خواردنی نیسک مەترسی لەسەر دڵ و خوێنبەرەکان کەم دەکاتەوە

خواردنی نیسک سودێکی زۆر بە لەش دەگەیەنێت بە مەرجێک زیادەڕەوی نەکرێت لە خواردنیدا.

ناوەندی هەواڵ

 

نیسک یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆری خواردنە پاقلەمەنییەکان، بڕێکی زۆر کانزا و پرۆتینی تێدایە و باشترین خۆراکە بۆ وەرزی زستان، چونکە گەرمی بە لەش دەبەخشێت و تامێکی خۆشی هەیە و سوودێکی زۆر بە لەش دەگەیەنێت.

 

سوودەکانی خواردنی نیسک

بەهۆی هەبوونی پێکهاتەی ڕیشاڵی لە نیسکدا یارمەتی کەمکردنەوەی کۆلسترۆڵی خوێن دەدات و دڵ و خوێنبەرەکان لە نەخۆشی دەپارێزێت، نیسک کاربۆهیدراتی تێدایە کە دەبێتە هۆی باشتر کردنی کرداری هەرس و ئاستی شەکری خوێن ڕادەگرێت، چارەسەری قەبزی دەکات و ناهێڵێت کێش زیاد بکات چونکە لە کاتی خواردنیدا هەست بە تێری دەکرێت.

 

مەترسیەکانی شێرپەنجەی مەمک کەم دەکاتەوە چونکە ماددەی فلاونیسی تێدایە و دژە ئۆکسانە، ترشی فۆلیک و مەگنسیۆمی تێدایە و ماددەی هوموسیستین کەم دەکاتەوە، کە مادەیەکە مەترسیدارە بۆ دڵ و خوێنبەرەکان، لە هەمانکاتدا مەگنسیۆن خوێن چالاک دەکات و ئۆکسجین دەدات بە لەش.

 

بڕێکی زۆر ئاسنی تێدایە کە لەش پێویستی پێیەتی بۆ هیمۆگلۆبینی خوێن، نیسک پۆتاسیۆم و ڤیتامینەکانی تێدایە، بە تایبەت ڤیتامینB3 کە ڕۆڵیکی گرنگ و کاریگەری هەیە لەسەر مێشک، خواردنی نیسک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی نەخۆشیەکانی زەهایمەر و بەهێزکردنی ئاستی بینین، دژی نەخۆشیەکانی ئێسک و شەکرەیە و بەرگری لەش بەهێز دەکات.

 

زیانەکانی زۆر خواردنی نیسک

نیسک لە پاڵ سوودەکانیدا، زۆر خواردنی زیانی هەیە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بینایی لە چاوەکاندا، بۆ گورچیلە و کۆڵۆن خراپە، بۆ ئەو کەسانەی گەدە و ڕۆخۆڵەیان کێشەی هەیە باشتر وایە نەیخۆن، هەروەها لە سوڕی مانگانەدا کێشە دروستدەکات.