هەڤین کەمال چەند ڕێگایەک بۆ ڕێکخستنەوەی خەو دەخاتەڕوو

پزیشک هەڤین کەمال شا چەند ڕێگایەک بۆ ڕێکخستنەوەی خەو دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەوانەی ئازاری بەردەوامی لەشیان هەیە، ناڕێکی خەویان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک هەڤین کەمال شا، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازار شکاندن بۆ ڕێکخستنەوەی خەو چەند ڕێگایەک دەخاتەڕوو، لەوبارەیەوە نووسیویەتی: توێژینەوەکان دەریان خستووە دوو لەسەر سێی ئەوانەی دەناڵێنن بە ھۆی ئازاری بەردەوامی لەشیانەوە، کێشەی کەم خەوی و ناڕێکی خەویان ھەیە، هەروەها لەبەرئەوەی کەم خەوی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازار، بەھەمان شێوەش ئازار دەبێتە ھۆی ناڕێکی و کەم خەوی کە ھەردووکی وەک بازنەیەکی داخراو کاردەکەن ،بۆیە ھەندێک ڕێنمایی ھەیە کە گرنگە پەیڕەو بکرێت بۆ نەھێشتنی کەم خەوی و باشکردنی ناڕێکی خەو لەو نەخۆشانەی ئازاری بەردەوامیان ھەیە .

 

ڕێنماییەکان:

١-پەیڕەوکردنی ھەندێک عادەت و خۆ دوورخستنەوە لە ھەندێکی تر، زۆرێک ھەیە لەو کردارانەی کە کاریگەریان ھەیە لەسەر نووستن، ھەندێکیش وا لە لەش دەکات کە تێبگەین ئیتر کاتی خەوەو خۆمان ئامادە کەین بۆ نووستن، ھەندێک لەو کردارانەی ئەبێت خۆمان بە دوور بگرین لێی ئەمانەن:

 

- دوورکەوتنەوە لەوخواردنەوانەی کە ماددەی کافایینی تیادایە وەک: چا ، قاوە ، بیبسی و خواردنەوە گازییەکان بۆ ماوەی ٦ کاتژێمر پێش خەوتن.

 

- دوورکەوتنەوە لە وەرزش ٤-٦ کاتژمێر پێش کاتی خەو، چونکە یارمەتی ھۆشیار کردنەوەی لەش دەدات، کە کاتی پێویستە ھەتا وات لێ بێتەوە بخەویت.

 

- دوورکەوتنەوە لەخواردنی زۆر یاخود خواردنی خواردەمەنی تون و پڕ بەھارات نزیک کاتی خەوتن، ئەمانە ھەمووی کاتی ئەوێت بۆ ھەرس کردن.

 

-دوورکەوتنەوە لەبەکارھێنانی ماددە کحولیەکان و یان ئەوانەی نیکۆتینیان تیادایە وەکو جگەرە کەتوشی کەم خەویمان دەکەن.

 

بەھەمان شێوە ھەندێک کردار ھەیە کە کردنیان دەبێتە ھۆی ڕێکخستنی خەو وەک:

- ئەنجامدانی وەرزش لە بەیانیان زوودا ، دەبێتە ھۆی زوو خەوتن لە شەودا.

-خۆشتن یاخود شاوەر بە ئاوی گەرم لە ئێواراندا دەبێتە ھۆی خاو کردنەوەی ماسولکەکان و زوو خەوتن لە شەودا.

 

-خۆ کێشانەوەو ڕاکێشانی ماسولکەکانی لەش بۆ ماوەی ٣-٥ خولەک پێش نووستن یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان و جومگەکان دەدات.

 

- خواردنەوەی شلەمەنی گەرم کە ماددەی کافایینی تیادا نەبێت کاتژمێرێک پێش خەوتن یارمەتی زوو خەوتن دەدات وەک: شیری گەرم ، چای ڕووەکی .

 

-لەھەمان کاتدا ڕێکخستنی خەو بە جۆرێک ھەموو ڕۆژێک لەھەمان کاتدا بچیتە ناو جێگاو لەھەمان کاتدا ھەڵسیت، یارمەتی ڕێکخستنی خەو دەدات و شەونخوونی کەم دەکاتەوە .

 

-٢ بەکارھێنانی تەکنیکی دەروونی بۆ کەم کردنەوەی ئازار لە کاتی پێش خەودا:

- ھیپنۆسیس (hypnosis) ئەویش بە بەکارھێنانی ھەندێ ڕێگا بۆ ئارام کردنەوەو لەبیرکردنی ئازار ، وەکو کوژاندنەوەی گڵۆپ، داخستنی دەرگاو پەنجەرە، دروست کردنی کەشێکی بێ دەنگ.

 

- بینینی ھەندێک دیمەنی ئارام کەرەوە پێش نووستن بۆ نموونە: سەیرکردنی ئاسمان و ئەستێرەکان ، سەیرکردنی ھەور لە ئاسماندا، ئەم جۆرە دیمەنانە توێژینەوەیان لەسەرە کە بینینیان دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی ئەو سترێس و بێزارییەی لە ڕۆژدا بە ھۆی کار و ژیانەوە تووشی دەبین.

 

- میدیتەیشن و یۆگا: ئەمانە ھەمووی ڕێگان بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان و ئارام کردنەوەی بیرو ھۆش، و نەھێشتنی ستریس و بێزاری.

 

- دانانی تیانووسی بیرەوەری، بۆ نوسینەوەی سترێس و بێزاریەکانت چەند کاتژمێرێک پێش نووستن، بۆ ماوەی ١٠-١٥ خولەک و بەجێھێشتنی ئەو ژوورەی کە تیایدا دەنووسی بۆ سەر جێگای خەوتنت، ھەر جارێکیش بە بیرت ھاتەوە دەبێت خۆت دڵنیاکەیت کە بەیانی کاتی تەواوت ھەیە بۆ بیرکردنەوە لێی.

 

٣-دروستکردنی کەشێک بۆ خەوتنێکی ئارام :

- بەکارھێنانی پێخەف و دۆشەک و سەرینی گونجاو، دانانی سەرین لەنێو ئەژنۆکاندا لەکاتێکدا لەسەر لا دەخەویت زۆر یارمەتی خاووبوونەوەی ماسولکەکان دەدات.

 

- بەکارھێنانی دۆشەکی تەندروست کە نەزۆر ڕەق بێت نەزۆر نەرم.

 

- کۆنتڕۆڵ کردنی ڕووناکی و دەنگ بۆ ئارام بوونەوەو نەھێشتنی کەم خەوی، ھەندێک جار موسیقایەکی ئارام لەوانەیە یارمەتی زوو خەوتن بدات .

 

- دورخستنەوەی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان و کوژاندنەوەیان و لابردنیان لەو ژوورەی کە لێیدەخەویت.

 

٤-بەکارھێنانی دەرمان: ھەندێک جار پزیشک ناچار دەبێت ھەندێک دەرمان بەکاربھێنێت بۆ یامەتیدانی نەخۆشەکە بۆ خەوتن، نەخۆش بێ ڕێنمایی پزیشک بە ھیچ جۆرێک نابێت بەکاریان بهێنێت.

 

ھەمیشە ئازاری پشت ڕێگە لە زوو خەوتن دەگرێت و دەبێتە ھۆی شەونخوونی و کەم خەوی بۆیە باشترە ھەمیشە ئەو ڕێنماییانە پەیڕەو بکەین کە دەبنە ھۆی کەمکردنەوەی ئازار.