترسیدارن و ئەم پرسە تەنیا بۆ هەناردەکاران و جووتیارانی ناوخۆ زیانی نییە، بەڵکو زیانی بە متمانە بە بەرهەمە کشتوکاڵییە ئێرانییەکان لە ناوچەکە گەیاندووە.

 

کێشە سەرەکییەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران بریتین لە بەکارهێنانی قڕکەر و پێوانەی کیمیایی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کشتوکاڵدا، لە کاتێکدا کە بەکارهێنانی ژەهر لە وڵاتانی جیاجیا لە ژێر چاوەدێری توند و پێوەرێکی دیاریکراو دایە. لە ئێراندا کۆنترۆڵی پێویست نییە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.

 

پێشتریش کاربەدەستانی ڕژێمی ئیسلامی چەندین جار پشتڕاستیان کردووەتەوە کە باری کشتوکاڵی هەناردەکراو بە هۆی بەرزی ئاستی ژەهر و کانزا قورسەکانەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ ئێران، پێدەچێت پرسی کۆنتڕۆڵکردن و ستانداردی ئەو ژەهرانەی لە ئێراندا بەکاردەهێنرێن، کەمتر گرنگی پێدرابێت بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی پاشماوەی ژەهر لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئەم بابەتە دەتوانێت چەندین کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان هەبێت.

 

ی.ق.، دەرچووی ئەندازیاری کشتوکاڵییە و لەوبارەیەوە بۆ نوژنها دوا.

 

چ جۆرە ژەهرێک لە ناوخۆی ئێران بەرهەم دێت؟ ئایا ئەم ژەهرانە ئۆرگانیکن یان پێکهاتەی کیمیایییان هەیە؟ چۆن کۆنتڕۆڵی کوالێتی ئەو ژەهرانە دەکرێت کە لە کشتوکاڵدا بەکاردەهێنرێن؟

-زۆربەی ژەهرەکان لە هیندستان و چینەوە هاوردە دەکرێن بۆ ئێران، زۆربەی ژەهرەکانی ناو بازاڕی ئێران ئۆرگانیک نین و بە پێکهاتەی کیمیایی ناسراون، بەڵام هەموویان بە یەکسانی مەترسیدار نین؛ بۆ نموونە هەندێکیان کوالیتی باشترن لە ژەهرەکانی تر، جگە لەوەش حاڵەتی قاچاخی ژەهر بۆ ناو ئێران هەیە و دوای چوونە ناو ئەو وڵاتە ژەهرەکان لەناو دەبەی پاکەتکراودا دەفرۆشرێن، هەروەها مافیای ژەهراوی چێژ لە قۆرخکاری بازاڕ وەردەگرێت و لە بواری کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان پێش چوونە ناو بازاڕی ناوخۆ، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کشتوکاڵ و وەزارەتی تەندروستی هیچ چاودێرییەکیان بۆ بەرهەمەکان نییە، پێش ئەوەی بخرێنە بازاڕەوە.

 

چ کێشەیەک لە بواری زانینی ژەهر-ماددەی کیمیایی فرۆشان و جووتیاراندا هەیە؟ ئایا جووتیاران ڕاهێنانی پێویست لە بواری فرۆشتنی ژەهر وەردەگرن؟

-لە ناوەندەکانی دابەشکردنی ماددە کیماییەکاندا، بە گشتی هیچ پسپۆڕێک لە بواری کشتوکاڵدا نییە کە بتوانێت ڕێنمایی و ڕاوێژکاری تەکنیکی پێشکەش بە جووتیاران بکات و بەکارهێنانی ئەو ژەهرە ڕوون بکاتەوە کە بە چ ڕێژەیەک پێویستە بەکاربهێنرێت، تەنانەت لە حاڵەتی بەکارهێنانی ژەهرە ستانداردەکان بە پلەیەکی گونجاو، پێویستە ژەهرەکە لە کات و قۆناغێکی گەشەی بەرهەمەکەدا بەکاربهێنرێت، بەڵام جووتیاران هیچ زانیارییەکیان لەو بارەیەوە نییە.

 

چ ڕێوشوێنێک دەتوانرێت بگیرێتەبەر بۆ باشترکردنی کۆنتڕۆڵکردنی ژەهرەکان لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا؟

-بۆ باشترکردنی کۆنتڕۆڵکردنی ژەهر لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا پێویستە ڕێوشوێنی بەرفراوانتر بگیرێتەبەر، یەکەم؛ پێویستە چاودێری توندی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر بەکارهێنانی قڕکەر لە کشتوکاڵدا و جێبەجێکردنی ستانداردە دروستەکان لەم بوارەدا بەهێز بکرێت، دروستکردنی سیستەمێکی چاودێری کاریگەر و بەهێز، لە بەرهەمهێنانەوە تا دابینکردنی بەرهەم بۆ بازاڕ، دەتوانێت ڕێژەی ژەهر لە بەرهەمەکاندا کەم بکاتەوە. دووەم؛ ڕاهێنانی تەکنیکی دروست بۆ جووتیاران و فرۆشیارانی ژەهر سەبارەت بە بەکارهێنانی دروست و سەلامەتی ژەهرەکان پێویستە هەبێت، هەڵبژاردنی ماددەی کیمیایی بە کوالێتی و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ناپایەدارانەی ئەم ئاوێتانە ڕێوشوێنی پێویستن، هاوکات هاندانی بەکارهێنانی قڕکەری ئۆرگانی و ژینگەدۆست دەتوانێت چارەسەرێکی کاریگەر بێت، جگە لەوەش لێکۆڵینەوەی زیاتر لە بواری بەدیلەکانی کشتوکاڵی کە دەتوانێت جێگەی قڕکەر بگرێتەوە و بەکارهێنانی سیستەمی کشتوکاڵی بەردەوام دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی قڕکەر و باشترکردنی کوالیتی بەرهەم.

 

بەکارهێنانی ناڕێکی قڕکەر لە کشتوکاڵدا چ کاریگەرییەک بۆ سەر تەندروستی خەڵک و ژینگە چاوەڕوان دەکرێت؟

-بەکارهێنانی ناڕێکی قڕکەر لە کشتوکاڵدا دەتوانێت کاریگەری جددی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە هەبێت، لەناو کاریگەرییە تەندروستییەکانی مرۆڤدا، دەتوانین باسی شێرپەنجە و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی کۆئەندامی هەناسە و پێست و دەمار و هەرس بکەین، بەکارهێنانی نادروستی ژەهر-ماددەی کیمیایی دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و ئاوی ژێر زەوی و خاک و وردە وردە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بەرگری لە زیندەوەرە زیندووەکاندا بەرامبەر بە ژەهر، هەروەها ناتوانرێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر جۆراوجۆری زیندوو و کەمکردنەوەی ژمارەی ئاژەڵە بەسوودەکان لە ژینگەدا پشتگوێ بخرێن، بۆ ڕێگریکردن لەم کاریگەریانە پێویستە پەیڕەوی لە بەکارهێنانی سەلامەت و بەرپرسیارانە بکرێت لە قڕکەرەکان کە هاوئاهەنگن لەگەڵ بەرهەمهێنان و ستاندارد و ڕێنماییەکانی بەکارهێنانی، هەروەها پێشخستنی شێوازی کشتوکاڵی ئۆرگانی و بەردەوام و بەکارهێنانی قڕکەری ئۆرگانیک دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی تەندروستی خەڵک و پاراستنی ژینگە.