فۆلیک ئەسید، گرنگە بۆ تەندروستی کۆرپەلە
خواردنی فۆلیک ئەسید گرنگە بۆ ژن و کۆرپەلە، بەڵام زیادەڕەوی کردن لە خواردنیدا زیانیان پێدەگەیەنێت.
ناوەندی هەواڵ
فۆلیک ئەسید یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ڤیتامین Bییەکان، بە چارەسەرێکی زۆر گرنگ دادەنرێت کە چاندەها کرداری گرنگی لەش بەجێدەگەیەنێت، ترشی فۆلیک بە شێوەیەکی گشتی بە شێوەیەکی سروشتی دروست نابێت لە جەستەی مرۆڤدا، بۆیە دەبێت لە خۆراکە بەهێزکراوەکاندا وەک سەوزە، میوەکان، فاسۆلیا، نۆک، گوێز، برنج، مەعکەرۆنی، نان و هەندێک دانەوێڵەی بەیانیان بخورێت.
فۆلیک ئەسید و گرنگییەکانی لە جەستەی مرۆڤدا:
لە دابەشکردنی خانە و خرۆکە سوورەکانی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، مێتابۆلیزمی دروستبوونی فۆلیک ئەسید جگەر دروستی دەکات، یارمەتی جەستە دەدات بۆ دروست بوون و پاراستنی خانە نوێیەکانی جەستە، یارمەتی جەستە دەدات بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانکاریەکانی DNA کە هەندێک جار بەهۆی گۆڕانکاری DNA کەسەکە تووشی شێرپەنجە دەبێت، دڵ بە تەندروستی دەهێڵێتەوە، چارەسەری سروشتی خەمۆکییە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و توشبوون بە نەخۆشی قۆڵۆن کەمدەکاتەوە.
فۆلیک ئەسید گرنگییەکی زۆری بۆ جەستەی ژنان هەیە وەک:
-بۆ بەهێزکردن و درێژبوونی گەشەی قژ و نینۆک زۆر بەسوودە.
-ئەو ژنانەی کێشی لەشیان دادەبەزێنن، پێویستە ڕۆژانە (کوپێک شیر) بخۆنەوە کە یارمەتیدەرە بۆ دەستکەوتنی بڕێکی باشی فۆلیک ئەسید.
-لەکاتی سووڕی مانگانە ژنان پێویستیان بە فۆلیک ئەسید هەیە، چونکە پارێزگاری دەکات لە خوێنبەربوون و درێژبوونەوەی ماوەی سووڕی مانگانە.
-زۆربەی کات ژنان تووشی خاڵ و لەکەی سەرپێست دەبن یاخود توشی کێشەی گۆڕانی پێست، یان ئەو ژنانەی دەکەونە تەمەنەوە خاڵ لەسەر ڕووخساریان دروست دەبێت، فۆلیک ئەسید یارمەتی دەدات لە چارەسەرکردنی کێسەکانی پێست.
-بۆ ئەو ژنانەی کە دووچاری دابەزینی فشاری خوێن دەبن (زەخت دابەزین) فۆلیک ئەسید بە چارەسەرێکی گونجاو دادەنرێت.
-ئەو ژنانەی کێشەی لەبارچوونی منداڵیان هەیە دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ بەرگری کردن لە بوونی پێشوەختەی منداڵ.
-بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە ئەنجامدراون ژن مانگێک پێش ئەوەی دووگیان بێت، دەبێت ڕێژەی تەواوی ترشی فۆلیک بخوات، لەسەر بەکارھێنانیشی بەردەوام بێت، تاوەکو چوار ھەفتەی سەرەتای دووگیانی.
-فۆلیک ئەسید یارمەتی ژنی دووگیان دەدات کە منداڵەکەی بە سروشتی لە دایک ببێت.
-فۆلیک ئەسید یارمەتی دایک دەدات بۆ پاراستنی کۆرپەلە لەو کەمووکوریانەی لە کۆئەندامی هەستە دەماردا دروست دەبن بەتایبەتی بۆ بڕبڕەی پشت و مێشکی کۆرپەکە.
-کۆرپەلە دەپارێزێت لە توشبوون بە ئۆتیزم.
هەرچەندە فۆلیک ئەسید سوودەکانی ئێجگار زۆرن، بەڵام زیادەڕەویکردن لە خواردنیدا دەبێتە هۆی زیان گەیەندن بە جەستەی مرۆڤ، وەک توشبوون بە سکچوون، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، ڕشانەوە، کاردانەوەی پێست و دەربڕینی توڕەیی، بۆیە دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا بڕی پێویست بخورێت.