خواردنەوەی قاوە ڕۆژانە مەترسی مردنی پێشوەختە کەم دەکاتەوە

خواردنەوەی قاوە کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە کەم دەکاتەوە و چەند سوودێکی تری هەیە، لە پاڵ ئەوەدا زیادەڕەوی لە بەکارهێنانیدا زیان بە جەستە دەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

داری قاوە، دارێکی هەمیشە سەوزی بەتەمەنە، گەڵاکانی شێوە هێلکەیین و گوڵەکانی ڕەنگ سپی بۆن خۆشن، لە ناوچە ئیستیواییەکان کە کەشوهەوایان گەرم و شێدارە دەڕوێت، بەرزی داری قاوە لە ٦-٩ مەتر بەرز دەبێت و دوای چاندنی ٦-٨ ساڵ بەردەگرێت.

 

قاوە وەکو گێلاس گۆشتنە و هەر دانەیەک دوو تۆوی ڕەش یان قاوەیی تێدایە، یەکێکە لە بڵاوترین خواردنەوەکانە لە جیهاندا، زیاتر لە ٣٠ جۆر قاوە هەیە و قاوەی عەرەبی بەناوبانگترینیانە.

 

سوودەکانی قاوە خواردنەوە

خواردنەوەی قاوە چەندین سوودی گرنگی هەیە وەک، یارمەتی ڕێکخستنی دەرون دەدات، ئەو کەسانەی قاوە دەخۆنەوە لە نەخۆشی شەکرە پارێزراون، دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی ئازاری لەش و بەهێزکردنی ماسولکەکان و ماندویەتی ناهێڵێت، دڵ دەپارێزێت لە لاواز بوون، دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی سەرئێشە، ڕێگری دەکات لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە و کەم کردنەوەی مەترسیەکانی شێرپەنجە لە پیاواندا، کێشی لەش ڕێکدەخات، مێشک بە تەندروستی دەهێڵێتەوە و بۆ وەرزشوانان گرنگە.

 

زیانەکانی قاوە خواردنەوە

خواردنەوەی قاوە سوودێکی زۆری هەیە بۆ جەستە، بەڵام زیادەڕەوی لە خواردنەوەیدا زیان بەجەستە دەگەیەنێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و سەرئێشە، دەبێتە مادەیەکی ژەهراوی و کۆئەندامی دەمار دەهەژێنێت، دەبێتە هۆی کەم خەوی، شێواوی لە قسەکردندا، خێرا لێدانی دڵ، دڵ تێکەڵ هاتن، زۆر میزکردن، لەرزین و گرژی ماسولکەکان.