هەنجیر بڕێکی زۆر کانزا و ڤیتامین و پێکهاتە بەسوودەکانی تێدایە بۆ جەستەی مرۆڤ

بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە ڕیشاڵ و پۆتاسیۆم لە هەنجیردا یارمەتیدەرە بۆ تەندروستی دڵ و لابردنی چەوری زیادە لە جەستە.

ناوەندی هەواڵ

 

ھەنجیر میوەیەکی خۆشی وەرزی ھاوینەیە و تام وچێژێکی تایبەتی هەیە، بە تەڕی و بە وشکیش دەخورێت، ئەم میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لە ڕووی خواردنەوە، تا بە تەواوی پێنەگات ناخورێت، ھەنجیر بڕێکی زۆر کانزا و پێکھاتە بەسوودەکانی تێدایە بۆ جەستەی مرۆڤ، بەشداری دەکات لە دروستکردنی خرۆکە سوورەکانی خوێن و هەروەها کانزای مەگنسێوم بە جەستە دەبەخشێت.

 

سوودە ناوازەکانی هەنجیر

کانزا و ڤیتامین و دژە ئۆکسانەکانی تێدایە، وەک سۆدیۆم و پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم و ڤیتامینەکانی (C, B2, B3, B6)، کە سەرچاوەی زۆر باشی ڕیشاڵەکانن بۆ ڕێگەدان بە دووبارە دروستبوونەوەی خانەکانی لەش و بەرگری لەش بەهێز دەکات.

 

هەنجیر سەرچاوەیەکی گەورەی پریبایۆتیکەکانە، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی پرۆسەی هەرسکردن و تەندروستی گشتی ڕیخۆڵە، بەهۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ، جووڵەی ئاسایی ڕیخۆڵە چالاک دەکات.

 

خواردنی هەنجیر پێش نان خواردن، دەبێتە هۆی زیادکردنی ئیشتیها و ئەندامەکانی هەرس پاک دەکاتەوە و هەروەها هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکانی قۆڵۆن و مەمک و پڕۆستات.

 

بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە ڕیشاڵ و پۆتاسیۆم، بەیەکەوە یارمەتیدەرە بۆ لابردنی چەوری زیادە لە جەستە و فشاری دڵ، کە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی بەسوود بێت بۆ باشترکردنی تەندروستی دڵ.

 

چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن دەکات بۆ ئەو کەسانە کێشەی پەستانی خوێنیان هەیە، هەنجیر کاریگەریەکی باشی دەبێت و ڕیژەی کۆلستڕۆڵ لە خوێندا هاوسەنگ دەکات.

 

بە هۆی بوونی کالسیۆم و مەگنسیۆم لە پێکهاتەی هەنجیردا، بووە بە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی ئێسکی مرۆڤ.

 

هەنجیر بەسوودە بۆ کەم کردنەوەی خوران و سووربوونەوە و زیپکەی پێست.