بەکارهێنانی دەرمان بە بێ ڕەچەتەی پزیشکی بووەتە مەترسی ژیانی هاوڵاتیان

بەکارهێنانی دەرمان بە بێ ڕەچەتەی پزیشکی بووەتە مەترسی ژیانی هاوڵاتیان و ساڵانە هەزاران کەس لە جیهاندا بەهۆی هەڵە بەکارهێنانی دەرمان و زیاد بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریاوە گیان لەدەستدەدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی-ئەوەی لە ئێستای باشووری کوردستان بڵاوە بەکارهێنانی دەرمانە بێ بوونی ڕێنمای و ڕەچەتەی پزیشک، دەرمانەکان لەوپەڕی مەترسیدا بەکاردەهێنرێن، کە نەک تەنها ڕێژە زۆرەکەی بووەتە مەترسی، بەڵکو شێوازی بەکارهێنانیشی مەترسیدار بووە.

 

بووەتە باو کاتێک کەسێک بە دەرمانێک باش ببێت کەسانی دیکەی دەوروبەری، دەرمانەکە بەکاردەهێننەوە بەو ئامانجەی باش ببن، لە کاتێکدا فیسیۆلۆجی جەستەی مرۆڤەکان جیاوازە و دەکرێت بۆ ئەوان ببێتە زیان، هەندێک کات پزیشکی دەرمانسازەکان تاوانبار دەکرێت بەوەی بوونەتە هۆکار، چونکە بێ بوونی ڕەچەتە دەرمان دەدەنە نەخۆشەکان، بەڵام پزیشكێکی دەرمانساز مەترسییەکانی دەرمان و نەبوونی ڕەچەتەی پزیشکی دەخاتەڕوو.

 

"هاوڵاتیان ڕاهاتوون دەرمانی کەسانی تر بەکاربهێنن"

بەیان هۆشیار پزیشکی دەرمانساز، باسی لە بەکارهێنانی دەرمان کرد، کە هەندێک دەرمان هەن بێ ڕەچەتەی پزیشک دەتوانرێت بەکاربهێنرێت وەک "otc drug"، هەروەها دەرمانەکانی تایبەت بە پەتای وەرزی بەهەمان شێوە پێویست بە ڕەچەتەی پزیشک ناکات، ئاماژەی بەوەشدا، بەڵام کێشەی سەرەکی هاوڵاتیان بەکارهێنانی دەرمانی کەسانی ترە، کە لەکاتی نەخۆشیاندا بۆیان نووسراوە، دەڵێت: هەندێک لە نەخۆشەکان تەنانەت ناوی دەرمانەکەش نازانن، بەڵکو بە نیشانەیەکدا دەیناسنەوە و زانیارییان لەبارەیەوە نییە، لەکاتێکدا پێویستە لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا دەرمان بەکاربهێنن، ئەگەر پزیشکی پسپۆڕیش نەبوو پزیشکی دەرمانساز بێت.

 

"لەخۆوە بەکارهێنانی دەرمان کاریگەری لاوەکی دروستدەکات"

زۆرترین کەیس سەردانی دەرمانخانەکان دەکەن و دەرمان دەکڕن، بەیان هۆشیار ئاماژەی بە یەکێک لەو کەیسانەدا، ئەویش سوربوونەوەی چاوە، ڕوونیکردەوە زۆرکات هاوڵاتیان لە بوونی سووربوونەوەی چاویاندا بێ سەردانیکردنی پزیشک وەک هەستیارییەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و لە خۆیانەوە قەترەی بۆ بەکاردەهێنن، بەڵام مەترسیدارترینە، چونکە دەکرێت چاوەکە فشاری بەرزبێت ئەوەندەی دیکە خراپی بکات، "بێگومان بەکارهێنانی دەرمان بێ بوونی ڕەچەتەی پزیشک، کاریگەری لاوەکی هەیە، باوترین دەرمانیش پاراستۆڵە، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بە مەرجێک بە ڕێژەیەکی زۆر نەبێت، بەڵام دەرمانێکی وەک دژە بەکتریاکان بە هیچ شێوەیەک نابێت بەبێ ڕەچەتەی پزیشک بەکاربێت".

 

"هاوڵاتیان داوای دەرمانە قەدەغەکراوەکان دەکەن"

بەیان هۆشیار باسی لەوەکرد، هەندێک لە هاوڵاتیان هۆشیاریان هەیە دەخوێننەوە و لە پێکهاتەی دەرمانەکان دەکۆڵنەوە، بەڵام ئەمە بەشی ئەوە ناکات بە بێ چاودێری پزیشک بڕیاربدەن و دەرمان بەکاربهێنن، لە بەرامبەردا هەندێکی دیکەیان هۆشیاریان نییە، سەرتاپای دەرمانەکان بە هەڵە بەکاردەهێنن، وتیشی: هەندێک دەرمان هەن قەدەغەیە و بە هیچ شێوەیەک نابێت بدرێتە نەخۆش وەک دەرمانی خەو، زۆرکات نەخۆش سەردانمان دەکات بۆ دەستکەوتنی دەرمانەکانی خەوتن، دەیکەنە کێشە تەنها لەبەر ئەوەی پێیان بفرۆشین، چونکە ئەم دەرمانانە تا ئاستێکی زۆر مەترسیدارن، ئەگەر پزیشکیش دایبنێت دەبێت بە پێی قورسی حاڵەتەکەی بڕەکەی بۆ دابنێت، زیاتر بێت تووشی مەترسی دەکات.

 

دەرمانی دژە بەکتریا بەکارهێنانیان دەبێتە مەترسی

ئەو پزیشکە دەرمانسازە وتی: هەندێک دەرمان هەن وەک هەندێک لە دژە بەکتریاکان پێویستە لە کاتی خواردنی شیرەمەنی دوور بێت، بەڵام نەخۆش ژەمێکی باش لە شیرەمەنی دەخوات، پاشان دەرمانەکە دەخوات بۆیە سودی لێوەرناگرێت، پێویستە هاوڵاتیان هۆشیاریان هەبێت، کاتێک سەردانی دەرمانخانەکان دەکەن بە بێ وەرگرتنی زانیاری نەڕۆن، چونکە زانیاری ورد تەنانەت لە ئینتەرنێتیشدا نییە، یاخود هەیانە و دەستیان ناکەوێت چونکە لێی شارەزا نین.

 

"گرنگە دەرمانساز بە ویژدان دەرمان بداتە هاوڵاتیان"

هاوڵاتیان وەک ئاو دژە بەکتریاکان بەکاردەهێنن، کاتێک بە دوو دەنکی کۆرسەکەی وەریانگرتووە باش دەبن، وازیلێدەهێنن لە کاتێکدا ئەگەر نەخۆشەکە بە تەنها ئەو دوو دەنکەش باشبوو نابێت وازیلێبێنێت، چونکە ئەگەر وازی لێبێنێت ئیتر ئەو دەرمانە بەرگری دژی دەرمانەکە دروستدەکات و بۆ جارێکی تر کاریگەری نابێت، ئەو پزیشکە ڕوونیکردەوە، پزیشکە دەرمانسازەکان خۆیان دەپارێزن لە پێدانی دەرمانی دژە بەکتریا بە هاوڵاتیان، بەڵام هاوڵاتیان هەندێک کات ڕەچەتەی کەسێکی تریان بۆ دەبەن لە کاتێکدا بۆ خۆیانە، یاخود ڕەچەتەی کۆنیان بۆ دەبەن تەنها لەپێناو پێدانی دەرمانەکە، کاتی وا هەیە ئێمە دەرمانەکە نادەین بە نەخۆشەکە، بەڵام نەخۆش لە دەرمانخانەیەکی تر وەریدەگرێت، بۆیە گرنگە پزیشکی دەرمانساز بە ویژدان بێت و بە پێی ئەو ڕێنماییانەی وەریگرتووە دەرمان بداتە نەخۆش.

 

لە کۆتاییدا وتی: ڕێگریکرن لە بەکارهێنانی دەرمان بێ ڕەچەتەی پزیشکی پشت دەبەستێت بە هۆشیاری هاوڵاتیان و ویژدانی دەرمانساز، کە بە بێ بوونی ڕەچەتە دەرمان نەدەنە نەخۆش، چونکە دەرمان هەن بۆ هەستیاری بەکاردێت و خەو لە نەخۆش دەخات، بەڵام هاوڵاتیان بۆ مەبەستێکی تر بەکاریدەهێنێت و توشی ئالوودەبوون دەبن پێوەی.