چالاکوانێک: سەنتەری ددانی کۆیە لە خزمەتی خەڵکدا نییە

سەنتەری ددانی کۆیە، بەهۆی کەم تەرخەمی و جێبەجێ نەکردنی ئەرکەکانیان ڕووبەڕووی ڕەخنە بوونەتەوە لەلایەن دانیشتووانی شارەکەوە.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- شازادە کۆیی، چالاکوانی مەدەنی لە شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، باسی لەو کەمتەرخەمییانە کرد کە لە سەنتەری ددانی کۆیەدا دەکرێت و دەڵێت: ئێمە لەناو ئەو ڕاستیە دەژین کە شاری کۆیە فەرامۆش کراوە و بێ خزمەتە، لەوانەش سەنتەری ددانی کۆیە، کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی دانشتووانی شاری کۆیە و دەوروبەری بووەتەوە، بۆیە بە پێویستم زانی وەک چالاکوانێکی مەدەنی بێدەنگ نەبم لە ئاست ئەم کەمتەرخەمیە.

 

بۆچی دانیشتووانی کۆیە و دەوروبەری ناڕازین لە کاری سەنتەری ددانی کۆیە، کە ناوەندێکی حکومییە و بۆ خزمەتکردنە بە هاوڵاتیان؟

شازادە کۆیی لە وەڵامدا دەڵێت: بەهۆی ئەوەی سەنتەری ددان تەنیا بینایەکە و پزیشک و کارمەند و کارگوزاری زۆری بۆ دابین کراوە، بێ ئەوەی هیچ خزمەتێک بگەیەنن، بۆیە کاتێک وەک نەخۆش سەردانیان دەکەیت مامەڵەیەکی ساردت لەگەڵ دەکەن، وەک ئەوەی نەخۆش نەبیت، دواتر بۆلای پزیشکەکانت دەنێرن، کە چەند ژوور بکەیت پێویستە ئەوەندە بلیت ببڕیت، دواتر دەڵێن کەرەستەمان نەماوە و ٦ مانگ دەخایەنێت کە قاڵبێکی ددان دروست بکەن، بەڵام هەر خۆیان دەتنێرنە لای پزیشکێک کە لە بەشی ئێوارانی سەنتەرەکە دادەنیشێت، لەبەر ئەوەی نرخی گرانترە پێشوازیەکی جوانت لێدەکەن و باشترین خزمەتت دەکەن.

 

هەروەها ناڕەزایەتی خەڵک بەهۆی ئەوەوەیە، کە ئەو نەخۆشخانانە بۆ خزمەتی هاوڵاتیانن، بەڵام کەمتەرخەمن و بارودۆخ و گوزەرانی خراپی خەڵکیش وایکردووە کە بێنە دەنگ، چونکە حکومەت ئەو نەخۆشخانانەی داناوە تا لە خزمەتی خەڵکدا بێت، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو پزیشک و کارمەندە هیچ کارێک ناکەن.

 

ئەگەر نەخۆش چۆن چارەسەر دەکرێت کەرەستەکانیان چۆنە؟

 

شازادە کۆیی باسی لە کەرەستە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەکە کردم کە کوالێتییان نزمە و خراپن، وتی: من خۆم یەکێکم لەو کەسانەی بەهۆی خراپی باسی دارایمەوە، سەردانی بەشی بەیانیانی سەنتەرەکەم کرد، تیشکی ئێکسیان بۆ ددانم کرد، ئامێرەکەیان پیس بوو، هەر دوو دڵ بووم، دواتر وتی دەبێت دەماری ببڕم، بۆ ئەوەش ناونیشانی نەخۆشخانەکەی خۆی پێدام و بۆ یەک ددان پارەیەکی زۆرم ڕۆشت، باشە ئەی خاوەن پێداویستی تاتبەتێک کە مانگی ١٥٠ هەزار وەر دەگرێت ئەگەر ددانی بئێشێت چی بکات؟ چی بخوات ؟ چی بۆ کارەبای مۆلیدە؟ چی بۆ کارەبای ڕەیسی؟، جارێکیتر ددانم شۆردەوە لە هەمان شوێن سەرەم دانا، دوای چەندین مانگ ئینجا سەرەم بەرکەوت و دوای پاککردنەوە ددانم پیستر بوو، هەروەها بەهۆی کەم تەرخەمییەوە نەخۆش کەم دەچێت بۆ سەنتەرەکە.

 

داواکاریتان بۆ لایەتی پەیوەندیدار چییە؟ پێویستە چی بکرێت بۆ چارەسەری کەموکورتییەکان؟

شازادە کۆیی وتی: داواکارم لە پزیشکە بەڕێزەکان و کارمەندەکان ئەرکی خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن، چونکە هاوڵاتی پێش ئەوەی پێویستی بە چارەسەری جەستەی هەبێت، دەبێت لە لایەنی دەروونیەوە ئارامی پێ ببەخشرێت و سۆز و خۆشەویستی پێبدرێت، پاشان چارەسەر بکرێت، بەڕاستی خەڵکی کوردستان پێویستە خزمەت بکرێن و یارمەتی بدرێن، نەک خەمیان بۆ زیاد بکرێت. ئێمە خەمی نیشتمانمان بێت یان خەمی کرێ خانوو یاخود کارەبا یانیش خەمی خوشک و براکانمان بێت کە لە شاخ بەرگریمان لێدەکەن. نازانین دەگەڕێنەوە یاخود نا یان خەمی ئەوەمان بێت لەهەر کاتێکدا بێت تورکیا بە درۆنێک نیشتمان پەروەران شەهید دەکات، هەر بۆیە داواکارم  پزیشک و کارمەندەکان خەمی تر بۆ هاوڵاتیان زیاد نەکەن و داواکارم لە وەزارەتی تەندروستی لێپێچینەوە بکات لەم نەخۆشخانەیە، بۆ ئەوەی ئەو ئەرکەی بەرامبەر ئەم نیشتمان و شارە هەیانە بە باشی جێبەجێی بکەن.