تا ئێستا کوتان دژی نەخۆشی تای خوێنبەربوون نییە

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە لە هەرێمی کوردستان نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەرکەوتووە، هەرچەندە مەترسیەکی گەورەی هەیە بەتایبەتی لە ژنانی دووگیاندا، کە دەگوازرێتەوە بۆ کۆرپەلەکەی، بەڵام تا ئێستاش کوتان دژی ئەم نەخۆشیە نییە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ئاژەڵ لەگەڵ ئەوەی چەندین سوودی بۆ مرۆڤ هەیە، لە هەمان کاتیشدا دەکرێت زیانیشی هەبێت، لە ئێستادا و لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا بەهۆی ئەو مشەخۆرانەی لەسەر پێستی ئاژەڵ هەیە، تووشی چەندین نەخۆشی دەکات و هەندێکیشیان بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، یەکێک لەو نەخۆشیە مەترسیدارانەش تای خوێنبەربوونە، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٤٤ و لە جەنگی جیگانی یەکەمدا سەریهەڵدا، ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن لە ٪٤٠ ڕوبەڕووی مەرگ دەبنەوە.

 

"نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ڕێگەی گەنەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە"

ئاواز سەردار، پزیشکی ڤێتێرنەری، ئاماژەی بەوەکرد، نەخۆشی تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤارۆسییە و هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، نەخۆشیەکە لە ئاژەڵدا هیچ نیشانەیەکی نییە، تەنها جۆرێکی تایبەتی مشەخۆری گەنە لەسەر پێستی ئاژەڵەکە دەبینرێت و خوێنی ئاژەڵەکە دەمژێت و دواتر نەخۆشیەکە دەگوازێتەوە، زیاتر لە ڕێگەی بەرکەوتنی ئاژەڵی نەخۆشەوە بە شێوەیەکی ناتەندروست مرۆڤ تووشی دەبێت، بە تایبەتی بەرکەوتن لەگەڵ خوێنەکەی، هەروەها ئەم نەخۆشییە لە ئاژەڵێکەوە بۆ ئاژەڵێکی تر دەگوازرێتەوە، لە ئێستاشدا لە هەرێمی کوردستاندا حاڵەتێکی ئەو نەخۆشیە تۆمار کراوە و بە نەخۆشیەکی مەترسیدار ناسراوە.

 

"بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە دەبێت کۆنترۆڵی کوشتارگەکان بکرێت"

ئاواز سەردار ڕوونی کردەوە، نەخۆشی تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی مەترسیدارە و لە جیهاندا بوونی هەیە، زیاتر لە مەڕ، بزن، ڕەشە وڵاخ و چەند جۆرێکی باڵندەدا هەیە و زیاتر لە کاتی گەرمادا دەردەکەوێت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی مشەخۆری گەنە و هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵدا بە بێ سەرپەرشتی پزیشکی ڤێتێرنەری، کاتێک ئاژەڵەکان لە دەرەوەی کوشتارگەکان سەردەبڕدرێن، ئەگەر هاوڵاتی هۆشیاری نەبێت لەسەری، تووشی چەندین نەخۆشی دەبێت.

 

وتیشی: هەر ئاژەڵێک کە دەهێنرێتە بنکەیەکی ڤێتێرنەری دیارە خاوەن ئاژەڵەکە چەند نیشانەیەکی لێ بەدی کردوە و ئێمەش بە پێی چەند پشکنینێکی تاقیگەیی دەتوانین چارەسەری نەخۆشیەکە بکەین، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەبێت سەرەتا کوشتارگەکان کۆنترۆڵ بکرێن، چونکە لە کوشتارگەکان پشکنینی پێش سەربڕین دەکرێت و ئەگەر نیشانەیەکی نەخۆشی تێدا بوو ڕێگە نادرێت سەرببڕدرێت، هەروەها پشکنینی دوای سەربڕین دەکرێت و بە دەرکەوتنی نیشانەی نەخۆشی ئاژەڵەکە دەبێت بسووتێنرێت.

 

"دەبێت لە کاتی هەبوونی هەر نیشانەیەکدا ئاژەڵ ببرێتە بنکە تەندروستییەکان"

ئاواز سەردار ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک ئاژەڵێک هەڵگرە یان گەنە لەسەر پێستی هەیە، دەبێت بە دەرمانی پاکژکەرەوە ئاژەڵەکە بشۆردرێت و شوێنی مانەوەی ئاژەڵەکەش پاک بکرێتەوە، هەر ئاژەڵێک کە شیاو نەبێت بۆ سەربڕین کۆرسی دەرمانی بۆ دەنووسرێت و بە پێی پێدانی دەرمانەکە نابێت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک شیر و گۆشتەکەی بخورێت.

 

لە بارەی هەبوونی کوتان بۆ نەخشییەکە، ئەو پزیشکە وتی: تا ئێستا کوتان دژی نەخۆشی تای خوێن بەربوون نییە، بەڵام تیمەکانی ڤێتێرنەری لە گوندەکاندا کوتانی ژێر پێست بۆ ئاژەڵان دەکەن، هەروەها ڕێنمایی دەدرێت بە خاوەن ئاژەڵەکان تا لە بوونی هەر حاڵەتێکی نەخۆشیدا سەردانی بنکە ڤێتێرنەرییەکان بکەن، پێویستە هاوڵاتیانیش خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی گۆشتی ئاژەڵ لە کۆڵان و سەر شەقامەکاندا.

 

نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا

نەخۆشی تای خوێنبەربوون ئەو کەسانەی تووشی دەبن چەند نیشانەیەکیان تیادا دەردەکەوێت لە ٣-٧ ڕۆژدا، کە تایەکی بەرزی دەبێت، ئازار لە پشت و ملی نەخۆشەکەدا هەیە، تووشی سکچوون و ڕشانەوەش دەبێت، لە قۆناغەکانی کۆتایی نەخۆشیەکەدا خوێنبەربوون دەستپێدەکات لە دەم و لوتیەوە و پەڵەیەکی خوێنبەربوون لەسەر پشتی دەردەکەوێت کە پێویستە چارەسەر بکرێت، هەروەها ئەم نەخۆشیە مەترسی بۆ سەر ژنانی دووگیان هەیە و لە دایکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆرپەلە.

 

ساڵانە لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا چەندین نەخۆشی لە ئاژەڵدا سەرهەڵدەدەن، هەندێک لەو نەخۆشیانە مەترسیدارە و لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، وەکو تای خوێنبەربوون کە تا ئێستا هیچ کوتانێک دژی ئەو نەخۆشیە نییە و تا ئێستاش لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر نەکراوە.