١٣ ساڵە نەخۆشخانەی گورچیلەی کۆیە تەواو نەکراوە

نەخۆشخانەی گورچیلە لە کۆیە ١٣ ساڵە تەواو نەکراوە، هاوڵاتیانیش ناچارن لە شارۆچکەی کۆیەوە بچن بۆ پارێزگای هەولێر بۆ چارەسەر.

ئەڤین عەزیز

 

کۆیە- شارۆچکەی کۆیە، کە ئێستا بووەتە شار، دەکەوێتەوە نێوان دوو پارێزگا و لە ڕووی سیاسیەوە سەر بە پارێزگای سلێمانیە، لە ڕووی ئیداریشەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو سەرچاوە مرۆیی و ماددیەی تیایدایە هیچ گرنگیەکی پێنەدراوە و هیچ خزمەتگوزاریەک بۆ کۆیە دابین ناکرێت و فەرامۆش کراوە.

 

کوێستان جەلال، دانیشتوویەکی شاری کۆیە و دەڵێت: لە شاری کۆیە چەندین سەرکردە و کەسایەتی گەورەی تیادا لەدایکبووە و چەندین شەهیدی پێشکەش بەم خاکە کردووە، بەڵام هیچکامیان ئاوڕیان لەم شارە نەداوەتەوە، هیج خزمەتێکیان نەکردووە.

 

 

سەبارەت بە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید کە گەورەترین نەخۆشخانەی حکومییە، بەڵام خزمەتگوزاری پێویستی تیادا نییە هەڵسەنگاندنتان چییە؟

کوێستان جەلال: ئەم نەخۆشخانەیە زۆر بێ خزمەتگوزارییە، بەشی فریاکەوتن کە سەرەکیترین بەشە و دەبێت لە خزمەت هاوڵاتیاندا بێت، بەڵام خۆم دایکم برد وتیان جەڵدە لێیداوە، لە کاتێکدا دایکم شەکرەی سفر ببووەوە، ئامێری شەکرە بچوکترین ئامێرە بەڵام ئەم نەخۆشخانەیە نییە تا بزانن بۆ وای بەسەرهاتووە و کۆنتڕۆڵی شەکرەکەی بکەن، لە ڕووی دەرمانەوە زۆر کەمتەرخەمن، چونکە پزیشک لەم خەستەخانەیە کە دەرمان بنووسێت، نەخۆشەکە دەبێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە بیکڕێت، چونکە لە نەخۆشخانەکە دەرمانی پێویست نییە.

 

سەنتەری گورچیلەی شارەکە ١٣ ساڵە تەواو نەکراوە، هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟

کوێستان جەلال: ماوەی ١٣ ساڵە ئەم سەنتەرە تەواو نەکراوە، هیچکام لە پارێزگاکان بەدواداچوونیان بۆ نەکردووە بۆ ئەوەی بزانن هۆکاری پشت ئەمە چییە و ئایا  ئەو پارەی بۆی تەرخان کرابوو بە گەندەڵی ڕۆشتووە یان بەشی تەواوکردنی نەبووە، ناچار هاوڵاتیان ڕێگەیەکی دوور دەبڕن بۆ شاری هەولێر، نەخۆش هەیە هەموو مانگێک پێویستە بچێتە نەخۆشخانەی بۆ شۆردنەوەی گورچیلەی کە نەبوونی ئەم نەخۆشخانەیە ئاستەنگی و قورسی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە.

 

جێی ئاماژەیە، ڕێگەی دوو سایدی نێوان کۆیە-هەولێر ماوەی ١١ ساڵە بڕیاری بۆ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و خەڵکی شاری کۆیەش ڕێگەکە بەهۆی خراپییەوە بە ڕێگەی مەرگ بەناو دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانراوە یەک نەخۆشخانەی ئەهلی بنیاد بنرێت بۆ حاڵەتی لەناکاو، سەرەڕای ئەوەی ئەم شارە چەندین شارۆچکە و شارەدێی لەسەرە و چەندین پزیشکی باشی هەیە، بەڵام ناچارن بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەوە ڕوو لە شارەکانی دیکە بکەن بۆ کارکردن، شارەکە لە چەندین لایەنەوە پشتگوێ خراوە، بەڵام لایەنی تەندروستی سەرەکیترین بەشە کە پێویست بوو بەرەوپێش ببرێت.