پزیشکێک: لە گەرمادا وشکبوونەوەی جەستە و سستبوونی ئەندامەکان دەبنە هۆی گیان لەدەستدان
پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستا گیان لەدەستدان بەهۆی گەرماوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، دوو بۆ سێ ئەوەندە زیادی کردووە، لە گەرمادا وشکبوونەوەی جەستە و جەڵتەی دڵ و سستبوونی ئەندامەکان دەبنە هۆی گیان لەدەستدان.
ناوەندی هەواڵ
گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ساڵ بە ساڵ مەترسی ئەم بەرزبوونەوەیە دەردەکەوێت و کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤیش کردووە.
پزیشک نیل گاندی، سەرۆکی بەشی پزیشکیی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی هیوستن میتۆدیست لە ئەمریکا ڕایگەیاند، سێ هۆکاری سەرەکیی هەن کە دەبنەهۆی گیانلەدەستدان لە کەشی گەرم و شێداردا کە بریتین لە "وشکبوونەوەی جەستە، جەڵتەی دڵ و سستبوونی ئەندامەکان".
ئەو پزیشکە هۆکارەکانی بەم شێوەیە خستووەتەڕوو:
هۆکاری یەکەم: سستبوونی ئەندامەکان، کاتێک پلەی گەرمیی ناوەوەی جەستە بەرزدەبێتەوە ئەوا خوێن بە ئاڕاستەی پێست دەڕوات تاوەکو ساردی بکاتەوە، بۆیە خوێنی زیاتر لە گەدە و ریخۆڵەکانەوە دەچێت بۆ پێست، بەمەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی ژەهر لە ڕیخۆڵەکانەوە بۆ ناو خوێن و هەوکردن زیاد دەکەن، چونکە خوێن و ئۆکسجینیان تێدا کەمدەبێتەوە، بەمەش ئەندامەکانی جەستە سست دەبن و تاوەکو وایان لێدێت لەکاربکەون و کەسەکە گیان لەدەستبدات.
هۆکاری دووەم: جەڵتەی دڵ، لە کەشی گەرمدا فشاری زیاتر دەخرێتەسەر دڵ بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە، چونکە کاتێک پێداڕۆیشتنی خوێن لە ئەندامەکانەوە بۆ پێست دەستپێدەکات، ئەوا پەستانی خوێن کەمدەبێتەوە، بەمەش لێدانی دڵ زیاد دەکات و دڵ خوێنی زیاتر بۆ بەشەکانی جەستە پاڵدەنێت، دڵ کارێکی زۆر زیاتر دەکات لە دۆخی ئاسایی، بۆیە دەشێت کەسەکە تووشی جەڵتە ببێت و گیان لەدەستبدات.
هۆکاری سێیەم: وشکبوونەوەی جەستە، کاتێک جەستە ئارەقێکی زۆر دەکاتەوە، فشاری زۆر لەسەر گورچیلەکان دروستدەبێت و جەستە ئاوێکی زۆر دەردەدات، خۆ ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا کەسەکە دووچاری وشکبوونەوەی جەستە دەبێت و دەکەوێتە دۆخێک کە پێی دەڵێن شۆک، بەمەش ئۆکسجین و مادەخۆراکییەکان رێژەیان کەمدەبێتەوە و لێکەوتەکانیشی دەبنە سستبوونی گورچیلەکان، سەرسووڕانی تووند، لەهۆشخۆچوون و مردن.
هەروەها پزیشک رێنی سالاس، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتیی ماساچوسێتسی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە بەراورد بە ۲۰ ساڵی ڕابردوو ٣٠% بەرزبووەتەوە.